"پێویستە سزای ئەو کەسانە بدرێت ژینگە پیس دەکەن"

پیسبوونی ژینگەی بەرۆکی جیهانی گرتووە، بە تایبەتی لەو وڵاتانەی هۆشیاری تاکی تیادا نییە و یاساکانی تایبەت بە ژینگە جێبەجێ ناکرێت، مامۆستایەکیش دەڵێت: نەبوونی سزا بۆ ئەو کەسانەی ژینگە پیس دەکەن ژینگەی بەرەو دۆخێکی خراپ بردووە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی-ژینگە بۆ هەموو وڵاتیک ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە دابینکردنی ژیانێکی تەندروست، بەڵام لەم ساڵانەی دوایدا بەهۆی زیاد بەکارهێنانی مادەە زیانبەخشەکان و کەمتەرخەمی بەشێک لە هاوڵاتیان ژینگە بە شێوەیەکی بەرچاو تووشی پیس بوون بووە، هەر بۆیە ٥ی حوزەیرانی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانی ژینگە ناسراوە و ئەم ڕۆژە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاریکراوە، ساڵانەش ١٢٥ وڵات ئەم یادە بە ئەنجامدانی کۆمەڵیک چالاکی هۆشیاری دەکەنەوە.

 

"پاراستنی ژینگە ئەرکی هەموو تاکێکە"

شاگوڵ ئەبوبەکر، مامۆستا و توێژەر لە دەستەی کوردستانی ئاماژەی بەوەکرد، ٥ی حوزەیرانی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانی ژینگە ناسراوە و ئەمساڵیش ٥٠ەمین ساڵە ئەو یادە دەکەینەوە، هەموو ساڵێک دروشمێک هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە ژینگەییەکان و ئەمساڵیش دروشمی "چارەسەرکردنی پیسبوونە ژینگەیەکان بەهۆی ماددە پلاستیکییەکان" کاری لەسەر دەکرێت، ژینگەی هەرێمی کوردستانیش پێویستی بە هاوکاری هەموو دامودەزگاکان و هەموو تاکێک هەیە، هەرێمی کوردستان لە چاو ساڵانی ڕابردوودا پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە بینیوە و بەشداری کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان دەکات دەربارەی ژینگە.

 

"پابەندبوون بە یاسا ژینگەییەکان کێشە ژینگەیەکان چارەسەر دەکات"

شاگوڵ ئەبوبەکر ڕوونی کردەوە، بەشێک لە هاوڵاتیان هۆشیاریان نییە لە پاک ڕاگرتنی ژینگە و هەست بە بەرپرسیارێتی کردن بەرامبەر ژینگەکەی، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ توانای تاک خۆی کە تا چەند پەیوەستە بەو بوارەوە و گرنگی پێدەدات، هەروەها دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بابەتی ژینگەیی نەخراوەتە ناو پرۆگرامەکانی خوێندنەوە و باسی گرنگیەکەی نەکراوە، بۆیە دەبێت بە شێوەیەک تاکەکان هۆشیار بکرێنەوە کە خۆیان چالاکی ئەنجام بدەن و بەرکەوتنیان هەبێت لەگەڵ ژینگەدا، وتیشی: بەداخەوە هاوڵاتیان دەستێکی گەورەیان هەیە لە پیسبوونی ژینگە چی لە کاتی بۆنەکاندا یان ڕۆژانی ئاسایی بێت، لە کاتێکدا لە ڕۆژی جیهانی ژینگەدا پێوسیتە لەو قۆناغە دەرچووبین کە باس لە فڕێدانی پاشەڕۆ بکەین، بەڵکو دەبێت لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەماندا ڕەنگ بداتەوە یان ئەو کارانەی ئەنجامی دەدەین، وە هەر کۆمپانیایەک پابەند بێت بە یاسا ژینگەیەکان ئەوە کێشە ژینگەییەکان تا ڕادەیەکی باش چارەسەر دەبن.

 

"یاسا جێبەجێ ناکرێت بەرامبەر ئەو کەسانەی ژینگە پیس دەکەن"

شاگوڵ ئەبوبەکر ئەوەشی خستەڕوو، ڕاگەیاندنەکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بۆ پاراستنی ژینگە، چونکە داخوازی ئێمە زۆر زیاترە لە هۆشیاریانەی ئێستا بڵاو دەکرێتەوە، تا تەنها لە فڕێدانی خاشاکدا خۆی نەبینێتەوە، هەروەها دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگە دەبێت ئەرکی بڵاوکردنەوەی ڕێنمایی و هۆشیاری لە ئەستۆ بگرێت.

 

هەروەها وتیشی: ئێمە یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠٠٨مان هەیە کە لە ناو وەزارەتی ژینگەی هەرێمی کوردستاندا جێگیر کراوە، دەبێت لایەنەکانی ناو حکومەت و دەرەوەی حکومەتیش پابەند بن بەم یاسایەوە، چونکە هەبوونی یاسا و سزایەک بەرامبەر ئەو کەسانەی وەکو تاک یان وەکو خاوەن کار ژینگە پیس دەکەن گرنگە، یاسای ژمارە ٨ کۆمەڵێک بڕگە و ماددەی گرنگی تیادایە کە پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە، جێبەجێ نەکردنی ئەم یاسایەش وایکردووە بە ئاسانی پیسبوونی ژینگە لەلایەن خەڵکەوە ڕووبدات.

 

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا، پێویستە هەموو تاکێک چۆن ماڵی خۆی پاک ڕادەگرێت بەوشێوەیەش ژینگە پاک ڕابگرێت، هیودارام لە ساڵی داهاتوودا تاکەکانمان ئەوەندە هۆشیاریان هەبێت کە باس لە پاک ڕاگرتنی ژینگە نەکەین، بەڵکو باسی ئەو کێشانە بکەین کە ڕووبەڕووی وڵاتەکەمان دەبێتەوە لە ڕووی کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاویەکان و دیاردەی بە بیابانبوون.