ژنە ئاوارەبووەکانی سودان لە خەباتی ڕۆژانەدان بۆ مانەوە
لە چادرە پارچەبووەکانی ئاوارەبووندا، ژنانی سودان لە ڕۆژی جیهانی ژناندا لەسەر لێواری مانەوە وەستابوون، نەک ماف و ئازادی، بەڵکو قومێک ئاو و لقە خۆراکێک ئاهەنگیان گێڕا، لە کاتێکدا ململانێ هێرشیان دەکاتە سەر و جەستەیان بارگران دەبێت بە ترس و لەدەستدان.
میرفەت عەبدولقادر
سودان –لە کاتێکدا ژنان لە سەرانسەری جیهان بە داوای ماف و ئازادی و دادپەروەری ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنانیان پیرۆز کرد، ژنانی ئاوارە لە کامپەکانی سودان خۆیان دەبیننەوە کە ئاهەنگ دەگێڕن بۆ شتێکی زۆر سادەتر: قمێک ئاوی پاک بۆ نەهێشتنی تونێتی و پارچە نانێک بۆ بەردەوامبوونی خۆیان و منداڵەکانیان، ئەوان ئاهەنگ دەگێڕن بۆ مانەوە، هەرچەندە بەشەکی بێت، لەو مردنەی کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێکەوە بەدوایاندا هاتووە، ئێستا لە ساڵی چوارەمی خۆی نزیک بووەتەوە، ململانێیەک کە بەردەوامە لە وێرانکردنی جەستەیان و وەستانەوە لەنێوان ئەوان و مافی ژیان و پارێزراویدا.
ڕۆژانە خەڵکی ئاوارە زیاتر دەچنە ناو کامپەکانی ناوچە پارێزراوەکان کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، زۆرێک لە ژنان دوای کوژرانی هاوژینەکانیان یان کوڕەکانیان هەڵهاتن و هەندێکی دیکەشیان دوای دەستدرێژیکردنە سەر هەندێک منداڵی کچ هەڵهاتن، بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕان بۆ ئەوەی ئەوەی لە خێزانەکانیان مابووەوە ڕزگاریان بکەن.
”دۆخەکە خۆی قسە دەکات”
لەناو چادرە کۆنەکاندا کە هیچ پارێزگارییەک لە گەرما و سەرما و باران نییە، چاوێکی سادە بەسە بۆ دۆزینەوەی وەڵامی هەموو پرسیارەکان، بارودۆخی ئەوێ بۆ خۆی قسە دەکات، منداڵانی پێ ڕووت بە جل و بەرگی کۆنەوە برسین، بە چاوەڕێی ئەوەن کەسێک کەمێک خواردنیان پێبدات، باسی چوون بۆ خوێندنگە ناکەن یان ئەوەی لە تەلەفزیۆن یان مۆبایلەکانیان بینیویانە، وەک منداڵانی هەموو شوێنێکی تر، بەڵکو کۆدەبنەوە بۆ بیرهێنانەوەی ئەو دیمەنانەی ململانێی کە تێیدا ژیاون، کە تا ئێستاش لە چاو و دڵیاندا چەسپاون، هەریەکەیان بۆ هاوڕێکانی دەگێڕنەوە کە چۆن باوکی لەبەردەم چاویدا کوژراوە و خوشکە گەورەکەی لێیان وەرگیراوە و چۆن ئازاریان چەشتووە تا گەیشتنە ئەو شوێنە.
ئەو ژنانەی لەم کامپانەدا دەژین هەریەکەیان چەند منداڵێکیان هەیە، ئەو پرسیارەی کە دێتە بەرچاو ئەوەیە: ئایا ئەم هەموو منداڵە هی ئەون؟ سەرت سوڕدەمێنێت کە دەزانیت زۆربەیان بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییان بەوەوە نییە، دوای ئەوەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا دایک و باوکیان کوشت، لە ڕێگاکەدا دۆزیونیەتەوە و ژنان وەک هی خۆیان وەریانگرت.
”ژنێکی ئاوارە کە منداڵەکانی پەروەردە دەکات کە لەسەر ڕێگا دۆزیویەتیەوە”
لەناو چادرێکدا لە شاری کورموک لە پارێزگای نیلی شین لە باشووری ڕۆژهەڵاتی سودان، ئاژانسەکەمان چاوی بە عەزیزە عەلی ئەبکار کەوت کە لە کامپی ئەبو شووک لە شاری فاشر پایتەختی پارێزگای دارفۆری باکوور لە ڕۆژئاوای سودان هاتبوو.
عەزیزە عەلی ئەبکار لەو ململانێیەدا، هاوژینەکەی لەدەستدا، دایکی پێنج منداڵە، ئێستا خاوەنی چوار منداڵی دیکەیە کە لەسەر ڕێگاکە دۆزیونیەتەوە دوای ئەوەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا دایک و باوکیان کوشت، ئەوان و منداڵەکانی بۆ شارۆچکەی کرموک چۆڵ کردووە.
وتیشی: دوای ئەوەی چەند پیاوێکی گوندەکەی کوژران و ئەوانی دیکەش گیران و ئەشکەنجە و لێیاندرا، دەستی بە گەشتێکی ماندووکردن کردووە و چەند ڕۆژێک بە پێ منداڵەکانی سەرکردایەتی کردووە، هیچ هاتوچۆیەک لەبەردەستدا نەبوو، تاکە دەنگی ڕێپێوان و تۆپباران بوو لە ڕێگادا.
نە خواردن و نە ئاویان هەڵگرتبوو تا گەیشتنە گوندێکی ئارام و لەوێ توانیان خواردن و ئاویان دەست بکەوێت، دواتر ئۆتۆمبێلەکان دەیانگواستەوە بۆ کرموک، ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ کارێکی نییە و تەنها پشت بە هاوکاری ڕێکخراوە مرۆییەکان دەبەستێت، هیوادارە منداڵەکانی و خوشک و براکانیان یارمەتی خۆراک وەربگرن بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن و بە زیندووی بمێننەوە، بانگەوازی لە ڕێکخراوەکان کرد کە لەناو کامپەکانی ئاوارەبووندا هاوکارییان بکەن.
”توندوتیژی سێکسی لە کاتی گەشتەکەیان بۆ کامپەکانی ئاوارەیی”
هەڵاتن لە ناوچەکانی شەڕ و ململانێ زۆرجار مسۆگەری پارێزراوی بۆ ژنان ناکات، ئەم هێزانە تەنانەت لە کاتی گەشتە سەختەکانیاندا بۆ هەڵهاتن بەدوایاندا دەگەڕێن، وەک ئەوەی شەڕ لەسەر جەستەیان بەڕێوەبچێت، لە دارفور کە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا کۆنتڕۆڵ دەکرێت، ژنان لە کاتی ئاوارەبوونیاندا باجێکی سەختیاندا و بوونە بەشێکی دانەبڕاو لە شەڕێک کە بە پێچەوانەی ویستی خۆیانەوە ناچار کراون.
ڕێژەی توندوتیژی سێکسی لە ساڵی ٢٠٢٦دا زیادی کردووە، بەتایبەتی لە پارێزگای دارفور لە ڕۆژئاوای سودان، تەنها لە مانگی شوباتدا، سەرچاوە پزیشکییەکان ئاشکرایانکرد کە زیاتر لە ٤٠٠ ژن لە کاتی ئاوارەبوونیان لە فاشرەوە بۆ تەویلە لە باکووری دارفور، تووشی دەستدرێژی سێکسی بوون، لەنێویاندا منداڵ.
لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا، ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی ١٠٤ حاڵەتی توندوتیژی سێکسییان لە کامپی زم زم لە دارفور بەڵگەدار کردووە، کە ٧٥ حاڵەتیان ژن بوون، وەک وەزیری چاودێری کۆمەڵایەتی سەلما ئیسحاق لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ڕوونیکردەوە، ژمارەی حاڵەتەکانی دەستدرێژیکردن پێش ئەوەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا کۆنترۆڵی شاری فاشر بکەن، ١٨٤٤حاڵەت بووە، دواتر لە باکووری دارفۆر بۆ زیاتر لە ٢٥٠٠ حاڵەت بەرزبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی بەڵگەنامەکردن بەردەوامە سەرەڕای نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی و سەختی بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکان لە ناوچە جێناکۆکەکانی وەک فاشر، بارا و کۆردۆفان لە کاتی ئامادەبوونی هێزەکانی پشتیوانی خێرا.
بەپێی ئاماری پلانی ئینتەرناشناڵ، لە مانگی ئاداردا، ٨٨%ی گەنجانی دارەسەلام و تەویلە، بەهۆی ترسی چەواشەکاری و ناتەواوی خزمەتگوزارییە بەردەستەکان، ڕەتیانکردەوە داوای یارمەتی بکەن بۆ توندوتیژی ڕەگەزی.
لە ڕاپۆرتەکەدا، ڕوونیکردووەتەوە، کە منداڵانی کچ ڕایانگەیاندووە کە تەنها لە ڕۆژدا هەست بە پارێزراوی دەکەن لەناو ماڵەکانیان یان کامپە تەنگەکاندا، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆشەگیری نزیکەی تەواو.
سندوقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، لە ساڵی ٢٠٢٦دا ١٢ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار ژن و منداڵی کچ مەترسی توندوتیژی ڕەگەزیان لەسەرە، کە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٤ بە ڕێژەی ٨٠٪ زیادیکردووە.
گەشتەکانی ئاوارەبوون بۆ ژنان لە سودان هێشتا مەترسیدارە و تەنانەت لە کامپەکانیشدا پارێزراوی نادۆزنەوە، چونکە مەترسییەکان بەردەوامن لە شوێنکەوتنیان.