سیبەل ئاڤاغ لە ڕزگاربووێکەوە دەگۆڕێت بۆ دەنگێک بۆ زۆرێک لە ژنان

سیبەل ئاڤاغ، ژنێکی دانیشتوی باکووری کوردستانە، بەرگەی منداڵییەکی دزراو و هاوسەرگیریەکی زۆرەملێ و توندوتیژییەکی بێوچانی گرتووە، بەهێزتر لە هەموو ئەمانە دەرچووە، ئەمڕۆ بە توندی وەستاوە بۆ ئەوەی دەنگێک بێت بۆ ئەو ژنانەی کە دەنگیان نەبیستراوە.

مەميهان هیلبين زەيدان

 

وان-توندوتیژی دژی ژنان لە تورکیا و باکووری کوردستان دەگاتە ئاستێکی مەترسیدار، ئەم دیاردەیە بووەتە نەخشێکی کۆمەڵایەتی قووڵی چەسپاوە، بەهۆی سستی پاراستنی یاسایی و نەبوونی ڕێگرییەکی کاریگەرەوە خراپتر بووە، داتاکانی ئەم دواییە بەرزبوونەوەی مەترسیداری ژنکوژی ئاشکرا دەکەن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ژینگەیەکە کە ئاسانکاری بۆ بەردەوامبوونی توندوتیژی دەکات نەک کەمکردنەوەی.

 

ئەو ژنانەی کە هۆکارە بنەڕەتییەکانی توندوتیژی ئاشکرا دەکەن، درک بەوە دەکەن کە، بە تێپەڕبوونی کات، دەبێت شەڕ بۆ هەموو ئەو ژنانە بکەن کە تووشی توندوتیژی دەبن یان مەترسی تووشبوونیان لەسەرە، لە خۆیانەوە دەستپێبکەن لە نێو ئەم ژنانەدا سیبەل ئاڤاغ هەیە.

 

سیبەل ئاڤاغ، کە ئێستا تەمەنی ٣٤ ساڵە، لە خێزانێکدا لەدایکبووە کە بڕیاریانداوە هاوسەرگیری ئەنجامبدەن کاتێک تەمەنی تەنها ١٣ ساڵ بووە و خوێندکاری پۆلی حەوتەم بووە، خەونی منداڵییەکی ئاسایی دەبینی، بەڵام ڕۆژێک لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، ڕووبەڕووی بڕیارێکی نەگەڕاوە بووەوە: ئێمە هاوسەرگیری تۆمان ئەنجامداوە.

 

داوای بیروڕای خۆی لێ نەکرا، هەروەها بژاردەیەکیشیان پێ نەدا، ئەو پیاوەی خێزانەکەی بۆی هەڵیانبژاردبوو، ١١ ساڵ لە خۆی گەورەتر بوو و برای هاوژینی خوشکەکەی بوو، لەو ساتەوە ژیانی دەستی بە دابەزین کرد بۆ مۆتەکەیەکی درێژخایەن.

سێ مانگ و نیو بە دەستگیرانداری مایەوە، لەو ماوەیەدا تەنانەت یەکجاریش دەزگیرانەکەی نەبینیوە، دوای زەماوەندەکە، تەواوی مانگی یەکەمی هاوسەرگیرییەکەی لەناو ماڵەکەدا خۆی بەدوور گرت و لە گۆشە و ژوورەکاندا خۆی حەشاردا، هەوڵی پاراستنی ئەو منداڵییەی دەدا کە بە زۆر لێی سەندرایەوە.

 

”ڕێگای منداڵی دزراو”

سیبەل ئاڤاغ ئەو ڕۆژانە بیردێتەوە و وتی: منداڵ بووم، نەمدەتوانی نزیکایەتییەکەی قبوڵ بکەم، باری دەروونیم بە تەواوی داڕما، هێشتا جەستەم دەدۆزیەوە، تازە دەستم بە سوڕی مانگانە کردبوو، لە ململانێیەکدا گیربووم کە لە نێوان جەستەیەکی گەنج کە هێشتا گەشە دەکات و ڕاستیەکی سەخت کە ناچاری کردم ڕۆڵی ژنێک بگێڕم کە هێشتا نەبووە.

