چالاکوانان و هاوڵاتیانی یەمەن ڕەگ و ڕیشەی توندوتیژی دژی ژنان ئاشکرا دەکەن

لەگەڵ پەرەسەندنی توندوتیژی دژی ژنان لە یەمەن، چالاکوانان و هاوڵاتیانی یەمەن کۆدەبنەوە بۆ ئاشکراکردنی ڕەگ و ڕیشەی کێشەکە و ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی، بۆ ئاڵەنگاری سەردەمی دیجیتاڵی و بڵاوبوونەوەی توندوتیژی بۆ ناو کەشی ئەلیکترۆنی.

ڕەحمە شانزوور

 

یەمەن- لە کۆمەڵگەی یەمەندا کە بارودۆخێکی ناوازە بەخۆیەوە دەبینێت، باس لە توندوتیژی دژی ژنان بەربڵاوە، چونکە زۆرێک لە ژنان بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی شێوازی جیاوازی ئەم توندوتیژییە، هەندێکیان ئاشکرا، وەک لێدان و ئازاردانی جەستەیی، هەندێکی تریش بە نهێنی، وەک قسەی ئازاربەخش، فشاری دەروونی یان ڕەشبگیری لە کەشی ئەلیکترۆنیدا.

 

ڕاپرسییەک لە ژنانی یەمەن ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئازارە فرەلایەنەکان و ڕوانگەیەکی قووڵی ژنان سەبارەت بە چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی پێشکەش دەکات، کە لە باوەڕێکی پتەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە چارەسەرەکان ئەگەری هەیە ئیرادەی کۆمەڵایەتی و هۆشیارییەکی تەواو ئامادە بێت، ژنان ئەزموون و تێڕوانینە هاوبەشەکانیان دەگێڕنەوە، کە ڕەگیان لە ڕاستی ژیاوەکانیاندا هەیە، لەسەر چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە کە هەڕەشە لە یەکگرتوویی خێزان و کۆمەڵگە بە گشتی دەکات، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی سەرەتا لە هۆشیاری تاکەکەسی و بەکۆمەڵەوە دەست پێدەکات، پاشان بە بەهێزکردنی ئابووری و هزرییەوە، دواجار گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە چەشنە کۆنەپەرستییەکانی کۆمەڵگە سەبارەت بە ژنان و ڕۆڵەکانیان بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

 

بەهێزکردن... یەکەم چەکی ژنان

ئەتلال راجیح، چالاکوانی مافی ژنانی یەمەن، وتی: بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان "پێویستییەکی چارەنووسسازە" لە سەردەمی ئێمەدا، چەندین ڕێگە هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی، بەڵام گرنگترینیان وەک "بەهێزکردنی ئابووری و پەروەردە" دەمێنێتەوە.

 

وتیشی: ژنێک پشت بەخۆی ببەستێت و بە شێوازی سەردەمی پەروەردە بێت، کەمتر تووشی ئەو سستیە دەبێت کە دەیکاتە زیانبەرکەوتووی توندوتیژی، هەروەها بەشێکی گەورەی کۆمەڵگە پێکدەهێنن، نمونەی ژنانی سەرکەوتوو و ئیلهامبەخش هەن، بەڵام پراکتیزەکردنی توندوتیژی بەرامبەریان کاریگەرییان سنووردار دەکات و بەشداریکردنیان لە گەشەپێدان سستتر دەکات، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە بە گشتی دەبێت.

 

لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، فەتحیە حەسەن، هاوڵاتییەکی یەمەن، شیکارییەکی کۆمەڵایەتی سەبارەت بە ڕەگ و ڕیشەی کێشەکە پێشکەش دەکات ، وتی: ژنان زۆرجار بەهۆی "باوەڕی کۆمەڵایەتی" تووشی توندوتیژی دەبنەوە، وەک نموونەیەک ئەو بیرۆکەیە دەهێنێتەوە کە لە هەندێک خێزاندا بە قووڵی چەسپاوە و وەک "ئامرازێکی تەنها بۆ خزمەتکردنی پیاوان" مامەڵە لەگەڵ ژنان دەکات، کاتێک ژنێک هەوڵدەدات سنوورێک دابنێت یان ماندوێتی خۆی دەرببڕێت، پیاوەکە بە شەڕانگێزی وەڵامی دەداتەوە کە لەوانەیە بەرەو "دەستدرێژی جەستەیی یان زارەکی" بەرزبێتەوە.

