دایکایەتی لە ژێر چادرەکانی ئاوارە لەنێوان ئازارو ئارامگرتندایە
لە گۆشەی چادرەکاندا کە سەرماو گەرما ناپارێزن، دایکان لە ڕاستییەکی بێ لێبوردن و شەڕێکی بێدەنگ بۆ مانەوەدان، لە بەردەم چادرەکانیاندا چیرۆکی ئاوارەبوونیان بۆ یەکتر دەگێڕنەوە، بەو هیوایەی ڕۆژێک بگەڕێنەوە.

شیرین محەمەد
قامیشلۆ- لەناو نەبوونی چاودێری تەندروستی بۆ ژنانی دووگیان و کەمی خۆراک و بارودۆخی ژیان کە تەنانەت سەرەتاییترین پێوەرەکانی سەلامەتیش ناگونجێت، دایکایەتی لە خەونێکی جوانەوە دەگۆڕێت بۆ بارگرانییەکی قورس کە پڕە لە مەترسی لە کامپەکاندا.
"من دایکایەتیم لە ژێر چادرەکاندا بەسەردەبەم"
لە نێوان چادرەکان و دەنگی بای سارد و گەرمای هاویندا، ژنانی دووگیان و شیردەر لە پەناگەکانی ئاوارەدا، ڕۆژانە شەڕێک دەکەن بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان و ژیانی منداڵەکانیان.
فەتیم ئەحمەد، ژنێکی ئاوارە و هاوڵاتی سری کانیە/راس عەین، کە لە چادرێکی بچووکدا لە گۆشەیەکی کامپی نەورۆزدا دەژی دەکەوێتە ناوچەی دێریکی قامیشلۆ لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئازارەکانی پێنج ساڵەی خۆی دەگێڕێتەوە، بەتایبەت لە کاتی دووگیانی و شیرپێدان. وتی: تەنها بەو پۆساکانەی لەسەر پشتم بوون هەڵاتم و هیچم لە ماڵەکەم کە ئێستا وێرانبووە نەهێنا، پێنج منداڵم هەیە، بچووکترینیان دوو مانگە و تازە لەدایک بووە.
لەناو نەبوونی چاودێری تەندروستی بۆ ژنانی دووگیان و کەمی خۆراک و بارودۆخی ژیان کە تەنانەت سەرەتاییترین پێوەرەکانی سەلامەتیش ناگونجێت، دایکایەتی لە خەونێکی جوانەوە دەگۆڕێت بۆ بارگرانییەکی قورس کە پڕە لە مەترسی.
بەم شێوەیە باسی ئازارەکانی خۆی کرد: ژنانی ناو کامپەکە، بەتایبەت ئەوانەی کە شیر دەدەن و دووگیانن، دوو هێندەی ئەو سەختییە دەناڵێنن. سەرەڕای ئەو بەدواداچوونە پزیشکییەی کە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی کامپەکەوە پێشکەش دەکرێت، ئێمە پێمان وایە بەس نییە. ژنانی دووگیان و شیردەر دەبێت چاودێری تەندروستی باش و هەمەلایەنە و جیاواز وەربگرن، بەتایبەتی دوای منداڵبوون، لە هەموو لایەنە دەروونی و ئەخلاقی و مادییەکانەوە، ڕوونی دەکاتەوە کە باری داراییان خراپە، کارەکانی هاوژینەکەی بەس نییە بۆ دابینکردنی پێداویستییە تەندروستیی و خۆراکیەکانی ئەو و منداڵەکانی. "هاوژینەکەم کاری ڕۆژانە دەکات، کرێی ڕۆژانەش بەشی هەموو پێداویستییەکانمان ناکات، ئەمە ئەو سەختییانە زیاتر دەکات کە لە ژیانی ڕۆژانەمدا ڕووبەڕووم دەبێمەوە.
"ئێمە لە سووڕێکی بەربەستی ماددی و دەروونیدا دەژین"
فەتیم ئەحمەد لە درێژەی قسەکانیدا باس لە ئازارە بەردەوامەکانی ژنان لە کامپەکەدا کردو وتی: دووگیانی و شیرپێدان و پەروەردەکردنی منداڵ لە کامپەکەدا جیاوازە لە هەموو شوێنێکی دیکە. زۆرێک لە ژنان بەدەست کەمخوێنی و بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن، چونکە سەرچاوە داراییەکانیان ڕێگریان لێدەکات لە پاراستنی تەندروستی خۆیان بەتایبەت لە کاتی دووگیانی و شیرپێدان. بارودۆخی ژنان جیاوازە، پێویستی بە چاودێری تایبەت و خۆراکی دروست و زیادبوونی پشوو هەیە بە بەراورد بە ژنانی دیکە، لە دوای لەدایکبوونی دوا منداڵیەوە تووشی کەمخوێنی بووە.
ڕوونیکردەوە کە هەژاری دەوریان داوە، لەگەڵ کەمی هەلی کار. وتی: ئەوەی هاوژینەکەم لە ڕۆژێکدا دەستدەکەوێت تەنها بەسە بۆ ئەوەی خواردنی ئەمڕۆمان پێبدات، لە کوێ خواردنی دەوڵەمەند بە ڤیتامین دەدۆزینەوە بۆ ئەوەی خۆراک بە ئێمە و منداڵەکانمان ببەخشێت؟
تەنانەت پارەم قەرز کرد بۆ ئەوەی نەشتەرگەری قەستەرەم ئەنجام بدەم، تا ئێستاش، نەمتوانیوە قەرزەکە بدەمەوە. ئەگەر خۆراکی دایکەکە تەندروست نەبێت، ئەوا منداڵەکە تووشی نەخۆشیی بەرگری خۆکار و کەیسەکانی دیکە دەبێت. بەدخۆراکیش ڕاستەوخۆ. کاریگەری لەسەر بڕ و کوالیتی شیر هەیە هەموو ئەم سەختییانە ناچارمان دەکەن لە سووڕێکی ماندوێتی و فشاری بەردەوامدا بژین، ئەمە جگە لەو سەختییانەی کە وەک ئاوارەیەک تووشی دەبین.
"چارەسەرکردنی پرسی ئاوارەبوون زۆر گرنگە"
جەختیشی کردەوە کە دایکان لە کامپەکانی پەنابەران، بەتایبەتی ژنانی دووگیان و شیردەر، تا ئێستاش پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە کە مافی ژیانیان مسۆگەر بکات، لەوە زیاتر هیچی تر.
ئاماژەی بە پێویستی خێراکردنی چارەسەرکردنی پرسی ئاوارەبوون و ئەو خاکانەی تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی داگیرکردووە، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد چاودێری بارودۆخی ئاوارەکان بکەن لە کامپەکاندا. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئەوانەی تایبەتمەندن بە ژنان و منداڵان پێویستە ئەرکی خۆیان بەرامبەر بە ئێمە جێبەجێ بکەن.
فەتیم ئەحمەد لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پێویستە بنکەی تەندروستی تایبەت بۆ ژنانی دووگیان و شیردەر لە کامپەکاندا دابین بکەین، هەروەها دەبێت پشتگیریان بکەین بە بەرنامەی خۆراک و پێداویستی منداڵبوون بە سەلامەتی، و دەرمان و چاودێری. پێویستە سەردانی مەیدانی لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکانەوە زیاد بکەین، دەبێت چاودێری تەندروستی دەروونی و جەستەیی منداڵانی ناو کامپەکان بکرێت.