لەناو نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکان ژنێک لە غەززە بۆ پاراستنی منداڵەکانی خەبات دەکات

لە غەززە کە شەڕ لەگەڵ هەژاری و نەخۆشیدا یەکتر دەبڕێت، چیرۆکی نەعمە ئەبو غانم بەرجەستەی خەباتی ژنێکە کە بە تەنها بۆ پاراستنی منداڵەکانی لە برسێتی و ترس لە نێوان نەبوونی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیاندا تێدەکۆشێت.

نەغم کەراجە

 

غەززە- لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە لە ساڵی ٢٠٢٣، ژیانی هاوڵاتیانی غەززە بووەتە شەڕێکی ڕۆژانە بۆ مانەوە، ململانێیەک کە بەهۆی ترس و برسێتیەوە سووتەمەنی پێدراوە کە دەچنە سەر خەو و لە خەو هەڵدەستن.

 

چادرێکدا، کە بەزەحمەت ماوەتەوە، نەعمە ئەبو غانمی تەمەن ٤٧ ساڵ دەژی، کە لەناکاو خۆی بینیەوە ڕووبەڕووی جیهانێکی سەخت بووەتەوە.

 

لەناو ئەو چادرەدا، مەترسییەکە تەنها لە برسێتی و بێبەشیدا سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ ئەو مێشوولە و سەگە بێسەرپەرشتانەی کە لە دەوروبەری ناوچەکەن، کە ئەو هەستە کەمەی ئاسایش ناهێڵێت کە ماوەتەوە، نەعمە ئەبو غانم بە دەنگێکی ماندوو وتی:: هەموو شەوێک بە دەنگە ترسناکەکان لە خەو هەڵدەستم، دەترسم لەکاتی خەوتندا شتێک هێرش بکاتە سەرمان، ناتوانم وەک پێویست منداڵەکانم بپارێزم، تەنانەت دەرگایەکم نییە بۆ داخستنی، شەوێک سەگێکم بینی کە لەبەردەم چادرەکەمدا وەستابوو، نەمتوانی بجوڵێم، تەنها بەردەوام هاوار و گریانم دەکرد، منداڵەکانم لە تەنیشتمەوە دەگریان، کەس نەبوو ڕزگارمان بکات.

 

دوو هێندە ئازار

نەعمە ئەبو غانم لەسەر ئەو خواردنانە دەژی کە لەلایەن چێشتخانەکانەوە دابین دەکرێت، زۆرجار تەنها نان دەدۆزێتەوە، ڕۆژان بەبێ ژەمێکی دروست تێدەپەڕن، وتی: منداڵەکانم بە برسێتی دەچنە سەر جێگا، منیش بێدەسەڵاتم.

 

سەرەڕای ئەو ڕاستیە سەختە، خۆی بە هیوایەوە دەچەسپێنێت، ئەویش پەروەردەی منداڵەکانیەتی، بەدوای هەر دەرفەتێکی خوێندنی بێبەرامبەردا دەگەڕێت و هەوڵدەدات سەرقاڵی خوێندنیان بکات، وەک ئەوەی بەرەنگاریی داڕمانێکی دیکە بێتەوە کە دەتوانێت داهاتوویان بدزێت وتی: نامەوێت لەم تاریکییەدا گەورە بن، دەمەوێت فێربن، ڕێگایەکی جیاوازیان هەبێت، بەڵام من توانای هیچ پارەیەکم نییە، بەزەحمەت دەتوانم نانیان بۆ دابین بکەم

 

ئازارەکان بە هەژاری و برسێتی کۆتایی نایەت، ئەو خۆی تووشی تەنگەنەفەسی بووە و پێویستی بە ئامێری هەناسەدان هەیە کە توانای کڕینی نییە، لە بەرامبەر ئەم بێتواناییەدا بڕیارێکی قورسی دا، ئەویش وازی لە چارەسەری خۆی هێنا بۆ منداڵەکەی کە تووشی هەمان حاڵەتە، وتی: من ئامێری هەناسەدانی پێدەدەم و بەرگەی خنکانەکە دەگرم، بەڵام بەرگەی بینینی بە ئازارەوە ناگرم، تەنانەت ئەگەر لەسەر حیسابی تەندروستی خۆم بێت.

 

هەروەها کچەکەی بیسان کە تەمەن ١٦ ساڵە، هەڵگری شوێنەواری جەستەیی شەڕە، تووشی برینێکی موشەکی بووە لە مێشکیدا و بەشێک لە ڕیخۆڵەکانی دەرهێنراوە، ئەمەش پێویستی بە چارەسەری بەردەوام هەیە کە لە ئێستادا بەردەست نییە، بێتوانایی لە پابەندبوون بە چارەسەرکردن، بارودۆخەکەی خراپتر دەکات و ڕێگری دەکات لە بەردەوامبوون لە خوێندن.