سیبەل ئاڤاغ گێڕانەوەی خۆی دەباتە قۆناغێکی خەمناکتر، قۆناغێک کە قووڵی ئەو ئازارە ئاشکرا دەکات کە لە سەرەتای منداڵییەوە بەرگەی گرتووە، لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا هاوسەرگیری کردووە، خۆی بینی چواردە ساڵە و دووگیان بووە بە یەکەم منداڵی، لەناو ڕاستیەکدا گیری خواردووە کە هیچ دەرفەتێکی هەڵبژاردن و تێگەیشتنی پێنەدراوە.

 

لە ساڵی ٢٠٠٧ کە تەمەنی تەنها ١٥ ساڵ بوو، بە بەکارهێنانی ناسنامەیەکی دروستکراو چووە نەخۆشخانە بۆ منداڵبوون، ئەو ساتانەی بە زیندوویی لەبیرە، هەروەها پزیشکەکان تێبینیان کرد کە ناسنامەکە هی ئەو نییە، بەڵام موختاری گوندەکە دەستوەردانی کرد بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان، ئەو خولەی بەردەوام کرد کە هەر لە سەرەتاوە هەبوو.

 

سیبەل ئاڤاغ بە دڵتەنگیەوە وتی: ئەگەر ئەو کاتە بێدەنگ نەبوونایە، لەوانەیە منداڵی دووەمم دواتر لەدایک بووایە، بەڵام تەنها دوای ساڵ و نیوێک، دووبارە دووگیان بوومەوە.

 

یەکەم لەدایکبوون سەرەتای گەشتێکی دوور و درێژ و پڕ لە ئازار بوو، هەروەها گەشتێکی درێژتر بۆ دەربازبوون لە سووڕی توندوتیژییە کە لە منداڵییەوە دەوری دابوو، بەڵام سیبەل ئاڤاغ وەک شایەتحاڵی ئەزموونی خۆی مایەوە و بۆ دۆخی نالەباری هەموو کچێک کە مافی گەورەبوونی لە پارێزراویدا ڕەتدەکرێتەوە.

 

”ژیان لە ماڵی خێزاندا... خولێکی بێکۆتایی توندوتیژی”

سیبەل ئاڤاغ لەگەڵ هاوژینەکەی و دوو منداڵەکەی لە ماڵی خێزانەکەیدا دەژیا، لەوێدا ئەو توندوتیژییە دەروونی و کۆمەڵایەتییانەی لە سنووری ماڵەکانیاندا بەسەر ژناندا دەسەپێندرا، بڵاوبووەوە، دوای بوومەلەرزەکەی وان، خێزانەکە ڕوویان لە ئیستەنبوڵ کرد، بەڵام فشارە بەردەوامەکانی هاوژینەکەی ناچاریان کرد بگەڕێنەوە گوندەکەیان، لەوێ جارێکی دیکە خۆی لە هەمان ژینگەدا بینیەوە کە ئازارەکانی بەردەوام کردبوو.

بەرگەی فشارە دەروونییە بێوچانەکانی هاوژینەکەی و خێزانەکەی گرت، دوای ١٢ ساڵ لە ژیانی هاوسەرگیری، بڕیاری جیابوونەوەی دا، بەڵام نەبوونی هیچ پاڵپشتییەکی ڕاستەقینە، ناچاری کردووە بگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنانەی کە بە "شوێنی توندوتیژی" پێناسەی دەکات، وەک ئەوەی هەرگیز بەجێی نەهێشتبێت.

”هەوڵی هەڵهاتن و گەڕانەوەی زۆرەملێ”

 

سیبەل ئاڤاغ وتی: منداڵەکانم برد و لەگەڵ خوشکەزاکەم چوومە ئیستەنبوڵ، دوای ئەوەی ڕۆیشتم وتیان لەگەڵ خۆشەویستێکدا هەڵهاتووم! دوو ڕۆژ لەگەڵ خوشکەکەم مامەوە و دواتر گەڕامەوە ماڵی دایک و باوکم، نزیکەی حەوت هەشت مانگ لە ئیستەنبوڵ مامەوە، بەڵام خێزانەکەم منداڵەکانیان نەویست، خێزانی هاوژینەکەم بەردەوام تەلەفۆنیان دەکرد و دەیانوت منداڵەکانمان بۆ بنێرن ناچار بووم بیاننێرم.

