چارەنووسی بەنداوەکان بەدەست بانگەشەی هەڵبژاردنەوە

هەر چوار ساڵ جارێک و لەگەڵ بانگەشەی هەڵبژاردن بەڵێنی دروستکردنی چەندین بەنداو بە هاوڵاتیانی باشوری کوردستان دەدرێت، بەڵام بەهۆی ناڕاستی بەڵێنەکان و نەبوونی بەنداوی پێویست و بە گرتنەوەی ئاو لەلایەن هەردوو دەوڵەتی تورک و ئێرانەوە هەرێمی کوردستان بە تینوێتی ماوەتەوە.

 

لاڤە کوردە

ناوەندی هەواڵ- کەمی ژمارەی بەنداوەکان لە باشوری کوردستان و بێخەمی لایەنی پەیوەندیدار بۆ گلدانەوەی ئاو، هەڕەشەیەکی بەردەوامە لەسەر سامانی ئاو، بە جۆرێک هەر ساڵێک باران کەم ببارێت ئەوا کەمئاویی ڕوو لە تەواوی ناوچەکانی هەرێم دەکات و لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی زستانی ڕابردوو وەک پێویست باران نەباری، زۆربەی کانیاوەکان وشکیان کردووە و ئاستی ئاوی هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخانیش بە ڕێژەیەک کەمی کردووە کە بەنداوی دەربەندیخان لە مێژووی دروستبوونیەوە کەمبوونی لەو شێوەیەی بەخۆوە نەبینیوە و ڕیکۆردی نزمترین ئاستی تۆمار کرد.

 

هەرێمی کوردستان خاوەنی ١٧ بەنداوە و ١٩ بەنداویشی بە ناتەواوکراوەیی هەیە، کە لەهەر بانگەشەی هەڵبژاردنێک بەڵێنی دروستکردنیان دراوە و دوای تەواوبوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن بە بیانووی قەیرانی دارایی دروستکردنیان ڕاگیراوە.

 

٢٦٠ شوێن بۆ دروستکردنی بەنداو هەیە

بەپێی توێژینەوەیەك، کە كۆمپانیای "ئەكوا پڕۆجێكت"ی رۆمانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەنداو و كۆگاكانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم ئەنجامیداوە، ئاشکرایکردووە کە دەتوانرێت نزیكەی ٢٦٠ بەنداوی نوێی بچووك و مامناوەند و گەورە بۆ گلدانەوەی ئاو لە باشوری کوردستان دروست بکرێت.

 

ئەگەر حکومەتی هەرێم کار لەسەر دروستکردنی بەنداو لەو ٢٦٠ شوێنە بکات، ئەوا لە کێشەی کەم ئاویی و شەڕی ئاوی وڵاتانی داگیرکەری دراوسێ ڕزگاری دەبێت، چونکە هەریەک لە دەوڵەتی تورک و ئێران بەدەر لە شەڕی سەربازیی، لە ڕێگەی ئاوەوە شەڕێکی تر دژ بە گەلی کورد دەکەن، هەر کاتێک ناکۆکی سیاسی دێتە ئاراوە ئەوا ئێران تەواوی بەشە ئاوی زێی بچوک دەگرێتەوە کە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دێتە باشووری کوردستان.

بەشی هەرە زۆری سەرچاوەی ئاوی زێی بچوک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە گرتنەوەی ئەو سەرچاوەیە زیانی گەورە بە ناوچەکانی پشدەر و بتوێن دەگەیەنێت و ڕووبەڕووی کەم ئاوی دەبنەوە، هەروەها دەوڵەتی تورکیاش بەهەمان شێوە بە دروستکردنی بەنداو لە وڵاتەکەی خۆیدا سیاسەتی تینوکردنی ڕۆژئاواو باشوری کوردستان جێبەجی دەکات.

 

باشوری کوردستان سیاسەتی ئیدارەدانی ئاوی نییە

لە باشوری کوردستان سیاسەتێکی تەندروستی ئیدارەدانی ئاو نیە، تەواو نەکردنی بەنداوی بێخمە بە نموونە کە چەندین ساڵە بە ناتەواوکراویی ماوەتەوە، ئەگەر بەنداوی بێخمە دروست بکرێت سەرچاوەی ئاوی دوا رۆژی عێراق ھەمووی دەکەوێتە دەست ھەرێمی کوردستان.

 

بەنداوی بێخمە لەسەر زێی بچوکە کە گەورەترین لقی دیجلەیە و ھەتا ئێستا لەناو خاکی تورکیاش ھیچ بەنداوێکی لەسەر دروست نەکراوە و بەرھەمی ساڵانەی "١٣" ملیار مەتر سێجا ئاو دەبێت، وابڕیار بوو پڕۆژەکە لە ساڵی ١٩٩٢ تەواو بکرایە، ئەگەر تەواو بکرایە هیچ بەنداوێک لە عێراق توانای گلدانەوەی ئەو بڕە ئاوەیان نەدەبوو، بەڵام وا ٢٩ ساڵ تێپەڕبووە و هیچ پلانێک بۆ دروستکردنی ئەو بەنداوە نییە.

 

ئێستا کە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پێشە و بۆ ئەو مەبەستە بانگەشە هەیە، حکومەتی هەرێم بانگەشە دەکات کە بڕی ٣٣ ملیار و ٤٠ ملیۆن دیناری تەرخانکردووە بۆ نزیکەی ١٥ بەنداو لە تەواو نەکراوەکان تا دروستیبکات، بەڵام ئەوەی پێشبینی دەکرێت دوای پڕۆسەی هەڵبژاردن دووبارە بەبیانووی بارودۆخ و قەیران دەستبەرداری دروستکردنی بەنداوەکان ببنەوە.

 

هەرێمی کوردستان هەرچەندە خاوەنی سامانێکی زۆری ئاوە، بەڵام وەکو هەموو لایەنەکانی دیکەی ئەم هەرێمە، نەتوانراوە سوود لەم سامانە گرنگە وەربگیرێت، هەربۆیە مەترسی کەمبوونەوەی تەواوەتی ئاو هەیە و ئەگەر لە داهاتوودا حکومەتی هەرێم، ئیدارەیەکی باش و حەکیمانە، بۆ سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان دانەنێت، ئەوا لە داهاتوودا دانیشتووانی باشوری کوردستان سەرەڕای مەترسی هێرش و داگیرکاری خاکەکەی، کەمئاوییش تەنگیان پێهەڵدەچنێت.

 

ت.پ