باخی گشتی سلێمانی؛ لە ئامێزی دارە بەتەمەنەکاندا وێستگەیەک بۆ ئارامی و دڵنیایی

باخی گشتی سلێمانی ٨٩ ساڵە بووەتە هاوڕێی تاک بە تاکی شارەکە، لەدوای نۆژەنکردنەوەی ئێستا لەلایەن دالیا عەلی، ئەندازیاری کشتوکاڵ سەرپەرشتی دەکرێت و لە هەوڵی زیاتر سەوزکردنی باخەکەدایەو داوای پاراستنی سروشتەکەی دەکات.

هێڤی سەڵاح

 

سلێمانی_ لە ناو جەنجاڵی ئۆتۆمبێل و تەلاری بەرزدا، هێشتا گۆشەیەک هەیە بۆنی سلێمانیی کۆنی لێ دێت، شوێنێک کە گەواهیدەری یەکەمین کۆڕە ئەدەبییەکان و پیاسە بێدەنگەکانی شاعیرانی شارە، ئەویش باخی گشتی سلێمانییە کە وەک ناسنامەیەکی زیندوو لە دڵی شاردا دەپارێزرێت و هەموو بەیانییەک ژیانێکی نوێ بە جەستەی سلێمانیدا دەکاتەوە.

 

مێژووی دروستکردنی باجی گشتی سلێمانی ئەم باخە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٧، لەسەر رووبەری ١٢ دۆنم زەوی کە دەکاتە ٣٠ هەزار مەتر چوارگۆشە بونیاد نرا لەو سەردەمەدا باخەکە گۆڕانکارییەکی گەورە بوو لە شێوازی ژیانی شارنشینی و بووە یەکەم پارکی گشتی بەو شێوازە مۆدێرنەی ئەو کاتە لە سلێمانیدا.

 

لە ئێستادا باخی گشتی وەک سیمایەکی گەشتیاری و کولتووری گرنگ ماوەتەوە و لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە شێوەیەکی سەردەمیانە نۆژەنکرایەوە و دەرگاکانی بە ڕووی هاوڵاتیاندا کرانەوە، درەختەکانی باخی گشتی وەک شایەتحاڵێکی زیندووی گەشەکردنی شاری سلێمانی دەبینرێن و هەندێکیان تەمەنیان لەگەڵ تەمەنی باخەکەدایە، دەوڵەمەندە بە درەختەکانی وەک سوورە چنار و دار توو کە بەشێکی دانەبڕاون لە سروشتی سلێمانی بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی تابلۆی زانیاری لەسەر چەند درەختێکی دیار داناوە کە تەمەنی هەندێکیان دەگاتە ٧٦ ساڵ و زیاتر و لە چوارچێوەی نوێکردنەوەکانی ساڵی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤دا هەوڵی زۆر دراوە بۆ پاراستنی ئەم درەختە بەتەمەنانە و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی.

 

"بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدام گوڵ و سەوزایی زیاد بکەین"

دالیا عەلی، لێپرسراوی باخی گشتی قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: لە ٢٠٠٣ ەوە وەکو فەرمانبەر دەستبەکار بووم، یەکەم جار دامەزراندنم لە بەرڕێبەرایەتی گشتی کشتوکاڵ بوو تا ٢٠١٢، لە  دوای ئەوە لەسەر داوای خۆم گواستمەوە بۆ بەرێوبەرایەتی باخچەکان، بۆ ماوەی ساڵێکیش دەبێت لە باخی گشتی وەک لێپرسراوی باخەکە دەستم بە کارەکانم کردووە، ئیشی باخ بە شێوەیەکی گشتی هەمووی وەک یەک وایە و لە کاتی ئیشکردندا وەستان نییە، ئێمە پایزان ئەو ئیشانە دەکەین کە بۆ باخ گرنگە لەو وەرزەدا بکرێت، مەگەر کاتی بارانبارینی زۆر ئێمە لە ئیشەکانمان بوەستین، دەزانین کە باخی گشتی ژمارەیەک زۆر دار و دەوەن و گوڵی جۆراو جۆری تێدایەو لەو رۆژەوەی کە دەستبەکار بووین گۆرانکاریمان لە هەندێک شتدا کردووەو گۆریومانە بۆ باشتر بەڵام دەزانین کە دارەکان تەمەنێکی باشیان هەیە و ناتوانین دەستکاری ئەوان بکەین، بەڵام داتوانین گۆرانکاری لە گوڵەکاندا بکەین و بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدام کە ژمارەی گوڵ و سەوزای زیاد بکەین.

 

داوای پاراستنی سروشت و پاکوخاوێنی دەکات

وتیشی: بە هۆی ئەوەی لێرە هیچ کەسێک ئازاری ئاژەڵەکان و باڵندەکان نادات لە ناو باخی گشتیدا ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵی ماڵی وەک پشیلە سەگ و باڵندەی لیێیە، بەتایبەت کە بەیانیان یەین دەنگی باڵندەکان چێژێکی تایبەتی هەیە، هەروەها ئەوانەی کە دین لێرە کات بەسەر دەبەن خواردن دەدەن بە ئاژەڵەکان و ئازاریان نادەن، بۆیە ئاژەڵەکان بەردەوام دێن بۆلامان، باخی گشتی  هەموو کەسێک سەردانی دەکات بۆ سەیران و بەسەربردنی کاتێکی خۆش، من داوایان لێ دەکەم کە ئەوانەی کە دێن بە پاک و خاوێنی سروشتەکەی بپارێزن، چونکە لە هەموو شوێنێکی باخەکەدا ئێمە سەتڵی گەورەی خۆڵمان داناوە، لەبەر ئەوەی بودجەمان سەر بە حکومەتە و ئێستا دەزانین کە بارودۆخی حکومەت چۆنە، ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆمان دابین دەکەن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا دالیا عەلی وتی: لە ناو باخی گشتییدا یاری منادڵان و وەرزشمان هەیە کە هەردووکیان ژمارەیەکی زۆر خەڵک رووی تێدەکات، منداڵان کاتێکی خۆشی تێدا بەسەر دەبەن و بەیانیان زوو بەتایبەت یاخود ئێواران هاوڵاتیان دێن سەردانی دەکەن و وەرزش دەکەن، هاوکات من خۆم کەسێکی کۆمەڵایەتیم و خەڵکی ئێرەش زۆر هاوکارمانن و بەردەوام دێن دەستخۆشی کارەکانمان لێ دەکەن و بە شێوەیەکی گشتی پاک و خاوێنی ئێرە دەپارێزن، لێرەوە داوا لە هەموو کەسێک دەکەم کە سەردانی باخی گشتی دەکات کە بەرپرسیارانە مامەڵە بکات.