 

بەهۆی ئەوەی بیری منداڵەکانی دەکرد و بەردەوام ڕووبەڕووی فشاری خێزانی هاوژینەکەی بووەوە، گەڕایەوە ماڵەوە، وتی: ئەوان هەوڵیان دەدا ناوبانگم تێکبدەن لەبەردەم منداڵەکانمدا، دوای ماوەیەکی کەم لە گەڕانەوەم، دووگیان بووم بە منداڵی سێیەم، دووگیانیەکەم زۆر سەخت بوو، تەنانەت درکم بەوە نەدەکرد کە دووگیانم، کاتێک زانیم کۆرپەکە شەش مانگ بوو.

 

”سەرەتای دابڕان و پەنابردن لە پەناگەیەک بۆ ژنانی ئازاردراو”

گرژییەکانی ناو ماڵی خێزانەکە دوای ئەوەی کچەکەی سیبەل ئاڤاغ تووشی نەخۆشی سیلیاکی بوو، پەرەی سەند، ئەمەش دەمەقاڵەی ڕۆژانەی توندتر کرد، تەمەنم ٢٤ ساڵ بوو، هەموو ڕۆژێک لەسەر چارەسەری کچەکەم دەمەقاڵەمان دەکرد، ڕۆژێک نەمتوانی چیتر بەرگەی بگرم، بۆیە ڕاپۆرتی هاوژینەکەمم کرد لای پۆلیس، هەموو شتێکم لە ڕاگەیاندراوەکەمدا پێوتن، بەدرێژایی ژیانی هاوسەرگیریم بەرگەی ئازاردانی جەستەیی و دەروونیم گرتووە، تا ئێستاش نیشانەی لێدانەکان لەسەر ڕوخسارم دیارە، دوای ئەوەی لێدوانەکەم داوە، زانیاریم لەسەر پەناگەی ژنان وەرگرت، بەو پێیەی منیش هەروا بووم، لە خێزانەکەم تووڕە بووم، لەگەڵ منداڵەکانمدا چوومە پەناگە، چونکە کوڕەکەم تەمەنی ١٢ ساڵ بوو، سێ مانگ و نیو لەگەڵ باوکیدا مایەوە.

 

”ڕێگایەکی یاسایی سەخت بۆ دەستبەسەرکردن”

سیبەل ئاڤاغ بەردەوامە لە گێڕانەوەی ململانێکانی دوای جیابوونەوەکە و ئاماژە بەوە دەکات، کە لە کاتی کۆڤیدا توانیویەتی بە تەنها خانوویەکی جیا بە کرێ بگرێت، لەو ماوەیەدا کاری زیادەم دەکرد، کوڕەکەم لای باوکی بوو، ئەوانیش سەرپەرشتیکردنی سێ منداڵەکەمیان پێنەدەدام، لەگەڵ جیابوونەوە، داوای نەفەقە و قەرەبوو و سەرپەرشتیکردنم کرد، ڕێوشوێنەکان جێی کاردانەوەی بوون، لەو ماوەیەدا کوڕەکەم نەخۆش کەوت، بردیان بۆ نەخۆشخانە، لەوێشەوە هاتە لام، منیش نەم ناردەوە بۆ گوندەکە، پێیان وتم کەیسەکە بە ڕێککەوتنی هاوبەش دەگۆڕدرێت بۆ جیابوونەوە ئەگەر دەستبەرداری داواکارییەکانم بم بۆ قەرەبووکردنەوە و نەفەقە و سکاڵاکە، تەمەنم ٢٧ ساڵ بوو کاتێک جیابوومەوە و سەرپەرشتیکردنی منداڵەکانم پێدرا.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای جیابوونەوەی خێزانەکەی بۆ ماوەی حەوت ساڵ پەیوەندییان پێوەنەکردووە، بەمەش گەشتەکەی قورستر بووە، بەڵام کۆڵی نەداوە، وتی: بە هەموو توانامەوە خۆ. بە ژیانەوە گرێدا و ماندوو نەناسانە بەردەوام بووم لە کارکردن، تا کۆتایی هاتنی ڕێوشوێنی جیابوونەوەکە کارم کردووە، تا ئێستاش کارم کردووە، دوو منداڵەکەم لە خوێندنگەن.، کوڕەکەم تەمەنی ئامادەییە بەڵام ناچێتە خوێندنگە، لە دوکانێکی شیرینی کاردەکات.

