ئاژانسەکەمان قەبارەی پێشێلکارییە بەردەوامەکان لە تەعز ئاشکرا دەکات

لەژێر باری گەمارۆ و تۆپبارانی هەڕەمەکیدا لە تەعز، ئاژانسەکەمان شایەتحاڵیی بەئازاری زیانبەرکەوتووانی گولـلەی قەناسەکانی حوسییەکانی تۆمار کردووە، بە ئامار قەبارەی ئەو پێشێلکارییە بەردەوامانە ئاشکرا دەکات کە گیانی خەڵک دەستێنن و ڕێگاکانی ژیان وێران دەکەن.

ڕانیا عەبدوڵا

 

یەمەن ـ لە سایەی گەمارۆیەکی خنکێنەر و تۆپبارانێکی هەڕەمەکیی بێوچاندا، هاوڵاتییانی مەدەنی لە گوند و شاری تەعزی یەمەن، کارەساتێکی مرۆیی ڕۆژانە دەژین، ئەو ژنانەی زیانبەرکەوتووی گولـلەی قەناسەکانی حوسییەکانن، قەبارەی ئەو پێشێلکارییە بەردەوامانە دەگێڕنەوە کە لەنێو بێدەنگییەکی تەواوی نێودەوڵەتیدا، گیانی خەڵک دەستێنن

و بژێوی و ڕێگاکانی ژیان وێران دەکەن.

 

ڕەزیە عەبدول ڕەقیب یەکەم زیانبەر نەبووە و کۆتا زیانبەرکەوتووش نابێت بەهۆی قەناسەکان و تۆپبارانی هەڕەمەکییەوە کە حوسییەکان دەیکەنە سەر هاوڵاتییانی مەدەنی لە شاری تەعزی باشووری ڕۆژئاوای یەمەن، لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی  ٢٠٢٦دا، ڕەزیە لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕەکانی لە گوندی "زەباب"، فیشەکێک بەر دەستی کەوت.

 

بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کرایە ئامانج، بەڵام بە موعجیزە لە مردن ڕزگاری بوو و کاتێک گەیەندرایە نەخۆشخانە، پەنجەیەکی دەستی بڕایەوە، وتی: لە سەرەتای کێڵگەکە بووم و حوسییەکانیش لە کۆتاییەکەیدا بوون، لە کاتی گەڕانەوەمدا لەگەڵ مەڕەکان، بە شێوەی ڕاستەوخۆ تەقەیان لێکردم، هەروەها ئێمە لە ماڵ و زەویی خۆمانداین، حوسییەکان بەدوای چیدا دەگەڕێن؟! پاساوی بۆ بەئامانجگرتنم ئەوە بوو کە وایزانیوە من یەکێکم لە ئەندامانی بەرگری.

 

ناوچە گوندنشینەکانی شاری تەعز ڕووبەڕووی قەناسەکان و تۆپبارانی هەڕەمەکی دەبنەوە، کە ناوچەی قەرەباڵغ و پڕ لە دانیشتووانن، کە ئاوارەبوون یان کۆچکردن لێیان بۆ خەڵکەکەی ئەستەمە.

 

بژاردەی مانەوەو دەستبەرداربوون

گەورەترین ئاواتی ئەمەل کەمال، ژنێکی گەنجی ٢٠ ساڵ کە دایکی دوو منداڵە، بووەتە گەڕانەوە بۆ ژیانی خۆی، دوای ئەوەی گولـلەی حوسییەکان بە بڕبڕەی پشتی کەوتوو و بەهۆیەوە کۆرپەکەی ناو سکی لە مانگی چوارەمی دووگیانییەکەیدا لەدەست دا، لە کاتێکدا لە گوندەکەی خۆی شەقب لە ناوچەی سەبر مەوادم گەمارۆ درابوو.

 

ئامال کەمال لەسەر جێگاکەی لە نەخۆشخانە وتی: ئێمە لەناو گوندەکەماندا گەمارۆ دراوین، ناتوانین ماڵەکانمان جێبهێڵین یان ژیانی ڕۆژانەمان بەڕێبکەین بەهۆی بەردەوامیی تۆپباران و کردەوەکانی قەناسەکانەوە، کاتێک ناچار بووم بچمە بەردەم ماڵەوە بۆ هێنانی ئاو، سەرەتا فیشەک بەر قاچم کەوت، پاشان بەر بڕبڕەی پشتم کەوت.

 

ڕاپۆرتێکی دەرچوو لەلایەن سەنتەری مافەکانی مرۆڤ لە تەعز، ئاشکرای کردووە، کە حوسییەکان لە ماوەی مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا نزیکەی هەزار و ٤٤٤ تاوان و پێشێلکارییان دژ بە هاوڵاتییانی مەدەنی و دامەزراوە مەدەنییەکان لە تەعز ئەنجام داوە، ڕاپۆرتەکە کوژرانی ٥٤ هاوڵاتیی مەدەنی تۆمار کردووە، کە لەنێویاندا ١٩ منداڵ و ١٣ ژن هەن، لەگەڵ برینداربوونی ١٤٧ کەسی دیکە کە ٤٩ منداڵ و ٤٢ ژنیان تێدایە، سەرەڕای تۆمارکردنی ١٦٦ حاڵەتی ڕفاندنی هاوڵاتییانی مەدەنی.

