ئامادەکارییەکان بۆ کۆڕبەندی گشتگیری ژنان ژنانی سویدا لەژێر یەک چەتردا كۆدەکاتەوە

کۆڕبەندی گشتگیری ژنان هەوڵدەدات هەوڵەکانی ژنان لە سوەیدا لە چوارچێوەیەکی ڕێکخراودا یەکبخات کە ئامادەیی کۆمەڵگەیان بەرز بکاتەوەو بەهێزیان بکات بۆ بەشداری چالاکانە لە گەشەپێدان و بڕیاردان بۆ بەهێزکردن و پەرەپێدانی تواناکانیان.

ڕۆشێل جونیور

 

سوەیدا- ژنان لە شاری سوەیدای سووریا بەردەوامن لە هەوڵە ئامادەکارییەکانیان بۆ دەستپێکردنی کۆڕبەندی گشتگیری ژنان بە ئامانجی یەکخستنی وزەی ژنان و بەهێزکردنی ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەدا.

 

کۆڕبەندی گشتگیری ژنان ئامانجی بەرزکردنەوەی بوونی ژنان و بەهێزکردنی بەشداری چالاکانەیان لە بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئابووری و سیاسیدا، دڵنیابوون لەوەی کە دەنگ و تواناکانیان بە شێوەیەکی گونجاو بەکاردەهێنرێن و ڕۆڵیان وەک هاوبەشی بناغەیی لە داڕشتنی ئێستا و پێناسەکردنی داهاتوودا چەسپاندووە.

 

ڕەجا شوفی، مامۆستا و یەکێک لە بەشداربووانی ئامادەکاری بۆ کۆڕبەندەکە، ئاماژەی بەوەشکرد، بیرۆکەی کۆڕبەندەکە لە ڕۆژی جیهانی ژناندا دەستیپێکرد دوای تێبینیکردنی ئەو هەوڵ و توانا گەورانەی کە ژنانی سوەیدا خاوەنیانن، توانای بەرگەگرتنی ئەو ئاڵەنگاری و بارودۆخە جیاوازانەی کە شارەکە پێیدا تێپەڕیوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ژنانەی لەپشت دەستپێشخەرییەکەوە بوون، شاری سوەیدایان بەشێوەیەکی جیاواز دەبینی بەهۆی پێکهاتە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە هەمەچەشنەکەیەوە، ئەمەش وای لێکردن کە کۆڕێک ڕێکبخەن، ژنان لە هەموو چین و توێژەکانی ژیانەوە کۆبکاتەوە(جا چ خوێندەوار بێت، چ ئایینی بێت، چ ڕۆشنبیر بێت، گەنج بێت، مۆسیقاژەن بێت یان ژنانی کرێکار بێت) کە ڕەنگدانەوەی هەمەجۆریی ڕاستەقینەی ناو کۆمەڵگەکە بێت.

 

ڕەجا شوفی ڕوونی کردەوە، کە کارەکە بە کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ بیرۆکەکە دەستی پێکرد، کە بە قبوڵکردن و جۆش و خرۆشێکی زۆر لەلایەن ژنانەوە پێشوازی لێکرا، کە ئەمەش هانی گروپوکەی دا کە هەنگاوی پراکتیکی بەرەو پێشەوە بچێت، لەوانەش ئامادەکردنی ڕاپرسییەک کە باس لە ئامانجەکان، ئاواتەکان و دەرئەنجامە خوازراوەکانی کۆڕبەندەکە دەکات، هەروەها پەیوەندی و کۆبوونەوەیان لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە ناوچە و گوندە جیاوازەکاندا کردووە و ئەم کۆبوونەوانەش بەردەوامن، ئەوەش گوزارشت لە خواستێکی ڕوون و ئاشکرای ژنان دەکات بۆ بەشداریکردن لە سەرکەوتنی پرۆژەکەدا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی کۆکردنەوە و داکۆکیکردن لە دوو ڕێگەوە ئەنجام دەدرێت: یەکەمیان بە شێوەی ئۆنلاینە، بە دابەشکردنی لینکی ڕاپرسی کە ڕێگە بە دەستگەیشتن بە ژنان دەدات لە گوند و ناوچە دوورەکان کە گەیشتنیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئەستەمە، دووەمیان لەسەر زەوییە، لە ڕێگەی پەیوەندیکردن لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان و کەسایەتییە کاریگەرەکانی ژنان لە شارەکەدا لەو چوارچێوەیەشدا لە شەهبا کۆبوونەوەیەک و چەند دیدارێک لە سوەیدا بەڕێوەچوو، ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی هاوشێوە لە سلخەد و قرەیا بەردەوامە.