 

لە ساتەکانی بێ هیوایدا بیسان و دایکی ڕوو لە گۆرانی دەکەن وەک تاکە ئامرازی ڕووبەڕووبوونەوەی ئازارەکانیان، بیسان وتی: ئێمە گۆرانی دەڵێین بۆ لەبیرکردن، بۆ دەربڕینی ئەوەی کە ناتوانین بیڵێین، هەندێکجار، دەنگەکە بەهێزترە لە فرمێسک.

 

ئەم چیرۆکە ڕەنگدانەوەی ڕاستیەکی فراوانترە کە هەزاران ژن لە کەرتی غەززە ئەزموونیان کردووە، داتاکانی نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی (ئۆچا) ئاماژە بەوە دەکەن، کە ژنان و منداڵان زۆرترین ڕێژەی ئەو کەسانە پێکدەهێنن کە بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتووە، ڕاپۆرتەکان مەزەندەی دەکەن کە زیاتر لە ٧٠٪ی زیانبەرکەوتووان لە ڕیزی لاوازترین گروپەکانن، ئەمەش لە نێوان داڕمانی نزیکەی تەواوی ژێرخانی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.

 

کەلێنێکی توند لە نێوان دەقە یاساییەکان و ڕاستی لەسەر زەویدا هەیە

ڕەهەندەکانی مافی مرۆڤی قەیرانەکە کاتێک ڕوون دەبنەوە کە ئاماژە بە کۆنوانسیۆنی چوارەمی جنێڤی ساڵی ١٩٤٩ دەکەین کە بەردی بناغەی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە، ئەم ڕێککەوتننامەیە فەرمانی پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە کاتی ململانێکاندا دەکات و مسۆگەری دەستڕاگەیشتنیان بە خۆراک و چاودێری تەندروستی دەکات، بە گرنگیدانێکی تایبەت بە ژنان و منداڵان.

 

لە ماددەی ٥٥ بەرپرسیارێتی دەسەڵاتی داگیرکەر بۆ دابینکردنی خۆراک و پێداویستی پزیشکی بۆ دانیشتووان دیاری دەکات، لە ماددەی ٥٦ جەخت لەسەر پێویستی دڵنیابوون لە بەردەوامی کارکردنی دامەزراوە پزیشکییەکان و پێشکەشکردنی بێ پچڕانی خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی دەکاتەوە.

 

دۆخی نەعمە ئەبو غانم و منداڵەکانی ڕەنگدانەوەی کەلێنێکی توندە لە نێوان دەقە یاساییەکان و ڕاستی لەسەر زەویدا.ل، کەمی خۆراک و نەبوونی چارەسەری پزیشکی و داڕمانی پێداویستییە سەرەتاییەکان هەموویان نیشاندەری پێشێلکاری قورسن بۆ ئەم ئەرکە نێودەوڵەتیانە.

 

سەرەڕای ئەمەش ژنانی فەڵەستینی وەک نەعمە ئەبو غانم لە بەرامبەر داڕماندا وەک نموونەی خۆڕاگری دەمێننەوە، بەهۆی نەبوونی ئامرازە نەریتییەکانی دەسەڵات، خۆیان بە سادەترین شێوەکانی بەرخۆدانەوە دەچەسپێنن: مانەوە، پاراستنی منداڵەکانیان و پێداگری لەسەر پەروەردەکردنیان، هەروەها وتی: داوای زۆر ناکەم، تەنها دەمەوێت منداڵەکانم بە کەرامەتەوە بژین، بەبێ ترس بخەون و کاتێک برسی دەبن خواردن هەبێت.

 

لەم ڕاستیەدا ژیانی ڕۆژانە دەبێتە ئەزمونێکی سەختی بەرگەگرتن، هەموو ڕۆژێک کە تێدەپەڕێت شەڕێکی نوێیە و هەر شەوێک کە بەبێ کارەسات تێدەپەڕێت، وەستانێکی کاتییە، بەڵام نەعمە ئەبو غانم بەردەوامە لە سەرهەڵدان، ڕووبەڕووی ترس دەبێتەوە، بەدوای خواردندا دەگەڕێت و منداڵەکانی لە باوەش دەگرێت کاتێک هەموو شتێک لە دەوروبەریان دەڕووخێت.