"هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ئامانجی لەناوبردنی کورد و ژینگەی کوردستانە"
هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و چالاکوانێکی ژینگەییش دەڵێت" لە ڕێگەی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر گوندنشینان نزیکەی ٦٠٠ گوند چۆڵکراون، پاشان لە ڕێگەی بڕینەوەی دار و بۆمب بارانکردنی ناوچەکانەوە ژینگە لەناودەچێت.
![](https://jinhaagency1.com/uploads/so/articles/2025/01/20250130-photo-2024-07-07-10-02-52-jpgdf1348-image.jpg)
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- جیهان بەدەست پیسبوونی ژینگەوە دەناڵێنن، هەرێمی کوردستان و عێراقیش بێبەشنین لە پیسبوونی ژینگەی ناوچەکە و عێراق لە پلەی شەشەمی پیسترین شارەکانی جیهاندایە، دەستی سیاسی لە پیسبوونی ژینگەی کوردستان و عێراقدا بوونی هەیە، بەردەوام هێرشە جەنگییەکان لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەر و سیخوڕانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر پیسبوونی ژینگە دەبێت. دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ڕێگەی هێرشە ئاسمانییەکان و بۆردوومانکردنەوە بەردەوام هەوڵی لە ناوبردنی ژینگەی کوردستان دەدات، بە تایبەت لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، لە چیاکاندا دار و درەختەکان دەبڕنەوە و ڕەز و باخەکان بۆردوومان دەکەن و گوندنشینان لە زێدی خۆیان هەڵدەکەنن، تا نەتوانن بەردەوام بن لە کاری کشتوکاڵی و بژێوی ژیانیان دابین بکەن، پاشان لە ڕێگەی درۆنەوە ژینگە و هەوای کوردستان پیس دەکرێت، کە دەبێتە هۆکاری توشبوون بە نەخۆشیە شێرپەنجەییەکان.
جێی ئاماژەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا زەنگی مەترسیدار بۆ توشبوون بە شێرپەنجەی سیەکان و خوێن لێدراوە، بۆیە پێویستە لە ڕێگەی هۆشیاری تاکەوە ڕێگری لە هێرشەکانی داگیرکەر بۆ سەر سروشتی کوردستان بکرێت.
"دوژمنانی کورد لە ڕێگەی هێرشکردنە سەر گوندەکانەوە هەوڵی لەناوبردنی کورد دەدەن"
یەریڤان شاسوار، ژینگەپارێز، باس لەوە دەکات، پیسبوونە ژینگەیەکان پرسێکی جیهانییە، جیهان بەدەست پێسکەرە ژینگەیەکانەوە دەناڵێنێت، تەواوی وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان ڕووبەڕووی زیانێکی زۆری ژینگەی دەبنەوە، عێراق لە ناویاندا ڕیزبەندی سەرەکی دەگرێت، دەشڵێت: لە ناوچوونی فرە زیندەی و تێکچوونی ئیکۆ سیستمی ژینگەیە بووەتە هۆکاری تێکچوونی ژینگە و زیادبوونی نەخۆشیە مەترسیدارەکان، لە ناویاندا شاری هەولێر بە پیسترین شارەکانی هەرێمی کوردستان دادەندرێت، کە دەسەڵاتداران لەو ناوچانەدا کارێکیان بۆ پاراستی ژینگەی ناوچەکە نەکردووە، هەبوونی ئەو کارەساتە ژینگەیە پێویستی بە کارکردنێکی گەورە هەیە تا بتوانین زیانەکانی پیسبوونی ژینگە کەم بکەینەوە.
ئەو ژینگەپارێزە باسی لەوەکرد، سەرەڕای پیسبوونە ژینگەیەکان دەوڵەتانی دراوسێ بۆ سڕینەوەی شوناسی کورد، دەست بۆ ژینگەی کوردستان دەبەن، لە ڕێگەی هێرشە درۆنییەکان و بڕینەوە و سووتانی دارەکان ژینگەی کوردستان لەناو دەبات، لەو بارەیەوە وتی: دەوڵەتانی داگیرکەر کاتێک ناتوانن کورد و مێژووەکەی لەسەر نەخشە بسڕنەوە، پەنا بۆ لە ناوبردنی ژینگەی ناوچەکەیان دەدەن، لە ڕێگەی سووتان و بڕینەوەی دارەکان، دەرکردن و ڕووخانی گوندەکان و هێرشە درۆنییەکان هاوڵاتیان ناچار دەکەن گوند و زێدی خۆیان چۆڵ بکەن، کە ئەمەش هۆکارە بۆ لەناوچوونی بەرهەمی خۆماڵی و هەلی کار، هەروەها ئاماری چۆڵکردنی گوندەکانی دەوروبەری شاری سۆران و ئەو ناوچانەی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆردوومانکراوە، باس لەوە دەکەن کە نزیکەی ٦٠٠ گوند چۆڵکراوە، ڕاگواستنی کوردەکان لە گوندەکانیان ڕێگری لە هەبوونی بەرهەمی خۆماڵی و نەبوونی هەلی کار لەناو گوندەکاندا دەکات. بڕینەوەی دارەکان و سووتاندنیان، تەقاندنەوەی شاخەکانی کوردستان، ئامانجی لەناوبردنی تاک بە تاکی کوردە لە هەر جێگەیەکی کوردستاندا بن و دەبێتە هۆکاری ئیکۆسیستمی ژینگەی ناوچەکان.
