ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی ئامەد؛ دەیان هێکتار زەوی بوون بە خۆڵەمێش

ئۆزلەم یایلیک یەکێکە لە ژنانی گوندی کوم، باسی لەوە ساتی کەوتنەوەی ئاگرەکە کرد، کە بە ئەستەم توانیوویانە ڕزگاریان بێت، سەرجەم دارەکان بوونە خۆڵەمێش و زۆر درەنگ دەستوەردان کراوە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- سەربازانی تورکیا بەردەوامن لە سووتاندنی دارستانەکان لە زۆرێک لە شارەکانی باکووری کوردستان، بە بیانووی پێکدادان، دوایینیان ئاگرکەوتنەوە ١٣ی ئاب لە ناوچەی لیجەی شاری ئامەد بوو، کە دەیان هێکتار زەوی بوون بە خۆڵەمێش و هەموو گوندەکانی کوم و عەنتاب و بامەتنی گرتەوە، کە هۆکارەکەی تا ئێستا نەزانراوە.

 

ئاگرەکە بە درێژایی ڕۆژ بەردەوام بوو، لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە کوژێنرایەوە، هەروەها دوو خانووی ناو دارستانەکە بە تەواوی سووتان و شیاوی نیشتەجێبوون نین، ئەمەش سێیەمین جارە لەم هاوینەدا هەمان ناوچە ڕووبەڕووی ئاگرکەوتنەوە دەبێتەوە.

 

ئۆزلەم یایلیک، یەکێک لە ژنانی گوندی کۆم (کۆم ئەڤلەری) باسی لەوە کرد کە ئاگرەکە گەیشووەتە ماڵەکان و بە درێژایی ڕۆژ لە دڵەڕاوکێ و سترێسدا بوون، دەشڵێت: ئەم دارستانە سێ جار سووتاوە، پێشتر ئاومان دەڕژاند بەسەر ماڵەکانماندا بۆ ئەوەی ئاگرەکە نەگاتە دەرگای ماڵەکە، بەڵام زۆری نەخایاند بەهۆی گەرماوە وشک بووەوە و ئێمە و منداڵەکان زۆر ترساین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "هیچ دەستێوەردانێکی ئاسمانی نەبووە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک، یەک ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە هات، ئایا یەک ئاگرکوژێنەوە دەتوانێت ئەم هەموو ڕووبەرە گەورەیەی ئاگرەکە بکوژێنێتەوە؟ ئاگرەکە پێویستی بە لانیکەم پێنج ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە هەبوو، بەڵام تەنها یەک دانە هات، کەس نەهاتە ئێرە بۆ یارمەتیدان، ئێمە خۆمان ئاگرەکەمان کوژاندەوە، دەوڵەت بوونی نییە، خەڵک بە هەوڵی خۆیان ئەم ئاگرە دەکوژێننەوە، سەدان بوونەوەری زیندوو لەم دارستانە وێرانەدا کوژران.

 

دەوڵەت سیاسەتی چۆڵکردنی ناوچەکە بەڕێوە دەبات

گوڵستان باران، چالاکوانی ژینگەپارێز، بۆ ئەنجامدانی پشکنین چووە ئەو گوندەی کە ئاگرەکەی لێ کەوتەوە، ئاماژەی بەوەدا کە سەلامەتی خەڵکی گوندەکە لە مەترسیدایە، بەڵام هیچ ڕێوشوێنێکی خۆپارێزی بۆ ئەوە نەگیراوەتە بەر.

 

دووپاتیشی کردەوە، بە ڕێکەوت نەبووە کە لە ماوەی یەک مانگدا سێ ئاگر لە یەک ناوچە کەوتەوە، " ئاگرەکە کاتژمێر ١٠ی بەیانی لە گوندەکە کەوتەوە و تا کاتژمێر هەشتی ئێوارە بەردەوام بووە، خەڵکی گوندەکە بە توانای خۆیان ئاگرەکەیان کوژاندەوە، تیمی ئاگرکوژێنەوە کە هاتبوونە گوندەکە ڕشێنیان دەکرد بەو شوێنانەدا کە سووتاوە، نەک بەسەر ئاگرەکەدا، لەبەر ئەم هۆکارە ئاگرەکە فراوانتر دەبوو، ئەم درەنگ کەوتنەی تیمەکەش هۆکارەکانی تەشەنە سەندنی ئاگرەکەیە، بڵاوبوونەوەی ئاگر لەم ناوچەیە سێ جار لە ماوەی یەک مانگدا بێ ئامانج نییە، ئەمە لەپێناو ئاوارەبوونی خەڵکی ناوچەکە و دانیشتوانەکەیدا دەکرێت، تا زەوییەکانیان چۆڵ بکەن، تا چەند ئەم پراکتیزانە بەردەوام دەبن؟ دەوڵەت سیاسەتی جددی لەم بوارەدا جێبەجێ دەکات.

 

گوڵستان باران جەختی لە پێویستی بەپەلەی خەباتێکی ڕێکخراو و هەمەلایەنە لە دژی ئەو سیاسەتەی ئێستا کردەوە، "خەباتی ئێمە لە دژی ئەم عەقڵیەتە بەردەوام دەبێت، ئەگەر لە هەر شوێنێک نەمامێک بسووتێت، بەرپرسیارێتیەکەی تەنها لە ئەستۆی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە نییە، بەڵکو دەبێت بە بەرپرسیارێتی مرۆڤایەتی هەژمار بکرێت، ئەم خاکانە داهاتووی ئێمەن، و بۆ ئەوەی بگەین ئەمە پێویستمان بە خەباتێکی ڕێکخراوە.