 

سەرەڕای هەموو ئەو شتانەی بەسەریدا تێپەڕیوە، سیبەل ئاڤاغ توانی ژیانی خۆی بونیاد بنێتەوە و هەستێکی ئاسایش بۆ منداڵەکانی دابین بکات کە خۆی لە منداڵیدا لێی بێبەش بووە، وتی: لە کۆتاییدا توانیمان ژیانمان پێکەوە جێگیر بکەین.

 

بەشداریکردن لە خەباتی فێمینیست

پێی وایە هاودەنگی لەنێوان ژناندا تەنها هەڵبژاردن نییە، بەڵکو "پرسی ژیان یان مردنە"، لەم تێگەیشتنەوە دەستی بە گەشتەکەی کرد بۆ چالاکی ژنان، هەوڵیدا ئەو شتانە بدات بە کەسانی دیکە کە خۆی لە سەختترین قۆناغەکانی ژیانیدا تامەزرۆی بوو.

دوای ئاشنابوون بە تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا)، سیبەل ئاڤاغ دەستی کرد بە بەشداری چالاکانە لە چالاکییەکانی ژناندا، لەم شوێنەدا سەکۆیەکی دۆزیەوە بۆ دەربڕینی خۆی بە زمانی دایک و شوێنی پێشکەشکردنی پشتگیری بۆ ئەو ژنانەی کە لە بارودۆخێکی هاوشێوەدا دەژین، دواتر لە چوارچێوەی کۆمەڵەی ژنانی ستار درێژەی بە چالاکییەکانی دا و بۆ یەکەمجار هەستی بەوە کرد کە دەنگی دەبیسترێت و ئەزموونەکەی دەتوانێت ببێتە مایەی هێز بۆ کەسانی دیکە.

 

لە کۆتایی چیرۆکەکەیدا وتی: من ئەمڕۆ لێرەم چونکە باوەڕم بەخۆم هەبوو، دەتوانم لەسەر دوو پێی خۆم بوەستم، دەمەوێت پشتگیری هەموو ئەو ژنانە بکەم کە وەک من تووشی نادادپەروەری بوون، ئەگەر لە ڕابردوودا زانیاریم لەسەر ئەو جۆرە ڕێکخراوانە هەبووایە، سەرەتا ڕووم تێدەکردن، دەمەوێت ناوی کۆمەڵەی ژنانی ستار بگاتە دەستی هەمووان چونکە، وەک ئەو ژنانەی کە تووشی توندوتیژی بوون، ئێمە باشتر لە یەکتر تێدەگەین، ئێمە لێرە قسە بە زمانی دایک دەکەین، هەروەها لە یەکتر تێدەگەین پێشتر هەرگیز نەمدەزانی شوێنێک هەیە کە بتوانم بە زمانی خۆم ئازارەکانم ڕوون بکەمەوە.

 

سیبەل ئاڤاغ تەنها ڕزگاربووی توندوتیژی نییە، بەڵکو ژنێکە دانیشتوی باکووری کوردستانە و ئەزموونە خەمناکەکەی هەڵگرتووە و گۆڕیویەتی بۆ هێز، ڕووبەڕووی ژیانێک بووەوە کە پڕ بوو لە ئازاردان، بەڵام خۆی بە هیواوە چەسپاند و هەنگاو بە هەنگاو ڕێگای خۆی بونیادنا تا بوو بە دەنگێک بۆ زۆرێک لەو ژنانەی کە کەسیان نییە گوێیان لێبگرێت، وتی: کەس گوێی لە من نەبوو و ئەمڕۆ لێرەم بۆ ئەوەی دەنگێک بم بۆ ژنانی دیکە.