 

یەکخستنی هەوڵەکان

چالاکوانی سیاسی و مەدەنی ڕاقیە شاعیر، یەکێک لە دەستپێشخەرانی ئەو بیرۆکەیە، دووپاتی کردەوە، کە کۆڕبەندەکە وەڵامێکە بۆ پێویستی ژنان لە سوەیدا، بۆ یەکخستنی هەوڵەکانیان و دانانی لە چوارچێوەیەکی ڕێکخراودا کە ڕێگەیان پێبدات هاوبەشی ڕاستەقینە و کارا بن لە پرۆسەکانی گەشەپێدانی کۆمەڵگەدا، هەروەها لە ناوەندەکانی بڕیاردان.

 

ڕوونیشیکردەوە، پڕۆسەی کار چەند قۆناغێک لەخۆدەگرێت، سەرەتا بە کۆکردنەوەی پشتیوانی و داکۆکیکردن لەلایەن ڕێکخراوەکانی ژنان و ژنانی کۆمەڵگەی ناوخۆییەوە دەستپێدەکات، دواتر پێکهێنانی لیژنەیەکی ئامادەکاری پێکدێت کە لە هەر ڕێکخراوێکی ژنان لە سوەیدا، جگە لە ژنانی سەربەخۆ، نوێنەرێک یان چەند نوێنەرێک لەخۆدەگرێت، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی فراوانترین نوێنەرایەتی ژنان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەرکی لیژنەی ئامادەکاری ئامادەکردنی کارنامەی سەرەکی کۆڕبەندەکە و پلاندانانی دەبێت لەڕووی شوێنی کۆبوونەوەکە و ژمارەی بەشداربووان و ئامانجەکان و ئەو لیژنە لاوەکیانەی کە لێی دەردەچن، دوای کۆڕبەندەکە، چاودێری جێبەجێکردنی دەرئەنجامەکانی دەکرێت لەڕێگەی پێکهێنانی لیژنە تایبەتمەندەکانی بەدواداچوون کە کاردەکەن بۆ وەرگێڕانی ڕاسپاردەکان و ڕێککەوتنەکان بۆ هەنگاوی کردەیی لەسەر زەمینە.

 

کەشی ئاڵوگۆڕی ئەزموون و شارەزایی

ئامال عەتوانی، بەڕێوەبەری باخچەی ساوایان و یەکێک لە ڕێکخەرانی کۆڕبەندەکە ڕایگەیاند، ئەم پڕۆژەیە بەشدارە لە بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان و گەورەکردنی دەنگیان لەناو کۆمەڵگەدا، هەروەها کەشێک بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و وانەی ژیان دابین دەکات، هەروەها بەشداری دەکات لە گەشەپێدانی خودی ژنان لە ئاستە جیاوازەکاندا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆڕەکەدا هۆشیاری ژنان لە لایەنە جیاوازەکانی ژیاندا بەرزدەکرێتەوە، ئەمە جگە لە بەرزکردنەوەی زانیاری لەسەر مافەکانی ژنان و مافەکانی تاک بە گشتی، هەروەها کەشێک بۆ بونیادنانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و تۆڕی پشتیوانی یەکتر لە نێوان ژناندا دروست دەکات، چ لە ڕووی کۆمەڵایەتی و چ لە ڕووی ئابوورییەوە، هەروەها پەرەپێدانی کارامەیی و بەرزکردنەوەی تواناکان.

 

سەبارەت بە پاڵپشتی چاوەڕوانکراو لەلایەن کۆمەڵگەی ناوخۆییەوە، ئامال عەتوانی ڕوونیکردەوە، کە کۆمەڵگە گرنگترین پایەیە بۆ سەرکەوتنی کۆڕبەندەکە، پشتگیری پێشبینیکراو بە پلەی یەکەم ناوخۆیی دەبێت نەک دەرەکی، ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵگەی ناوخۆیی دەتوانێت بەشداری بکات لە بەرزکردنەوەی متمانەی کۆڕبەندەکە، دەستەبەرکردنی شوێنەکان بۆ بۆنە و ئاهەنگەکان، پشتگیریکردنی چالاکییەکانی چ لە میدیا و چ لەسەر زەوی، بەم شێوەیە یارمەتی دەدات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی.