 

پێیوایە پەروەردەکردن لەناو خێزاندا ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت لە داڕشتنی هۆشیاری منداڵان، ڕوونی دەکاتەوە کە ڕێزگرتن لە یەکتر لە ماڵەوە دەست پێدەکات، کاتێک پەروەردەکردن تەندروست بێت، پیاو تێدەگات کە ژن لە خۆی کەمتر نییە، پەیوەندی نێوانیان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنە.

 

ئاماژەی بەوەکرد، کە هەندێک خێزان هێشتا تەنها وەک ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی پیاوان سەیری ژنان دەکەن، ئەمەش دەرگا بەڕووی پراکتیزە توندوتیژییەکان دەکاتەوە کە ڕەنگە جەستەیی یان زارەکی بن، مەرج نییە توندوتیژی جەستەیی بێت، هەندێک جار قسەی ئازاربەخش دەتوانێت وێرانکەرتر بێت لە لێدانی جەستەیی.

 

سەرەڕای ئەمەش، فەتحیە حەسەن جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەیوەندی نێوان ژن و پیاو دەبێت لەسەر بنەمای هاوبەشی و تەواوکەری بێت، پیاو هاوبەشی ژنە، هیچ کۆمەڵگەیەک ناتوانێت بە باشی کار بکات ئەگەر پەیوەندی نێوانیان لەسەر بنەمای توندوتیژی یان دوورخستنەوە بێت.

 

”کاتێک توندوتیژی دەچێتە شوێنی ئەلیکترۆنی”

شیفا محەمەد، خوێندکاری میدیا، ئاماژە بەوە دەکات، کە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی لە خۆئاگابوونی ژنان و توانای پەرەپێدانی خۆیانەوە دەست پێدەکات، گرنگی پەروەردە و هۆشیاری دەکاتەوە لە بونیادنانی کەسایەتییەکی بەهێز کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی هەبێت، هەروەها ئەمڕۆ توندوتیژی لە جیهانی ڕاستەقینەدا قەتیس نەماوە، درێژبووەتەوە بۆ کەشی ئەلیکترۆنی، وەک ڕەشبگیری لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی.

 

پێیوایە بەهێزکردنی ژنان بە زانیاری و لێهاتوویی گرنگترین ڕێگایە بۆ پاراستنیان، گرنگە ژنان پەروەردە بکرێن کە چۆن ڕووبەڕووی سەختییەکانی ژیان ببنەوە و لە ڕووی دەروونییەوە بەهێز بن بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن هیچ شتێک لەناویان ببات.

 

لە کۆتاییدا پرسی توندوتیژی دژی ژنان لە یەمەن وەک شەڕێکی ڕۆژانە دەمێنێتەوە کە ژنان بەشێک بن لە چارەسەرەکە هەڵیانبژاردووە نەک تەنها زیانبەرکەوتووی کە چاوەڕێی ڕزگاربوونن.

 

ئەوەی ئەتلال و فەتحیە و شیفا وتوویانە نەخشەڕێگایەکی ڕوونە کە لە بەهێزکردنی ئابووری و پەروەردەوە دەست پێدەکات، پەروەردەکردنی منداڵان لەسەر بەهاکانی ڕێزگرتن و هاوبەشی لەخۆدەگرێت، هەروەها کەمتەرخەم نییە لە هاوسەنگی لەگەڵ ئاڵەنگاری سەردەمی دیجیتاڵی و پاراستنی ژنان لە ڕەشبگیری ئەلیکترۆنی.

 

بەڵام بەرپرسیارێتیەکە بەتەنها ناکەوێتە ئەستۆی ژنان، داوا لە هەموو کۆمەڵگەی یەمەن دەکرێت کە بە حیساباتەکانی خۆیدا بچێتەوە و بزانێت کە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان وەبەرهێنانێکە لە داهاتووی وڵات بە گشتی، ژنان کە نیوەی کۆمەڵگە پێکدەهێنن و زیاتریش لەبەر ڕۆشنایی هەلومەرجی شەڕ و ئاوارەبوون، هاوبەشێکی بناگەیەن لە بونیادنانی و گەشەپێدان و هەر توندوتیژییەک کە بەرامبەریان پراکتیزە بکرێت، دواجار توندوتیژییە لە دژی سەقامگیری و پێشکەوتنی گەل.