"کۆمەڵکوژییەکانی حکومەتی کاتی کۆمەڵگەی سووریای پارچە کرد"

رودەینە خەتیب، پارێزەر لە شاری سوەیدای سووریا ڕایگەیاند، کە کۆمەڵکوژییەکانی دژی درووزەکان لە سوەیدا، وەرچەرخانێکی مەترسیدارن، گەنجان کە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و ڕەتکردنەوەی خێڵەکی پشتیان پێدەبەسترا، متمانەیان بە دامودەزگاکان و دەسەڵات نەما.

ڕۆشێل جونیور

 

سوەیدا-کۆمەڵکوژییەکەی سوەیدا کە لەلایەن جیهادییەکانی هەتەشە لە ژێر ئینتیمای حکومەتی کاتی سووریا ئەنجامدرا، هێرشێکی خێرا نەبوو، بەڵکو دەرئەنجامی کۆبوونەوەی قسەی ڕقاوی و هاندانی خێڵی بوو کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمەوە هێواش هێواش گەشەی کرد و بوو بە کۆمەڵکوژییەکی ترسناک کە هیچ کەسێکی لە گەنج و کەسانی بەتەمەن نەپاراست.

 

لە کاتی هێرشی سەر شاری سوەیدا لە مانگی تەمووزدا هەزار و ٧٠٩ کەس کوژران کە زۆربەیان درووز بوون، کەیسەکانی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان و منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی لەلایەن جیهادیەکانی هەتەشەوە بەڵگەدار کرا، بە وتەی شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لانیکەم ١٠٥ ژنی دروز لەلایەن جیهادییەکانەوە ڕفێنراون و ژمارەیەکیشیان بە دیل ماونەتەوە.

 

"قسەی ڕق و کینە... سەرەتای دابەزین"

رودەینە خەتیب، پارێزەر خەڵکی شاری سوەیدا لە باشووری سووریا، ئەوەی دوای چەند مانگێک ڕوویدا بە بیر دێنێتەوە، وتی: کۆتای بە بیرۆکەی ئینتمای نیشتمانی هێنا، دووپاتی دەکاتەوە، کە کۆمەڵکوژییەکە شۆکێکی گەورە بووە کە هیچ کام لە دانیشتوانی شارەکە چاوەڕێی نەدەکرد و ئەوەی ڕوویدا بەرهەمی ڕووداوێکی ساتە و سات نەبووە، بەڵکو دەرئەنجامی کۆبوونەوەی قسەی ڕقاوی و هاندانی خێلی بووە کە هێواش هێواش گەشەی کردووە تاوەکو تەقیوەتەوە و بووەتە کۆمەڵکوژییەکی ترسناک، هەروەها هەرگیز بە خەیاڵیاندا نەدەهات بگەنە ئەم خاڵە، بەڵام زۆر ئاماژە هەبوون کە شتێک بە هەڵەدا دەچێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، چەمکی قسەی ڕقاوی لە یاسای نێودەوڵەتیدا پێناسەیەکی یاسایی یەکگرتووی نییە، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان بەم شێوەیە پێناسەی دەکات: هەر دەربڕینێکی زارەکی یان نووسراو یان هەر کردارێک کە ئامانجی سووکایەتیکردن یان بێڕێزیکردنی گروپێک بێت کە بە یاسا پارێزراو بێت، جا چ سیاسی، خێڵی، یان نەتەوەیی بێت.

 

هەروەها جەختی لەوە کردەوە، کە ئەزمونە مێژووی و مرۆییەکان دەسەلمێنن کە هەموو قسە خێڵەکیەکان بە کردەوەی توندوتیژی کۆتایی دێت، هەروەها سووریا لەم ساڵانەی دواییدا نمونەیەکی ڕوونی ئەمە بووە، چونکە دابەشبوونی خیڵی بۆتە هۆی لەتکەوتنی کۆمەڵگەی سووریا و سەرهەڵدانی شەپۆلی توندوتیژیی سیستماتیک.