"لە ڕێگەی تەقاندنەوەی بەنداوی تشرینەوە دەیانەوێت ئەو ژینگەیەی کورد تێیدا دەژی لەناوبەرن"
یەریڤان شاسوار، ئاماژەی بەوەدا، لە تەواوی پارچەکانی کوردستان دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ڕێگەی درۆنەکانییەوە، سروشت و هەوای کوردنشینان تێکدەدات، لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بەهۆی جوڵە سەربازیەکانەوە بەردەوام پیسبوونی ئیکۆسیستم دێتە ئاراوە، دەشڵێت: هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان کاریگەری لەسەر تێکچوونی ژینگەی ناوچەکە دەکات، لە ئێستادا لە ڕێگەی هێرشە درۆنییەکانەوە ئامانجان لەناوبردنی بەنداوی تشرینە، کە بەنداوی تشرین سامانێکی گرنگی ژیانکردنی هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستانە، هەروەها بڕینەوە و سووتاندنی دارەکان لە ڕۆژئاوادا شێوازێکی دیکەی لەناوبردنی ژینگەی ناوچەکەیە، کە دەبێتە هۆی تێکچوونی فرەزیندەییەکان، دەبینین باڵندە و گیاندارە دەگمەنەکان بەردەوام ڕوو لە لەناوچوون دەکەن، پاشان لە ڕێگەی هێرشە ئاسمانییەکانەوە ئاو و هەوای ناوچەکان ڕوو لە پیسبوون دەکات، کاتێک هەوا پیسدەبێت تەواوی ژینگەی ناوچەکانی دەوروبەری پیس دەکات، پاشان لە ڕێگەی سوڕی ژیانکردنەوە تێکەڵ بە ئاو دەبێت، بەڵام لە باشووری کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە خاکەکەمان پێشکەش بە داگیرکەران دەکرێت.
ئەو ژینگەپارێزە باسی لەوەشکرد، هێرشە جەنگییەکان و بردنی چەندین تانک و تۆپ هۆکاری پیسبوون و شیبوونەوەی خاکی ناوچەکەیە، وتیشی: هەر مرۆڤێکی ئاسایی ١٥ بۆ ٣٠ مەتر سێجا هەوای بۆ ژیانکردن دەوێت، هەڵمژینی ئەو هەوا پیسە لە ماوەی کەمتر لە ٥ ساڵدا هاوڵاتیانی ناوچەکە ڕووبەڕووی تەنگەنەفەسی و کێشەی سییەکان و توشبوون بە شێرپەنجەی خوێن و سییەکان دەکاتەوە، لە ئێستادا عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام هۆشداری بۆ هاوڵاتیان لە بارەی توشبوون بە شێرپەنجە بڵاو دەکاتەوە، لە ئێستادا عێراق لە ڕیزبەندی پیسترین و زۆرترین توشبوون بە شێرپەنجە دایە و بە دەست شێرپەنجەی پێست، شێرپەنجەی سییەکان و شێرپەنجەی خوێن دەناڵێنن، هەروەها بەشێکی زۆر لە پزیشکان باس لەوە دەکەن هۆکاری زیابوونی تووشبووی شێرپەنجە بۆ پیسبوونی هەوای هەرێمی کوردستان دەگەڕێننەوە، هەروەها لە ڕێگەی هێنانی بەرهەمە تورکییەکانەوە کۆمەڵگە تووشی نەخۆشی دەکەن، تێکڕژانێکی زۆری بەرهەمە تورکی و ئێرانییەکان بووەتە هۆکارێکی دیکەی توشبوون بە شێرپەنجە و لە ناوبردنی گەلی کورد، بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابووری هاوڵاتیان بەردەوام ڕوودەکەنە پێداویستییە تورکییەکان چونکە هەرزانن، پاشان نەبوون و کەمبوونەوەی گوندنشینان لە گوندەکان تا بەرهەمی خۆماڵی لە بازارەکاندا بۆ هاوڵاتیان دابین بکرێت، هۆکاری دیکەی تووشبوونە بە نەخۆشی.
ئەو ژینگەپارێزە لە کۆتاییدا وتی: لایەن و دەسەڵاتدارانی کورد هیچ کارێک بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو بارودۆخەی بەسەر ژینگەی ناوچەکەدا هاتووە ناکات، پێویستە هاوڵاتیان هۆشیاری فکریان لە بەرامبەر سیاسەتی کوشتنی کورد بە دەستی داگیرکەرانی دەوڵەتی تورکیا هەبێت، هەروەها جوتیاران و هاوڵاتیان بەردەوامبن لە ڕێگەی بەرەوپێشبردن و جوتیاری کردنەوە هەوڵی زیندووکردنەوەی بەرهەمە خۆماڵییەکان بدەن، ئێمەی تاک پاراستنی خۆمان لە ئەستۆی خۆمانە، ئێمە لە ڕێگەی ئینتیمای نەتەوەیەوە گرنگی بە سەرکەوتن و پاراستنی کوردبوونی خۆمان بدەین، دەوڵەتانی داگیرکەر هەوڵی سڕینەوەی کورد لەسەر زەوی دەدەن، ئێمە دەبێت خۆمان بپارێزین.