بەرائەت حەلەح سەرۆکی شارەوانیی مەلح... تێکشکاندنی وێنە نموونەییەکان و بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان

بە هەنگاوی پشتبەخۆبوو، بەرائەت حەلح بە وەرگرتنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی مەلح وێنە نمونەییەکان دەشکێنێت، بۆ ئەوەی ئەزموونێکی ناوازە پێشکەش بکات کە تەنها سنووری کارگێڕی و خزمەتگوزارییەکان تێناپەڕێنێت و ئامادەیی ژنان لە بڕیارداندا بەهێز بکات.

ڕۆشیل جونیور

 

سوەیدا - لە ئەزموونێکدا کە ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاریی هەڵگرتووە و سنووری کاری شارەوانی تێپەڕێنێت، بەرائەت حەلح  سەرۆکایەتیی شارەوانی مەلحی لە شاری سوەیدای سووریا دەگرێتە ئەستۆ، بۆ ئەوەی یەکەم ژن بێت کە ئەم پۆستە لە شارۆچکەکەدا وەربگرێت، لە هەنگاوێکدا کە گۆڕانکارییەکی سەرنجڕاکێش پێکدەهێنێت لە ڕاستی بەشداریکردنی ژنان لە شوێنەکانی سەکردایەتی و دروستکردنی بڕیار لە ئاستی ناوخۆیدا.

 

ئەم ئەزموونە لە پڕێکروە نەهاتووە، بەڵکو بەرهەمی نزیکبوونەوەی بووە لە کۆمەڵگە و ئاگاداربوونی لە پێداویستییەکانی، لەگەڵ ئەزموونەکانی پێشووی لە کاری کۆمەڵایەتیدا، لەوانەش بەشداریکردنی لە خولێکی پێشوودا لە ساڵی ٢٠١٨، کارکردنی لەگەڵ یەکێک لە ڕێکخراوەکاندا، هەروەها کاری پێشووی وەک فەرمانبەر لە نەخۆشخانەی "سلخد" بەشداری کرد لە بەهێزکردنی شارەزاییەکەی لە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ خەڵک و تێگەیشتن لە پێداویستییەکانیان، بۆ ئەوەی باوەڕێک لای ئەو دروست بێت کە توانایی و توانای هەیە بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی کاری شارەوانی.

 

بەرائەت حەلح ئاماژەی بەوەشکرد، کە بیرۆکەی وەرگرتنی سەرۆکایەتیی شارەوانی لە باوەڕبوونیەوە سەرچاوەی گرتووە بە توانای پێشکەشکردنی شتێک بۆ کۆمەڵگەکەی، لە حەزی ئەوەی کە ژن لە شوێنەکانی بەرپرسیارێتیدا ئامادە بێت، نەک تەنها وەک بەشداربوو، بەڵکو وەک هاوبەشێک لە سەرکردایەتی و دروستکردنی بڕیاردا.

 

ئاستەنگەکان کە سروشتی کاری شارەوانی تێدەپەڕێن

بەرائەت حەلح پێی وایە کە ئەزموونی ژن لە سەرۆکایەتیی شارەوانیدا لە یەک کاتدا لایەنی ئەرێنی و ئاستەنگیشی تێدایە، دیارترین لایەنە ئەرێنییەکان بریتییە لە بوونی قبووڵکردن بۆ ئەم ئەزموونە لەلایەن چەند توێژێکی کۆمەڵگەوە، لە کاتێکدا دیارترین سەختییەکان لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانی لەلایەن ژنێکەوە هێشتا شتێکی نامۆیە، بەتایبەتی لە شارۆچکەیەکدا کە خەڵکەکەی ڕاهاتوون پیاوان ئەم پێگەیە بگرنە دەست.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئاستەنگە ڕاستەقینەکە پەیوەندی بە توانای ژنەوە نییە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکاندا، هێندەی پەیوەندی بە تێڕوانینی کۆمەڵگەوە هەیە بۆ ژن کاتێک لە پێگەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و زانستەوە دەگوازرێتەوە بۆ پێگەی بڕیاردان.

 

کۆمەڵگە ئێستا زیاتر ژنان قبووڵی دەکات وەک پزیشک، ئەندازیار، مامۆستا ببینێت و دان بە لێهاتووییەکەیاندا دەنێت لەم بوارانەدا، بەڵام تێڕوانینەکە دەگۆڕێت کاتێک ژن دەبێتە خاوەن بڕیار و بەرپرس لە دەرکردنی ڕێنمایی و سەرکردایەتیکردنی کارەکان، لێرەدا هەندێک دیاردەی قبووڵنەکردن دەردەکەون، تەنانەت کاتێک بۆچوونی ژنەکە ڕاستیش بێت یان لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگەدا بێت.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم ئاستەنگە ڕەنگدانەوەی بەردەوامیی هەندێک وێنەی نموونەیی پەیوەست بە کۆمەڵگەی پیاوسالارییە، کە سەرکردایەتی و دروستکردنی بڕیار تەنها لە پیاواندا قەتیس دەکەن، سەرەڕای ئەوەی ژن خاوەنی توانا و لێهاتوویی پێویستە بۆ هەڵگرتنی ئەم بەرپرسیارێتییانە.

