ژنێک لە شاخی قەزوان ڕووبەڕووی ژیان دەبێتەوە

فتێم سعود، لە ناوچەیەکی دوورەدەست لە باشووری ڕۆژئاوای شاخی قەزوان دەژی و ڕۆژانە خەبات دەکات بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانە خاوەنپێداویستییە تایبەتەکەی، ڕووەکی ڕامس "نیتۆن" لە ژێر بارودۆخی ژیانی سەخت و کەمی سەرچاوەی سەرەتاییدا کۆدەکاتەوە.

سەرگوڵ شێخۆ

 

تل تەمر- ژنان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی قەیرانە ئابووری و ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خەباتێکی بێدەنگ و بەردەوام بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە بەڕێوەدەبەن و سوود لە سەرچاوە سروشتی و مرۆییەکان وەردەگرن، لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ژنان ڕەتیدەکەنەوە خۆیان بەدەستەوەبدەن و بەردەوامن لە گەڕان بەدوای جێگرەوە و ڕێگەچارەی ئەگەری.

 

فتێم سعود لە گوندی ئەبو فەخیز دەژی کە زیاتر لە ٢٠ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوا لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دوورە، هاوژینەکەی نابیست و ناگۆیە، منداڵەکانیشی خاوەن پێداویستی تایبەتن، ئەو تاکە کەسە لەوانە کە تەندروستی باشە، لەگەڵ هاوژینەکەی دەژی کە توانای قسەکردنی نییە و بە بەکارهێنانی زمانی ئاماژە پەیوەندی دەکەن، لە ناوچەیەکی دوورەدەست و دوور لە دانیشتوان و تەنانەت گوندەکانیش دەژین، ئەمەش وایکردووە کە تێکەڵبوونیان بە کۆمەڵگە یان دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی قورس بێت.

 

نیتۆن چییە؟

فتێم سعود ئەو ڕووەکە دەگمەنە کۆدەکاتەوە، کە بریتییە لە ڕامس "نیتۆن" کە لەو خاکانە گەشە دەکات کە ناكێڵدرێن، بە ڕەنگی سەوز و بۆن خۆشەکەی جیا دەکرێتەوە، لەم وەرزەدا، لە بەیانییەوە تا خۆرئاوابوون بە عەرەبانەکەیدا بەناو زەویدا دەسوڕێتەوە، لەگەڵ هاوژینەکەیدا ڕووەکەکان کۆدەکاتەوە لە هەوڵێکدا بۆ بونیادنانی ژیانێکی سادە سەرەڕای بارودۆخە سەختەکە.

 

بەهۆی کەمی ئاو و سوتەمەنی ئەمساڵ، چاندنی پەتاتە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، ئەمەش وایکردووە گوندە دوورەدەستەکان سودمەندبن لە دروێنەکردنی پاشماوەی بەروبوومەکان وەک لە ڕابردوودا، ژنانی شاخی قەزوان لە بەرامبەر ئەم بارودۆخانەدا پەنایان بردۆتە بەر کۆکردنەوەی ڕووەکی ڕامس، کە بە شێوەیەکی سروشتی لە ناوچە کوێستانییەکان گەشە دەکات، وەک جێگرەوەیەک بۆ پوشوپەڵاش و سووتەمەنی، فتێم سعود ئەزموونی تایبەتی خۆی لەگەڵ ئێمە باس کرد، باسی ئەو ئاڵەنگاری ڕۆژانەی کرد، کە لەم کارە سەختەدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ڕووەکی ڕامس کۆدەکاتەوە کە تەنها لە دروستکردنی نانی ساجدا بەکاردەهێنرێت، هەروەها تیشکی خستە سەر ئەو سەختییانەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بەتایبەتی نەبوونی کەرەستەی پێویست بۆ ئەم کارە و ئەو هەوڵە ماندووانەی ڕۆژانەی پێویستە.

