ئاوارەبوون لە باشووری لوبنان بارگرانی لەسەر ژنان زیاتر دەکات
لەگەڵ هێرشی نوێ بۆ سەر باشووری لوبنان، هەمان دیمەن خۆی دووبارە دەکاتەوە: کاروانی درێژی هاوەڵاتینی ئاوارە، ئۆتۆمبێلی قەرەباڵغ و ڕووخساری ماندوو کە بەدوای پەناگەیەکی پارێزراودا دەگەڕێن.
فادیا جومعە
لوبنان – لە پشت ئەم دیمەنە گشتییەدا چیرۆکی ئەو ژنانە هەن کە سەختی ئاوارەبوونیان لە ئەستۆ دەگرن، زۆرجار لە بێدەنگیدا، بە زۆر لەلایەن راستیەوە نەک هەڵبژاردن، دایک و خوشک و کچ، هەریەکەیان چیرۆکێکیان هەیە کە ڕەنگە لە کەسانی دیکە بچێت و بپچڕێت یان ناوازە و جیاواز بێت، بەڵام ئازارەکان وەک خۆیان دەمێننەوە.
لەناو پەناگەکانی سیدا کە خوێندنگە و هۆڵەکان گۆڕدراون بۆ پەناگەی کاتی، چیرۆکی ژنانی ئاوارە لە شارۆچکەکانی باشوور یەکتر دەبڕن.
ئەم چیرۆکانە وردەکاری هاوشێوەیان هەیە: شوێنی تەنگ، نەبوونی تایبەتمەندی، دڵەڕاوکێ بۆ منداڵەکان و ترس لە داهاتوویەکی نادیار، لەناو دیواری ئەم ژوورە قەرەباڵغانەدا ژنان زیاتر لە جارێک هەوڵدەدەن ژیانێک بونیاد بنێنەوە کە شەڕ لە بنچەی خۆیدا هەڵیوەشاندووەتەوە، لەکاتێکدا فشارە دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لەسەریان توندتر دەبنەوە.
سەرەڕای بارودۆخە سەختەکان، ژنان لە دڵی ئەو هاوکێشەیەی خۆڕاگریدا دەمێننەوە کە بەسەریاندا سەپێنراوە وەک دایکێک کە هەوڵی پاراستنی خێزانەکانیان دەدەن، بژێودەرانیش ناچارن ڕووبەڕووی راستیەکی سەخت ببنەوە لە نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و پشتیوانییەکی گونجاودا.
ئیمان حەدرەج، کە لە شارۆچکەی زراریە ئاوارە بووە بۆ پەناگەیەک لە سیدا، ژیانی ناو ناوەندەکە بە "سەختتر لەوەی زۆر کەس خەیاڵی دەکەن" پێناسە دەکات، وتی: ئەو بارودۆخە تەنگانە گەورەترین ئاڵەنگاریە، بەو پێیەی چەند خێزانێک ناچارن یەک ژووری هاوبەشیان هەبێت، جگە لە دامەزراوە تەندروستییە هاوبەشەکان، ئەمەش ئاستەنگییەکی بەرچاو دروست دەکات، بەتایبەت بۆ ژنان.
ئاماژە بەوە دەکات، کە نەبوونی تایبەتمەندی و خزمەتگوزارییە پزیشکییە سەرەتاییەکان ئازاری ژنانی ئاوارە زیاتر دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی بوونی منداڵان و نەخۆش و بەتەمەنەکان کە پێویستیان بە چاودێری بەردەوام هەیە، هەروەها ژنان خۆیان لەبەردەم ئەرکی ماندووکردنی ڕۆژانەدا دەبیننەوە: لە ڕێکخستنی ژیان لە چوارچێوەی شوێنی سنووردارەوە تا هەوڵدان بۆ پاراستنی هەندێک ڕواڵەتی کەرامەت و تایبەتمەندی لە بارودۆخێکی سەختدا.
سەبارەت بە مەیسا قاروت کە لە شارۆچکەی " ميس اجبل"ەوە ئاوارە بووە بۆ سیدا، چیرۆکێکی ئاوارەبوون دەگێڕێتەوە کە ساڵانێکە دووبارە دەبێتەوە، وتی: سێ ساڵە لە نێوان ئاوارەبوون و گەڕانەوەدا دەژین، لە کاتی هێرشەکانی پێشوودا ئاوارە بووم بۆ خوێندنگەیەک لە سیدا، ئەمڕۆش گەڕامەوە بۆ هەمان خوێندنگە.
