ئاناهیتا سینو چیرۆکی زمان و دەربەدەری و شەڕی خۆی دەگێڕێتەوە
لە نێوان بێدەنگی قەدەغەکردن و دڕندەیی شەڕدا، ئاناهیتا سینو قسەکانی خۆی بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی گەلەکەی نووسیوە، بیسەلمێنێت کە نووسین بەهێزترین شێوەی بەرخۆدانە.

ئەسما محەمەد
قامیشلۆ ـنووسین تەنیا ئامرازێکی دەربڕین نییە؛ کردەوەیەکی بەرخۆدان و بەڵگەنامەکردنی ناسنامە و مێژووە، بەتایبەتی کاتێک بە ئاڵەنگاری و ستەمەوە دەورە دراوە، لەو کۆمەڵگەیانەی بەدەست ستەم و بێبەشی دەناڵێنن، وشەکە دەبێتە دەنگێک کە بێدەنگی ڕەتدەکاتەوە و ئامرازێک بۆ گەیاندنی ئەزموونی کەسی و دەستەکۆمەڵی، ئەم هێزەی نووسین بە ڕوونی لە ژیانی زۆر کەسدا دیارە کە سەرپێچییان لە ڕاستی کردووە بۆ پاراستنی زمانەکەیان، هاوبەشکردنی چیرۆکەکانیان، دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە داهێنان دەتوانێت سنوور و سەختییەکان تێپەڕێنێت.
ئاناهیتا سینو زیاتر لە سێ دەیە لەمەوبەر گەشتی نووسینی خۆی لە ناو ئەو بێدەنگیەی کە زوڵم بەسەر زمانی دایکیدا سەپاندووە کە زمانی کوردییە، قسەکردن و نووسینی لێ قەدەغە کرابوو. ئەم ژنە وازی نەهێنا، بەڵکو سەرپێچی لە هەموو سنووردارکردنەکان کرد و زۆر کاری کرد بۆ ئەوەی زمانەکەی زیندوو بکاتەوە، لە ڕێگەی قسەکانییەوە هەوڵیدا فرمێسکی ئاوارەکان بسڕێتەوە و چیرۆکی ئەو ژن و منداڵانە بگێڕێتەوە کە تووشی لەدەستدانی گەرمی و ئاسایش بوون.
نووسینەکانی نامەی خۆشەویستی ژنێکە کە نەیهێشتووە نائومێدی زێدی خۆی یان خۆی لێ بدزێت، ئەمڕۆ ئاناهیتا سینو هاوسەرۆکی یەکێتی ڕۆشنبیرانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە. باسی لە ئەزموونی نووسینی خۆی کرد و وتی: گەشتی نووسینم لە ساڵی ١٩٨٨ دەستیپێکرد، لەو کاتەدا ئەستەم بوو بە زمانی دایکم، کوردی بنووسم، چونکە بە تەواوی قەدەغە بوو، بۆمان نەبوو فێری بین یان لە هیچ بوارێکی ژیانی گشتی یان کولتووریدا بەکاری بهێنین، هەر بۆیە یەکەم نووسینەکانم بە زمانی عەرەبی بوون، چونکە تاکە ڕێگە بوو بۆ دەربڕینی ئەوەی کە لەناو خۆمدا بوو لەگەڵ دەوروبەرمدا بە کوردی قسەم دەکرد، بەڵام من نەمدەزانی چۆن بینووسم، تەنانەت دایک و باوکم هەرچەند بەکوردی قسەیان دەکرد، بەڵام هیچ کەرەستە و زانستێکیان نەبوو کە لە نووسیندا بەکاری بهێنن.
وتیشی: لە ماڵەوە پەرتووکێکی بچووکم بە زمانی کوردی دۆزیەوە، دەستم کرد بە فێربوون لێی، لەسەر خۆم دەستم کرد بە فێربوون، پیتەکانم خوێندەوە، ڕستەم نووسی، هەوڵمدا لە ڕێزمانی ئەو زمانە تێبگەم کە هەمیشە خۆشم دەویست. لە هەمان کاتدا بەردەوام بووم لە نووسین بە زمانی عەرەبی. گەشتێکی دوور و درێژ بوو پڕ بوو لە سەبر و ئیرادە و چەندین ئاڵەنگاری. لەگەڵ تێپەڕبوونی کات هاوڕێکانم دەستیان کرد بە پرسیارکردنم کە هەرگیز لەبیرم نەکردووە: 'بۆچی بە کوردی نانوسیت؟' ئەم پرسیارە پاڵنەرم بوو بۆ ئەوەی زیاتر بگەڕێم و فێر بم، لە ڕێگەی نووسینەوە بەرەنگاری ببمەوە، بەڕاستی تا ساڵی ٢٠٠٢ بە زمانی کوردی باشتر دەنووسیم و ئەو کەسانەم لە دەوروبەرم دۆزیەوە کە لەم هەنگاوەدا پشتگیریان کردم.
ئەو ساتانە بە جوانترین ساتەکان دەزانێت و وتی: یەکەم کورتە چیرۆکم بە زمانی کوردی لە گۆڤاری 'زەفین' بڵاوکرایەوە. ئەو ڕۆژە هەستم کرد کە بەربەستێکی گەورەم شکاندووە و بەشێک لە خەونەکەمم بەدیهێناوە، ئەوە پاڵنەرێکی گرنگ بوو بۆ بەردەوامبوونم، بەداخەوە هەمیشە شتەکان بەو شێوەیە نەڕۆیشتن کە من ویستم. کاتێک شەڕەکە دەستیپێکرد، بە تایبەتی لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕش لە ڕاس عەین، نزیکەی ٨ ساڵ ناچار بووم واز لە نووسین بهێنم، لە ماڵەکانمان ئاوارە بووین و هەموو شتێکمان لەدەستدا، تەنانەت دەفتەر و مۆبایل و کۆمپیوتەر و هیچ شتێکم نەبوو کە پێی بنووسم، بە بارودۆخێکی سەختدا دەژیاین، بەڵام ئازارەکان بەردەوام هانیان دەدام بۆ نووسین، دوای ئەوەی لە حەسەکە نیشتەجێ بووین و دواتر لە قامیشلۆ، وردە وردە دەستم کرد بە وەرگرتنەوەی خۆم، هەستم دەکرد نووسین تەنیا شێوازی هەناسەدانی من نییە، بەڵکو بە هەمان شێوە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەو شتانەی کە ڕوویدابوو، لەبارەی شەهیدان، ژنەکان، منداڵان، ئەو ماڵانەی کە بەجێمان هێشتووە، ئەو شارانەم نووسی کە سیماکانیان بە تەواوی گۆڕابوو.
لە پاڵ زمانی عەرەبیدا گەڕامەوە بۆ نووسین بە زمانی کوردی، بۆم دەرکەوت کە نەک تەنیا لە زمان، بەڵکو لە دەربڕینیشدا بەهێزتر بووم، زۆرم لەسەر شەڕ نووسیبوو، دەربارەی ئاوارەبوون، دەربارەی ئازار، ویستم بە وشە شایەتحاڵی بدەم، بۆیە کۆمەڵێک پەرتتکم چاپ کرد، لەوانە پەرتوکەکەم بە زمانی عەرەبی، "على ذمە زيزفون". من ئەم ناوەم هەڵبژارد چونکە پێشتر دارەکانی زیزفون شەقامەکانی سەرێکانی پڕ دەکرد، بۆنەکەیان بەشێکە لە یادەوەریی من لە شارەکەمدا ڕێگایەک هەیە کە بە “دار زیزفون” ناسراوە، بەشێکە لە یاداشتنامەکەم و کاتێک ئەم پەرتووکەم نووسی، هەستم کرد کە ناونیشانەکە تەنیا دەتوانێت ئەو بێت.
هەروەها پەرتوکێکی دیکەی بە زمانی عەرەبی بە ناوی "لأني أحبك" و پەرتوکێکی بە زمانی کوردی بە ناوی "çîrokên Fektorî چیرۆکێن فێکتۆری" چاپ کرد. لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا هیچ پەرتوکێکی داهاتووی هەیە؟ وتی: لە ئێستادا سەرقاڵی پێنجەمین پەرتوکی خۆم بە زمانی کوردی، کە تا ئێستاش دەستی کۆتایی بۆ دادەنێم، ئەم پەرتوکە نوێیە زیاتر لە پەنجا دەق لەخۆدەگرێت کە چیرۆک و گۆرانی و شایەتحاڵی تێدایە. باس لە ئازارەکانی ژنان و دایکان و ئەزمونی منداڵان دەکات، ئەو ئازار و خەباتەی کە گەلەکەم پێیدا تێپەڕیوە، بەڵگە دەکات. هەر وشەیەک لە دڵی ئاوارەیەکەوە دێت، لە دڵی ژنێکی کوردەوە دێت کە ویستویەتی بڵێت “ئێمە لێرەین و بەردەوام دەبین لە نووسین”.
ئاناهیتا سینۆ، شاعیر و هاوسەرۆکی یەکێتی ڕۆشنبیران لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە کۆتایی قسەکانیدا بە بانگەوازێکی دڵسۆزانە بۆ هەموو ژنان وتی: ئێمە لە شۆڕشدا ژیاوین و لە هەموو گۆڕەپانێکدا لە هێڵی پێشەوە بووین. کاتی ئەوە هاتووە ئێمە چیرۆکەکانمان بە دەستی خۆمان بنووسین، ژیانی خۆمان بەڵگە بکەین، دەنگێکی ڕوونمان هەبێت کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.