 

لەسەر ئاستی موڵک و ماڵ و ژێرخانی ئابووریش، ڕاپۆرتەکە هەڵکوتانە سەر و تاڵانکردنی ٣٧٤ ماڵ و وێرانکردنی نۆ ماڵی بە تەواوی و ٢٥٥ ماڵی بە شێوەیەکی نیمچەیی بەبەڵگە کردووە، جگە لە دەستدرێژیکردنە سەر ١٢١ دامەزراوەی پەروەردەیی و ١٩٠ مزگەوت، وێرانکردنی ١١ بنکەی تەندروستی و دەستبەسەرداگرتنی ١٢٠ دامەزراوەی دیکە.

 

تاوانە بەردەوامەکان

دالیا محەمەد، چالاکوانی کۆمەڵایەتی کە لە بواری چاودێری و بەبەڵگەکردندا کار دەکات، وتی: لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە تا ئێستا قێزەونترین تاوانەکان لە شاری تەعز ئەنجام دەدرێن، بەڵام لەم دواییانەدا و بە دیاریکراوی لە مانگی ئەیلوولەوە تا ئێستا، ئەم پێشێلکارییانەی حوسییەکان هەمەجۆر بوون و دڕندەییان زیادی کردووە، ئەوان باوەڕیان بە هیچ پڕۆژەیەک نییە کە ژیانی تێدا بێت، بەڵکو هەموو پڕۆژەکانیان کوشتن و وێرانکارییە.

 

ڕوونیکردەوە، کە لە ماوەی هەردوو مانگی ئەیلوول و تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦دا، تاوانەکانی حوسییەکان فراوان بوون تا هەموو گوند و گەڕەکێکی تەعزیان گرتەوە، بە جۆرێک چەندین خێزان تۆمار کراون کە بە زۆرەملێ ڕاگوێزراون و ئاوارە بوون، وتی: بە شەو ڕاگوێزراون و هەندێکیان بە پێی پەتی و بێ جلوبەرگ دەرچوون، ئەمڕۆ هیچ شوێنێکی ئارام لەناو تەعزدا نییە کە پێشوازی لە مەدەنییەکان بکات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە تاوانەکانی بەئامانجگرتنی ڕێگاکان تۆمار دەکرێن، کە بە شادەماری ژیانی خەڵک و هاتوچۆیان بۆ ناوەوە و دەرەوەی شار دادەنرێن، سەرەڕای تەقاندنەوەی ماڵەکان، مینڕێژکردنی ڕێگاکان، دەستگیرکردن، ڕفاندن، بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن، هەڵکوتانە سەر موڵک و ماڵی هاوڵاتییان، سەپاندنی سەرانە بە زەبری هێز، هەر کەسێکیش دژایەتیی حوسییەکان بکات دەکوژرێت، بێسەروشوێن دەکرێت یان دەستگیر دەکرێت.

 

دالیا محەمەد جەختی لەوە کردەوە، کە ئاماری زیانبەرکەوتووانی مەدەنیی تەنها ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە چاودێرەکان پێیان گەیشتوون یان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان، ئاماژەی بە بوونی پێشێلکاریی تۆمارنەکراو کرد بەهۆی گەمارۆوە، لە سایەی تێکچوونی توندی دۆخی مرۆیی و پڕبوونی نەخۆشخانەکان لە بریندار.

 

هاوکات نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەردەبڕێت و وتی: هیچ ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی نییە کە بوونی خۆی بسەپێنێت یان لانیکەم میلیشیاکان ناچار بکات ڕێگە بدەن بە هێنانەناوەوەی هاوکاری بۆ نەخۆشخانە حکومییەکان تا بریندارەکان چارەسەر بکرێن، هەموو ئەم پێشێلکارییانە دژ بە دانیشتووانی تەعز ئەنجام دەدرێن.

 

هەر لەم چوارچێوەیەدا، تۆڕی یەمەنی بۆ ماف و ئازادئاسانکاری بۆ هاتوچۆی هاوڵاتییان، لەگەڵ مسۆگەرکردنی گەیشتنیییەکان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە سەرکۆنەی ئەم پێشێلکارییانە بکەن و هەنگاوی بەپەلە بنێن بۆ پاراستنی دانیشتووان، ڕاگرتنی کردەوەکانی توندوتیژی، هەڵگرتنی گەمارۆ و  پارێزراو و ڕێکوپێکی خۆراک، دەرمان، سووتەمەنی و هاوکارییە مرۆییەکان.