 

"لە خەونی شۆڕشەوە بۆ ڕاستی دابەشبوون"

ئەو هیوایانەی کە گەلی سووریا بە شۆڕش دانابوو بۆ گەیشتن بەو گۆڕانکارییە خوازراوەی بەبیرهێنایەوە، وتی: سووریاکان هیوایەکی زۆریان هەبوو بۆ کۆتاییهێنان بە ڕژێمی کۆن و بونیادنانی دەوڵەتێک لەسەر بنەمای یاسا و هاوڵاتیبوون، کۆمەڵگەی سووریا تووشی نەخۆشییە کۆمەڵایەتییە قوڵەکان بووە کە لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە هانیانداوە، کاتێک شۆڕشەکە سەریهەڵدا، خەڵک خەونیان بە سیستەمێکی نوێوە بینی کە لەسەر بنەمای دادپەروەری و شکۆمەندیە، بەڵام ئەم خەونە نەهاتووەتە دی.

 

شۆکەکەی بە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەو گروپانە زانی کە بە عەقڵیەتی فراکسیۆنەکان مامەڵەیان کردووە نەک دەوڵەت، وتی: دادپەروەری گوازراوە دواکەوت، لێپرسینەوە نەبوو، کۆمەڵگەش پڕ بوو لە ڕق و کینە و ئارەزووی تۆڵەسەندنەوە، دواتر جەمسەرگیری نێوان دڵسۆزانی ڕژێم و نەیاران پەرەی سەند و بوو بە جەمسەرگیری خێڵی قوڵتر، ئەوانەی پشتگیریان لە ئەسەد دەکرد وەک کەمینەیەک پۆلێنکران، و ئەوانەی دژایەتیان دەکرد بە موسڵمانی سوننە دادەنران، ئەم وتارە درۆینەیە قوڵتر بووەوە، سەرەڕای ئەوەی کە نەبوونی هیچ بەڵگەیەک بۆی، و دابەشبوونێکی تیژی لە ناو کۆمەڵگەی سووریادا دروستکرد.

 

سوەیدا لە نێوان تۆمەت و پەراوێزخستن

سوەیدا وەک ئەو ناوچانەی تر نەبوو کە بە دڵسۆزی ڕژێم ناوزەد کران، بەڵام بوو بە ئامانجی تۆمەتی دواکەوتن لە پاڵپشتیکردنی شۆڕش، بە وتەی دینە خەتیب، بیرۆکەی خێڵەکی دەستی بە تەشەنەکردن کرد، دەوترا خەڵکی سوەیدا بەهۆی دڵسۆزی ئەسەدەوە نەچوونەتە نێو شۆڕشەوە، کە ئەمەش بووە هۆی پەرەسەندنی هەستی پەراوێزخستن و نامۆبوون.

 

هەروەها ڕوونی کردەوە، کە ئەو هەستانە لە دوای ڕاگەیاندنی دەستوری توندتر بوون، کە هەر نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینەی خەڵکی سوویدا لە حکومەت یان لە حکومەتی نوێدا پشتگوێ خرا، خەڵکی سوەیدا لە ناو وڵاتەکەی خۆیاندا هەستیانکردن بە پەراوێزخستن، لە کاتێکدا، لایەنی بەرامبەریش قەناعەتیان پێهات کە ئێمەین کە بەدەریان دەکەین، چونکە ئێمە دڵسۆز بووین، ئەم ئاڵوگۆڕە تۆمەتە، کەلێنەکەی زیاتر قوڵترکردەوە.

 

تۆمارە دروستکراوەکە... پریشکی هەڵچوونەکە

رودەینە خەتیب ئاماژەی بەوەدا، کە کەلێنێکی خیڵی دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی دەنگی دروستکراو، کە دەگەڕێتەوە بۆ شێخێکی دروز، ک وایە سووکایەتی بە پێغەمبەر محەمەد کردووە، ڕوون بووەوە، وتی: ڕەسەنایەتی تۆمارەکە نەسەلمێنراوە، بەڵام کاریگەرییەکەی بەرچاو بووە، هەروەها شەپۆلێکی توڕەی لە زانکۆکان بە تایبەتی لە حومس و حەلەب سەریهەڵدا و پێکدادان و دەستدرێژی لە نێوان خوێندکاران دەستیپێکرد.

