"قەیرانی ئابووریی کاریگەری و بارگرانی لەسەر ژنان زیاترە"
قەیرانی ئابووری کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژنان داناوە، بە تایبەت ئەو ژنانەی کاردەکەن و بژێوی خێزانەکانیان دابین دەکەن دەڵێن: نرخی کاڵاو پێداویستییەکانی گران بوون، ئەمەش کاری لەسەر ژنان زیاترەو ناتوانن پێداویستییەکانیان دابین بکەن.
شلێر کۆیی
کۆیە-لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەختی ئابووری و قەیرانی گرانیی شتوومەک، نەبوونی کاڵای پێویست تێدەپەڕێت، ڕەنگدانەوەی ئەم قەیرانانە بە ڕوونیی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و بەتایبەت ژنان دیارە، فێستیڤاڵ و بازاڕە ناوخۆییەکان کە پئشتر پڕبوون خەڵک و لە جموجۆڵ، لەئێستادا بەهۆی نەبوونی توانای کڕینی هاوڵاتییان و قورسایی خەرجییەکانەوە ساردییان تێکەوتووە، ئەم ڕاپۆرتە ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەو بارودۆخە و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئەو ژنانەی کە پشت بە کارە دەستییەکان و داهاتی سەرشانی خۆیان دەبەستن بۆ بەڕێوەبردنی ژیانیان.
"بەهۆی بەرزی نرخ فشارێکی زۆر دەکەوێتە سەر خێزانەکان"
کوێستان سەلام، کاری چێشتلێنان دەکات لە فێستیڤاڵەکان سەبارەت بە کزی بازاڕو کەمبوونەوەی کڕینی پێدایوستی ڕۆژانە لەلایەن هاوڵاتیانەوە وتی: ئێمە وەک کاری خۆمان همیشه بەردەوام دەبین لە فێستیڤاڵەکان و بە پێی کەموکوڕی بازارەکە ئێمە وەک خۆمان فرۆشی خۆمان دەکەین، بەڵام بەگشتی ئێستا بازاڕ کزە لە فێستیڤاڵەکان، لە هەموو فرۆشگەکانیش هەموو بازار هەروایە ئەوەش بە هۆی بەرزی نرخی دولارو بە هۆی کەشوهەوا و دەستپێکردنی خوێندن و کۆمەڵێک شتی دیکەوە، ئێمەش بێبەش نین لەو بازار کزییە، حکومەت بەر پرسیارە ، چونکە لەو هەموو نەوت زۆریەی ناوخۆ کەچی خەڵک نەوتی نییە بیسوتێنێ لەکاتێک لەسەرەتای زستانێکی سەختداین و هەرکات گەرمکەرەوە نەبێت نەخۆشی زۆر دەبێت، بەتایبەت ئەو ماڵانەی منداڵیان هەیە یان کەسی بەتەمەنیان هەیە نەخۆشیان هەیە، بەوەش فشارێکی زۆر دەکەوێتە سەر خێزانەکان، لەکۆتاییدا بەئومێدین ئەو بارودۆخە چاک ببێت.
"خەڵک پارەی پێنییەو نرخەکان گرانن"
دڵبەند رەفیق وتی: ئێمە وەک ژنانی پیشەگەر بەشداری هەر شتێک بکەین بازاڕمان کەمە یان نییە، ئەوەشی دێت بەناچاری گەر شتێک بۆ منداڵەکانی بکڕێت، چونکە خەڵک پارەی پێنیە، هەرچەندە موچە دێت بەڵام شت ئەوەندە گرانە بەشی هیچ ناکات.
دڵبەند رەفیق، کە کاری فرۆشیاری دەکات پێیوایە لایەنی پەیوەندیدار بارگرانی زۆری خستۆتە سەرخێزانەکان و وتیشی: پێویستە حکومەت لەم کاتەدا کە نرخی دۆلارو کاڵاکان بەرزن سووتەمەنی وەک بەنزین و نەوت دابین بکات بۆ خەڵک و چارەسەرێک بۆ گرانی دۆلار بدۆزنەوە، چونکە شت زۆر گرانە، هەر شتێک پێنج شەش هەزار دیناری هاتۆتە سەر، و لەهەمو لایەکەوە میللەت قوری خراوەتە سەر.
"خەڵک شتی پێ ناکڕدرێت و فشارەکە زیاتر بۆ سەر ژنانە"
سارا خالید، ژنێکی دەستڕەنگینەو کاری دەستی دەکات لەبارەی ئەو گرانیەی هەیە وتی: گرانیەکە کاری کردۆتە سەر هەموو ئیشێک، جاران فێستیڤاڵەکان کاریگەری زۆر بەسوودی بو بۆئێمەی خاوەن پیشە هەبوو، بەڵام ئەو گرانیەی ئێستا هەیە لە شتومەک بەتایبەت بەرز بوونەوەی دۆلار وایکردووە ئێمەش شت بە گران بکڕین ، کە کاڵاو شتیش گران بێت خەڵک پێی ناکڕدرێت.
سارا لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: گرانی شتومەک فێستیڤاڵەکانی چۆڵکردووە یان ئەوەی دێش شتی پێناکڕدرێت، ئەوەی هەیە بەشی بخۆو بڕۆی دەکات. فشارەکە زیاتر بۆ سەر ژنانە چونکە ئەو ژنانەی لەناو ماڵن ئەوان ماڵداری دەکەن ئەوان زۆرتر خەرجیان پێویستە بەوەش قورسایی زۆر لەسەریان دروست دەبێت، قورساییەکە بۆ سەر ئەو ژنانەشە کە لە دەرەوەن و کار دەکەن.