 

دەرئەنجامە چاوەڕوانکراوەکان ئەوە پیشان دەدەن کە کۆڕبەندەکە دەتوانێت کاریگەری کۆمەڵایەتی و ئابووری ئەرێنی هەبێت لە ڕێگەی بەهێزکردنی ژنان و پەرەپێدانی تواناکانیان، هەروەها بەشداری دەکات لە ڕەخساندنی هەلی کار و بەرزکردنەوەی توانای ژنان بۆ گونجاندن لەگەڵ بارودۆخە جیاوازەکانی ژیان لە ڕێگەی بەدەستهێنانی هۆشیاری و لێهاتوویی پێویست.

 

باسی لە توانای کۆڕبەندەکە کرد بۆ ئەوەی ببێتە هێزێکی ئەرێنی بۆ چارەسەرکردنی پرسە کۆمەڵایەتییەکان، ڕوونیکردەوە، کە ئەمە دەتوانرێت بە ڕێکخستنی هەوڵە تاکەکەسییەکان و گۆڕینیان بۆ کردەی کۆمەڵایەتی ستراکتۆرکراو لەسەر بنەمای پلاندانان، هەماهەنگی، یەکەمایەتیدان، دەستنیشانکردنی ئاستەنگەکان، و کارکردن بۆ تێپەڕاندنیان بەدەستبهێنرێت.

 

جەختی لە گرنگی پەیوەندیی مەجازی کردەوە لە پاڵپشتیکردنی سەرکەوتنی کۆڕبەندەکە، هاوشان لەگەڵ ئەو دیالۆگ و گفتوگۆیانەی کە گروپ و بڕیاردەرانی جیاوازی ژنان کۆدەکاتەوە، کە دەتوانێت دەستپێشخەری و پرۆژەی لێبکەوێتەوە کە کاریگەریی بەرجەستەی لەسەر کۆمەڵگە هەبێت.

 

سەبارەت بە کاریگەرییە چاوەڕوانکراوەکانی داهاتووی کۆڕبەندەکە لەسەر ڕاستی ژنان لە سوەیدا، ئامال عەتوانی وتی: کە دەستپێشخەرییەکە نوێنەرایەتی گۆڕانکاری دەکات لە کاری تاکەکەسیەوە بۆ کاری بەکۆمەڵی ڕێکخراو، کە ڕەنگە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی بێت لەسەر گروپە جیاوازەکانی ژنان لە شارەکەدا، بەتایبەتی لەگەڵ فراوانکردنی بەشداریکردن بۆ ئەوەی تەواوی شاری سوەیدا بگرێتەوە.

 

لە پەیامێکدا، کە پێش دەستپێکردنی کۆڕبەندەکە ئاڕاستەی ژنانی کردووە، داوای کردووە گفتوگۆ لەسەر بنەمای خۆشەویستی و قبوڵکردنی بۆچوونی جیاواز و ڕێکخستنی بیرۆکە و دیدگاکان بۆ خزمەتکردنی ئامانجی هاوبەش ئەنجامبدرێت، هەروەها دیدگا و شێوازی بیرکردنەوەی جیاواز سروشتییە، بەڵام سەرکەوتن پێویستی بە بەڕێوەبردنی ئەم هەمەچەشنییە بە ڕۆحێکی ئەرێنی و گفتوگۆیەکی بونیادنەر هەیە.

 

لە دیدگای خۆیدا، بۆ داهاتووی کاری ژنان لە ساڵانی داهاتوودا، گەشبینی خۆی دەربڕی سەبارەت بە ئەگەری بەدەستهێنانی ئەنجامی ئەرێنی ئەگەر کارەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراو و بە بەشداری گروپە جیاوازەکانی ژنان بەردەوام بن.

 

ئامال عەتوانی ئاماژەی بە کۆمەڵێک کارامەیی کرد کە ژنان پێویستیانە بۆ بەرزکردنەوەی ئامادەیی کۆمەڵایەتیان، لەوانە متمانە بەخۆبوون و سەربەخۆیی و توانای بڕیاردان، جگە لە ڕازیکردن و پەیوەندیکردن و توانای پەیوەندیکردنی کاریگەر، هەروەها کارلێکی زیرەک لەگەڵ کەسانی دیکە، وتی: ژنان خاوەنی زانیاری و لێهاتوویی تەکنەلۆژی و هۆشیار بن لە بوارە جیاوازەکاندا، کو ئەمەش یارمەتیان دەدات کاریگەرتر بن و توانای بەشداریکردنی چالاکانەیان هەبێت لە کۆمەڵگەدا.