 

ڕوونیکردەوە، کە ئەم ڕووەکە لە هەموو شوێنێک و لە هەموو زەوییەکی شاخاویدا گەشە ناکات، بەڵکو لە زەوییە کشتوکاڵی و بێ کێڵگەکاندا سنووردارە، ساڵانە بەشێک لە کاتەکانی بۆ کۆکردنەوەی تەرخان دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی گرنگییەکەی لە ژیانی ڕۆژانەیدا.

 

خێزانەکەی خاوەن پێداویستی تایبەتن

فتێم سعود ئەو ئاڵەنگاریانەی کە لە چاودێریکردنی خێزانەکەیدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، خستەڕوو، وتی: بەهۆی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانیەوە کوڕێکی نابیست و کچێکی کورتە باڵام هەیە، هاوژینەکەم نابیست و ناگۆیە، کوڕەکەی دیکەشم بەدەست کێشەی تەندروستییەوە دەناڵێنێت، فتێم سەرەڕای سەختی ژیان و هەلومەرجی سەخت، دەستبەرداری خەباتی ڕۆژانەی خۆی نەبووە، بە هیواوە چەسپاوە و هەوڵی دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ بنەماڵەکەی دەدات.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم کارە لەڕادەبەدەر ماندووکردنە، چونکە پاڵنانی عەرەبانەکە بۆ ماوەیەکی زۆر دەبێتە هۆی ئازار لە ناولەپی دەستەکانیدا، سەرەڕای ئەمەش، ئەو بەردەوامە لە کۆکردنەوەی ڕووەکی ڕامس بە درێژای زستان، دڵنیای دەدات لەوەی کە لە کاتی ئامادەکردنی نانی ساجدا بەردەستە و دوور دەکەوێتەوە لە پێویستی بەکارهێنانی پوش وپەڵاش وەک جێگرەوەیەکی سەخت بۆ دۆزینەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمساڵ بڕێک دیزڵی گەرمکەرەوەی هەڵگرتووە و بیر لە فرۆشتنی دەکاتەوە بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ماڵەکەی، لە بەرامبەردا، بەنیازە لە گەرمکەرەوەکەیدا پوش و پەڵاش وەک سوتەمەنییەکی جێگرەوە بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی لە زستاندا گەرمکەرەوە بە کەمترین تێچووی دڵنیای دابین بکات.

 

بەهۆی بێبارانی و کەمئاویی بچووک بوون

پێی وایە گەشەی ڕووەکی ڕامس پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ڕێژەی بارانبارینی ناوچەکەیەوە هەیە، وتی: لە زستاندا هەموو ڕووەکێک بەزۆری مەترێکی زیادە گەشە دەکات، بەڵام ئەو ڕووەکانەی ئێستا کۆیان دەکەینەوە بچووکن، بەهۆی کەمی بارانبارین لەمساڵدا لەگەڵ وشکەساڵیدا، ڕێگری لە گەشەکردنیان بە شێوەیەکی ئاسایی کردووە.

 

ئەم لایەنەی چیرۆکی فتێم سعود ڕەنگدانەوەی ئەزمونی هەزاران ژنە لە شاخی قەزوان کە خاوەندارێتی ئاژەڵ بناغەیەکی ژیانە، بەڵام بەو پێیەی زۆرێک لە خێزانەکان خاوەنی ئاژەڵ نین، کە ئەمەش کێشەی بەرچاو لە دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی ژیاندا دروست دەکات و ئەو ئاڵەنگاریانەی ڕۆژانە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە بەڕێوەبردنی خێزانەکانیاندا.

 

هەروەها ڕاستی ژنان لە شاخی قەزوان وێنا دەکات، کە دەچنە دەرەوە بۆ ناو سروشت بۆ کۆکردنەوەی ڕووەکی کێوی، کە جۆرەها گیا و ڕووەکە کۆیدەکەنەوە، ئەو ژنانە بەبێ وەستان، ٢٤ کاتژمێر لە ژینگەیەکی سەخت و بەردیندا کاردەکەن، سەرەڕای زەمینە سەختەکە، سەوزای گەشاوەی شاخی قەزوان وایان لێدەکات پێداویستی سەدان خێزان دابین بکەن، ئەمەش ڕێگە بە سروشت دەدات وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی ژیان لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە.