بەهۆی گەمارۆکانەوە ژنانی سووریا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە
کاریگەری گەمارۆکان لەسەر سووریا لە بوارە جیاجیاکاندا هەستی پێکراوە، هاوڵاتیانی کردۆتە ئامانج، ژنان زیاتر لەوانی تر تووشی ئازار دەبن، زیاتر بەرەوڕووی چەوسانەوە و توندوتیژی و پێشێلکارییەکانی دیکە دەبنەوە.

لەمیس ناسر
شام-لە وڵاتێکدا کە زیاتر لە ۹۰%ی دانیشتووانەکەی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، تۆڕەکانی پشتیوانی و خۆشگوزەرانی تێیدا داڕماون، سزا نێودەوڵەتییەکان کە بەسەر ڕژێمی سووریادا سەپێندرابوون، تەنها ئامرازێکی فشاری سیاسی نەبوون. بە تێپەڕبوونی کات بوونەتە بارێکی قورس لەلایەن هاوڵاتیان و بەتایبەتی ژنانەوە.
تیما عیسا، چالاکوانی مەدەنی خەڵکی بەرزاییەکانی جۆلان و دانیشتووی دیمەشق، باسی ئەم قۆناغەی کردو وتی: ژن بڕبڕەی پشتی بێدەنگ بوون بۆ شان گرتنی بارگرانی، بەڵام بێدەنگی بە واتای نەبوونی نییە، بەڵکو بەرخۆدانی ڕۆژانەیە، لەگەڵ داڕمانی ئابوری سووریا و دابەزینی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، ژنان بوونەتە یەکەم هێڵی بەرگری لە بەرامبەر برسێتی و بێ چاودێری و لەدەستدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی.
لە بازاڕی ڕەشەوە بۆ کاری نافەرمی
تیما عیسا وتی: سزاکان لاوازی ژنانی گەورەتر کردووە، زۆرێکیان ناچارکردووە لە کەرتە نافەرمی و یاساییە ناپارێزراوەکاندا کاربکەن، ژنان لە کارە خزمەتگوزارییەکان، فرۆشتنی تاکەکەسی، یان پیشەی کشتوکاڵی مەترسیداردا کاردەکەن، هیچ پارێزگارییەکیان نییە لە هەراسانکردن، چەوسانەوە، یان کرێی نادادپەروەرانە. نەبوونی میکانیزمی سکاڵاکردن و داڕمانی دامەزراوەکان وایکردووە ژنان بە ئاسانی ببنە نێچیر لە ژینگەکانی کارکردندا کە وەک کارێکی هەرزان زیاتر سەیریان دەکەن.
لە کاتێکدا ژنان کەلێنەکانی ئابووری خەباتکار پڕ دەکەنەوە، لە ماڵەکانیشدا باجەکەی دەدەن. ڕێژەی توندوتیژی خێزانی بەرزبووەتەوە، دایکان لەژێر فشاری دەروونی زیاتردان، ناتوانن پێداویستییەکانی خێزانەکانیان دابین بکەن یان دەستیان بە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانێکی شایستە بگات، ژنان لە دڵی مەترسیدا کاریگەری سزاکان تەنیا لە بازاڕی کاردا سنووردار نەبووە؛ هەروەها کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کەرتی تەندروستی هەبووە، زۆرێک لە دەرمانە سەرەکییەکان کەم بوون یان گران بوون.
تیما عیسا وتی: ژنان دەستیان بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی منداڵبوون و بەدواداچوون بۆ دووگیانی و منداڵبوون لەدەستداوە، تەنانەت پادی تەندروستی بۆتە شتێکی تازە. بۆ ئەمەش قەیرانی ئاو و وشکەساڵی و تێکچوونی ئاسایشی خۆراک زیاد بکە، کە هەموو ئەمانە وایکردووە ژنان زیاتر بەرەوڕووی بەدخۆراکی و نەخۆشی ببنەوە، لەم چوارچێوەیەدا پێناچێت تێکچوونی بارودۆخی ژنان وردەکارییەکی پەراوێزیی بێت، بەڵکو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەقامگیری کۆمەڵگە، کاتێک تەندروستی ژنان داڕمێت، خێزانەکە دەڕووخێت، پەروەردە دەڕووخێت، هەر توانایەک بۆ بەرزبوونەوە دەڕوخێت، هەڵگرتنی سزاکان هەلێکە کە دەبێت سوودی بۆ ژنان هەبێت، سەرەڕای ئاڵۆزی دۆخەکە.
تیما عیسا پێیوایە هەڵگرتنی سزاکان تەنیا وەک بڕیارێکی سیاسی یان ئابووری نابێت، بەڵکو وەک هەلێکی ڕاستەقینە بۆ بەهێزکردنی ژنان و گەڕاندنەوەی ڕۆڵی پێشەنگایەتییان لە کۆمەڵگەی سووریادا وتی: گەورەترین سەرکەوتن کە ژنان دەتوانن لەڕێگەی هەڵگرتنی سزاکانەوە بەدەستیبهێنن، بەدەستهێنانەوەی ئەو شوێنانەیە کە بە زۆر لەدەستیان داوە، هەر پرۆسەیەکی بوژانەوەی ئابووری یان سیاسی دەبێت ژنان بخاتە دڵی خۆیەوە نەک لە پەراوێزدا وتی: ئێمە داوای تایبەتی ناکەین، بەڵکو داوای مافە سەرەتاییەکان دەکەین، خۆراک، دەرمان، پەروەردە، ئاسایشی کەسی، بەشداری سیاسی، ژنان ئەوانەن کە پەیکەری ژیانی سووریایان لە سەختترین هەلومەرجەکاندا پاراست، هەروەها ئەوانەن کە دەبێت گەورەترین ڕۆڵیان پێبدرێت لە پرۆسەکانی ئاوەدانکردنەوە و ئاشتەوایی و دادپەروەری ئینتقالیدا.
"ژنان پارێزەری یادەوەری و دروستکەری ڕاستەقینەی ئاشتین"
لە کۆتایی قسەکانیدا تیما عیسا ئەو تێڕوانینەی ڕەتکردەوە کە ژنان تەنها وەک قوربانییەک وێنا دەکرێن وتی: بەڵێ ژنان قورسترین باجیان داوە، بەڵام هاوکات پارێزەری یادەوەری و دروستکەری ڕاستەقینەی ئاشتین، ناتوانرێت دادپەروەری لە سووریا بەبێ ژن هەبێت، هەروەها هیچ ئاشتییەکی بەردەوامیش نییە ئەگەر ژنان لە پێگەی بڕیاردان نەبن، ئەم دیدە کە تیما عیسا پشتگیری دەکات، تەنها خواستێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی تەواوی ژیانییە بۆ زۆرێک لە ژنان کە چاوەڕێی هەلێکن بۆ گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانەکە، نەک تەنها وەک بژێوی ژیان لە سێبەردا، بەڵکو وەک بەشداربووی ڕاستەقینە لە داڕشتنی داهاتوویەکی جیاوازدا.