بۆ ئەو ئاوارەیی ئیتر حاڵەتێکی نائاسایی نییە بەڵکو بووەتە بەشێک لە ژیانێکی ناسەقامگیر، هەروەها فشارە کۆبووەکان لەگەڵ شەپۆلە گەورەکانی ئاوارەبوون، ژنان ناچار دەکەن باجێکی سەخت بدەن، چونکە خۆیان بەرپرسیارن لە دابینکردنی کەمترین شت بۆ خێزانەکانیان لە بارودۆخێکی سەختدا.
سەرەڕای ئەوەی ژنان یەک ژووریان لەگەڵ خێزانەکانی تردا هەیە، بەڵام هەوڵدەدەن بەهێز بمێننەوە و پشتگیری خێزانەکانیان بکەن، وتی: هەوڵدەدەین بەهێز بمێنینەوە... چونکە خێزانەکە پێویستی بە ئێمەیە".
"گەشتی سێیەمی ئاوارەبوون"
بەدیعە مورتەزا لە شارۆچکەی "عيتا شعب" کە یەکێکە لە گوندەکانی سەر هێڵی پێشەوە، چیرۆکی دووبارەبوونەوەی ئاوارەبوونی خۆی دەگێڕێتەوە، وتی: ئەمە سێیەم گەشتی ئاوارەبوونمانە.
دەردەکەوێت کە شارۆچکەکەی لە یەکەم گوندەکانی ئاوارەبوون بووە دوای ڕووداوەکانی ٧ی تشرینی یەکەم، پاشان دیسانەوە لە کاتی شەڕی ٦٦ ڕۆژ، ئێستاش جارێکی دیکە دوای هێرشەکانی ئەم دواییە کە بووە هۆی ئاوارەبوونی تەواوەتی شارۆچکەکە بۆ ناوچە جیاوازەکانی لوبنان، دوای ئەو وێرانکارییە بەرفراوانەی کە تووشی بوو.
بەدیعە مورتەزا شەڕەکان جێپەنجەییان نەک تەنها لەسەر خانووەکان بەڵکو لەسەر ژیانی ژنانیش جێهێشتووە، وتی: جەنگەکان ئێمەیان بە تایبەت ژنان لە ڕووی ئابووری و دەروونی و تەندروستییەوە زیان پێگەیاندووین، هەروەها وەستانی کار و نەبوونی قەرەبووکردنەوە و وازهێنانی دەوڵەت لە گوندەکانی باشووری وێرانبوو، بارودۆخی زۆر سەختر کرد بۆ ئاوارەکان.
لەناو دیوارەکانی پەناگەکانی سیدان، وەک ناوچە میواندارەکانی دیکە، چیرۆکی ژنانی ئاوارە کۆدەبنەوە، کە ڕەنگدانەوەی ڕاستیەکی توندی مرۆییە کە لەگەڵ هەموو شەڕێکدا دووبارە دەبێتەوە، بۆ زۆرێک لە ژنانی باشوور، ئاوارەبوون ئیتر ئەزموونێکی کاتی نییە بەڵکو دووبارەبوونەوەیە، بارگرانی قورسی دەروونی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت.
سەرەڕای ئەوەش، ژنان بەردەوامن لە ڕۆڵێکی چارەنووسساز لە پاراستنی خێزانەکانیان و پاراستنی یەکگرتوویی و هێزی خۆیان، سەرەڕای کەمی سەرچاوە و نەبوونی پشتیوانییەکی پێویست، لە نێوان ژوورە هاوبەشە تەسکەکان و نزیکیەکی دووروودرێژ لە دامەزراوە تەندروستییەکان و دڵەڕاوکێ سەبارەت بە سبەینێ، ژنان هەوڵدەدەن لەناو ئاژاوەگێڕییەکاندا ڕواڵەتێکی ژیان دروست بکەن.
چیرۆکەکانیان تەنها شایەتحاڵی ئاوارەبوون نین، بەڵکوو هێزێکی بێدەنگن کە ڕووبەڕووی شکست و گەردەلوولەکانی شەڕ دەبێتەوە، هەروەها ئەو ژنانەی کە بەردەوامن لە هەڵگرتنی قورسایی خێزانەکانیان و داهاتوویان، تەنانەت لە ساتەکانی هەرە لاوازیشدا.