 

وتی: دەبوو حکومەت بە خێرای هەنگاو بنێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە، بەڵام چاوپۆشی لە قەیرانەکە کرد، قسەی ڕق لێبوونەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوبووەوە، خوێندکاران دەستیان کرد بە ترس لە یەکتر، دایکان و باوکانیش ترسیان لە ناردنی منداڵەکانیان بۆ زانکۆ هەبوو.

 

ئەم قۆناغە وەرچەرخانێکی مەترسیدار بوو، بەو پێیەی گەنجان کە پشتیان پێ بەسترابوو بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و ڕەتکردنەوەی خیڵەکی، متمانەیان بە دامەزراوەکان و دەسەڵات نەما.

 

لە هاندانەوە بۆ کۆمەڵکوژی

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ڕووداوەکان بە خێرای گەشەیان کردووە، هەروەها توڕەییەکە گۆڕا بۆ هێرشکردنە سەر ناوچە مەدەنییەکانی وەک ئەشرەفیە سەحنایە و جەرامانا، ئەمەش ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی وڵات بەرەو هەڵچونێکی تەواو دەڕوات، دواتر کارەساتەکە گەیشتە سوەیدا.

 

شێوازی چوونە ناو سوەیدا بەناو ئەمنی گشتی و وەزارەتی بەرگری بە "توندڕەو" پێناسە کرد، وتی: وەک دەسەڵاتێکی دەوڵەتی نەچوونەتە ناو سوەیدا، بەڵکو وەک هێزێکی تۆڵەسەندنەوە هاتوونەتە ناوەوە، ٣٣ گوند بە تەواوی جێهێڵراون و دانیشتوانەکانیان لە ترسی دەستگیرکردن یان کوشتنیان هەڵهاتن.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوەی ڕوویدا، جگە لە ئۆپەراسیۆنێکی حیسابکراو هیچی تر نییە، ئەو ڤیدیۆیانەی کە تاوانەکانیان بەڵگە کردووە، لەلایەن خودی جیهادییەکانی هەتەشەوە بڵاوکراونەتەوە، وتی: هاوڵاتیان لە ترسی گیانی خۆیان نەیانتوانیوە ئەو تاوانانە دۆکیۆمێنت بکەن و سەرجەم ئەو کلیپانەی بڵاوکرانەوە لەلایەن وەزارەتی بەرگری و ئەمنی گشتیەوە گیراون، کە پێشێلکارییەکانیان ئەنجامداوە.

 

پاساوهێنانەوە بۆ تاوان و داڕمانی متمانە

رودەینە خەتیب پاساوی حکومەتی کاتی بۆ ڕووداوەکان بە دڕندەتر لە خودی تاوانەکە پیناسە کرد، وتی: ئەحمەد شەرع هاتە دەرەوە بۆ ئەوەی بڵێت ئەوانەی هێرشەکانیان ئەنجامداوە هێزی حکومەت نەبوون، بەڵکو خێڵەکانن! ئەم پاساوە قبوڵکراو نییە، خێڵەکان لەبەردەم چاوی دەزگا ئەمنییەکاندا تێپەڕین و لە ژێر چاودێری ئەواندا چوونەتە ناو سوەیدا، دواتر ئەحمەد شەرع هاتە دەرەوە بۆ ئەوەی سوپاسی ئەوان بکات، هەروەها ناوی لێنا 'ترسکە'، لە کۆتاییدا، چۆن مرۆڤ دەتوانێت باسی ئینتمای نیشتمانی بکات لە کاتێکدا، دەسەڵاتداران خۆیان پاساو بۆ کوشتنی خێڵی دەهێننەوە؟