 

ئامادەیی ژن متمانەی ژنان بە بەشداریکردن بەهێز دەکات

کاریگەریی بوونی ژنێک لە لوتکەی شارەوانیدا تەنها لە لایەنی کارگێڕی و سەرکردایەتیدا قەتیس نابێت، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ سروشتی پەیوەندیی نێوان دامەزراوە ناوخۆییەکە و کۆمەڵگە، بەرائەت حەلح ئاماژەی بەوەشکرد، کە دەستی کردووە بە تێبینیکردنی هاتنی سەردانیکەرانی ژن بۆ شارەوانی، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ گرنگیی بوونی ژنێک لە پێگەی بەرپرسیارێتیدا و ئەو ڕووبەرە فراوانترەی کە دەتوانێت بۆ ژنان دابینی بکات تا پەیوەندی ببەستن و پێداویستی و داواکارییەکانیان بخەنە ڕوو.

 

ئەم ئامادەبوونە ڕەنگدانەوەی لایەنێکی گرنگی ئەزموونەکەیە، کە بریتییە لە بەهێزکردنی متمانەی ژنان بە دامەزراوە ناوخۆییەکان و هاندانیان بۆ بەشداریکردن لە کاروباری گشتیدا، هەروەها هەستکردنیان بەوەی کە دەنگ و پێگەیان هەیە لە شوێنەکانی بڕیارداندا.

 

بەرپرسیارێتییەکی دووهێندە بۆ سەلماندنی لێهاتوویی

بەرائەت حەلح تەنها پۆستێکی کارگێڕی سەیری سەرۆکایەتیی شارەوانی ناکات، بەڵکو وەک بەرپرسیارێتییەک دەیبینێت کە پێویستی بە هەوڵێکی دووهێندە هەیە لەلایەن ئەوەوە، نەک تەنها بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی پێی سپێردراون، بەڵکو بۆ سەلماندنی ئەوەش کە ژن دەتوانێت لەم پێگەیەدا سەرکەوتوو بێت.

 

ڕوونیکردەوە، کە دەبێت لە ئاستی بەرپرسیارێتییەکەدا بێت و بە لێهاتووییەوە لە چوارچێوەی توانا و ئامرازە بەردەستەکاندا کار بکات، وتی: سەرکەوتنی لەم ئەزموونەدا دەتوانێت ببێتە هەنگاوێکی گرنگ بۆ کردنەوەی دەرگا لەبەردەم ژنانی دیکەدا تا بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنە ناوخۆییەکاندا بکەن و پۆستی بەرپرسیارێتی وەربگرن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە شارەوانی قۆرخکراو نییە بۆ پیاوان، توانای ژن بۆ هەڵگرتنی ئەم ئەرکانە ئاستەنگێکە کە سەرەتا لەگەڵ خودی خۆیدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، پێش ئەوەی ببێتە ئاستەنگێک لە بەردەم کۆمەڵگەدا، چونکە ڕەخساندنی ڕووبەر بۆ ژن تا تواناکانی بسەلمێنێت لە باوەڕبوونی خۆیەوە بە توانای گەیشتن و سەرکەوتن دەست پێدەکات.

 

پێداویستییە خزمەتگوزارییەکان و ڕۆحی هاوکاریی کۆمەڵایەتی

لەسەر ئاستی ڕاستی خزمەتگوزاریش، بەرائەت حەلح جەختی لەوە کردەوە، کە شارۆچکەی مەلح، هاوشێوەی زۆرێک لە شارۆچکەکانی دیکە، ڕووبەڕووی کەمیی ژمارەیەک خزمەتگوزاری و پێداویستی دەبێتەوە، لەگەڵ پێویستبوونی بە هاوکاری و پشتگیریی زیاتر بۆ دابینکردنی داواکارییەکانی خەڵکەکەی.

 

بەڵام پێی وایە ئەو سامانە کۆمەڵایەتییە و ڕۆحی هاوکاری و پشتگیرییەی کە شارۆچکەکە هەیەتی، خاڵێکی بەهێز پێکدەهێنێت کە دەکرێت کاری لەسەر بکرێت، هەروەها کۆمەڵگەکە ڕاهاتووە لە ڕێگەی سندووقەکان، کۆمەڵەکان، چالاکییەکان و دەستپێشخەرییە ناوخۆییەکانەوە لە تەنیشت یەکتر بوەستن.

 

بەرائەت حەلح پشت بەم ڕۆحە بەکۆمەڵە و قبووڵکردنی بیرۆکەی کاری هاوبەش لەلایەن کۆمەڵگەوە دەبەستێت، بەو پێیەی جێبەجێکردنی زۆرێک لە دەستپێشخەری و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان تەنها بە هەوڵی تاکەکەسی نایەتە دی، بەڵکو پێویستی بە هاوکاریی دانیشتووان و یەکخستنی هەوڵەکانیان هەیە.