چیاکانی ئەلب مەترسی گۆڕانی کەشوهەوا نیشان دەدن

گەشتێکی هێلیکۆپتەر بەسەر یەکێک لە بەرزاییەکانی ئەلب لە سویسرا چالاکیی ڕاستەقینەی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر زەوی نیشان دەدات کە چ مەترسییەکی دروستکردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی "سکای نیوز"ی بەریتانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، باس لەوەدەکات کە توانەوەی سەهۆڵبەندانێک لە بەرزاییەکانی ئەلب بە رێژەیەکی بێ وێنە، ئەو شتانەی دەرخستووە کە ماوەی هەزاران ساڵە لەژێر سەهۆڵبەنداندا نێژراون.

 

بەپێی ئەو وێنەیەی کە دەرکەوتووە، ژێر بەفر کەوتووەکەی چیای ئەلب فڕۆکەیەکی پیپەر چێرۆکییە کە لە ساڵی ١٩٦٨ لە سەهۆڵبەندانی ئالێش لە سویسرا کەوتە خوارەوە.

 

ئەم فڕۆکەیە زیاتر لە نیو سەدەیە بە شاراوەیی ماوەتەوە، دوای توانەوەی سەهۆڵ و بەفر لە هەندێک ناوچەی بەرزاییەکانی ئەلب لە سەرەتای مانگی ئابدا بەدەرکەوتووە، دۆمینیک نێلێن، ئەو ڕێبەرە سویسرییەی کە یاوەری تیمی سکای نیوزی کردووە، دەڵێت سەرەتا پێی وابوو کە وێرانبووی فڕۆکەکە تەنها پاشماوەی جانتایەکی کۆڵەپشتی شاخەوانەکان بێت، بەڵام کاتێک لێی نزیک بووەتەوە دەرکەوتووە کە پارچەی فڕۆکەکەیە.

 

پۆلیسی سویسرا ئاماژەی بەوەشکردووە، پاشماوەی سێ کەسی ناو فڕۆکەکەیان دۆزیوەتەوە، بەڵام توانای دەرهێنانی داروپەردووی فڕۆکەکەیان نییە لەم ناوچە شاخاوییەدا، هەروەها لە چەند مانگی ڕابردوودا، دەسەڵاتدارانی سویسرا دوو کۆمەڵەی جیاوازیان لە پاشماوەی مرۆڤی ئەو گەشتیارانە دۆزیەوە کە لە کاتی پەڕینەوە لە سەهۆڵبەندانەکان لێرە گیانیان لەدەستدا.

 

دەرکەوتنی داروپەردوو و پاشماوەی چەندین دەیە لە ژێر بەفردا بەڵگەیە لەسەر کاریگەرییە بەرچاوەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کە سەهۆڵی لە چیا سەهۆلییەکان و ناوچە جەمسەرییەکان تواندووەتەوە و کاریگەرییەکانی بۆ سەر هەموو جیهان لێکەوتەی دەبێت، سویسراش خاوەنی ١٤٠٠ سەهۆڵبەندان بووە، کە لە ماوەی کەمتر لە سەدەیەکدا نیوەی کۆی قەبارەی سەهۆڵبەندانەکانی لەدەستداوە.