ژنێکی٨٠ ساڵ تاڵیی ئاوارەبوون لە نێوان دوو کارەساتدا دەگێڕێتەوە
لە نێوان نەکبەی ساڵی ١٩٤٨ و شەڕی ٢٠٢٣دا، بەهیە بەیک تەمەن ٨٠ ساڵ دووجار ئاوارەبوونی بەسەر بردووە، لە منداڵێکەوە کە لە لەسەر شان هەڵگیراوە تا داپیرەیەک کە کلیلی ماڵە وێرانەکەی لە غەززە گرتووە، شایەتحاڵی برینێکە چاکبوونەوەی ئەستەمە.
رەفیف ئیسلیم
فەڵەستین- بەهیە بەیک، دووجار نەکبەی فەڵەستین ژیا، یەکەم جار لە ماڵەکەی خۆی لە شاری یافا دەرکرا کە یەکێکە لەو خاکە فەڵەستینییانەی لە ساڵی ١٩٤٨ داگیرکران، جاری دووەمیش لە ماڵەکەی خۆی لە کەرتی غەززە دەرکرا کە ئێستا دەکەوێتە پشت هێڵی زەردەوە و هێزەکانی ئیسرائیل لە میانەی جەنگی ٢٠٢٣دا وێرانیان کرد، بەڵام ئەو هێشتا هەردوو کلیلەکەی لای خۆی پاراستووە بە هیوای گەڕانەوە بۆ هەردوو ماڵەکەی، دوای ئەوەی سەرەنجام وەک ئاوارەیەک لە چادرێکدا نیشتەجێ بووە کە نە لە گەرمای هاوین دەیپارێزێت و نە لە سەرمای زستان.
بەهیە بەیکی تەمەن ٨٣ ساڵ، وردەکارییەکانی ئاوارەبوونەکەی ساڵی ١٩٤٨ی بیر نایەتەوە، چونکە منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ بووە و باوکی خستوویەتییە سەر شانی و بەرەو شاری غەززە ئاوارەبوون، دوای ئەوەی بیستبووی چ کۆمەڵکوژییەک بە تایبەتی دژ بە ژنان و منداڵان ئەنجام دراوە، بۆیە لەسەر خێزانەکەی ترساوە و لە یافاوە ئاوارە بووە و لە کامپەکانی پەنابەراندا ماوەتەوە.
لە گێڕانەوەی قسەکانی دایکییەوە دەیگوازێتەوە کە ئەوان زۆر لە کامپەکەدا نەمانەوە چونکە باوکی توانی پارچە زەوییەک لە شوێنی ئاوارەبوونەکەیان بکڕێت و خانوویەکی نوێی دروست کرد، بەڵام لەو ماوەیەدا بە زۆرەملێ بۆ چەندین مانگ و ساڵ برسی نەکران و بە تەن مووشەک و تەقەمەنییان بەسەردا نەبارێنرا، دەیان جار بە پێ ئاوارە نەبوون، هەروەها لەو کاتەدا دەیانتوانی ئەوەی پێویستیان بێت بیکڕن و بەشێک لەوەی لە کاتی ئاوارەبووندا لەدەستیان دابوو بەدەستیان هێنایەوە، لە کاتێکدا لە جەنگی ٢٠٢٣دا ئاوارەبوو نەیاندەتوانی ئەوەی پێویستییەتی بیکڕێت بەهۆی ئەو کۆتوبەندانەی ئیسرائیل کە ڕێگری لە چوونەژوورەوەی کاڵاکان دەکەن.
هێشتا کلیلی ماڵەکەی پشت هێڵی زەردی لە دەستدایە
بەهیە بەیک گەورە بوو و هاوسەرگیری کرد و گەشتی کرد بۆ کوەیت تا لەوێ خێزان پێکبهێنێت، بەڵام کاتێک منداڵەکانی گەیشتنە زانکۆ ناچار بوو بگەڕێتەوە بۆ شاری غەززە بەهۆی گرانییەکی لەڕادەبەدەری خوێندنی بیانییەکان لە وڵاتانی کەنداو، ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە ناوچەی شەعەف لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە نیشتەجێ بووە و لەوێ باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی بۆ خۆی و منداڵەکانی دروست کردووە، کە فێری کردن و یەک لە دوای یەک ژنی بۆ هێنان، قەراغەکانی ماڵەکەشی کردبووە زەوییەک بۆ چاندن، ئەمەش هەموو ئەوە بوو کە خەونی پێوە دەبینی تا ئەو کاتەی جەنگ هەڵگیرسا.
باسی لە ماوەی دەرکردنی فەرمانی کۆچپێکردنی زۆرەملێ کرد لە میانەی جەنگی ٢٠٢٣دا، وەک پەنابەرێک یەکەم دەرچوونی لە وڵات بیرکەوتەوە و تووشی شەپۆلێکی گریان بوو و ماڵەکەی بۆ کێ جێبهێڵێت، بۆیە لە ناوچەکانی باکووری کەرتی غەززە مایەوە و لە ماڵێکەوە بۆ قوتابخانەیەک و بۆ نەخۆشخانەیەک هاتوچۆی دەکرد، تا کار گەیشتە ئەوەی بچێتە ناو چادرێک کە کوڕەکانی لە تەنیشت چادرەکانی خۆیانەوە هەڵیان دابوو، بەڵام ئەو هێشتا کلیلی ماڵەکەی پشت هێڵی زەردی لە دەستدایە.
بەهیە بەیک پێی وایە ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٣دا بینیویەتی "نەکبە ڕاستەقینەکە"یە، چونکە لە کاتێکدا لە نەکبەی یەکەمدا ئەزموونی برسێتیی بۆ چەندین ساڵی درێژ نەکردبوو، لە ماوەی ئاوارەبوونیدا لە غەززە قاتوقڕییەک ژیا کە ساڵ و نیوێکی خایاند، لەو ماوە سەختەدا، ناچار بوو جۆ و فاسۆلیا و نیسک بهاڕێت، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی ئالیکی ئاژەڵان بهاڕێت بۆ دروستکردنی نان، کاتێک هێزەکانی ئیسرائیل دوای چەند مانگێک ڕێگەیان بە چوونەژوورەوەی ئارد دا، سەوزە و گۆشت هەر بە قەدەغەکراوی مانەوە، تا لە بازنەی برسێتی و بێبەشبووندا بمێنێتەوە، هەروەها بێبەش بوو لە خواردن و ئاوی پاک و کەمترین پێداویستییەکانی ژیان.
گرێی خەونی گەڕانەوە
ئەوەی لە هەمووی زیاتر خەمباری دەکات یادەوەرییەکانی ئاوارەبوونە کاتێک فەرمانی چۆڵکردن بۆ ناوچەیەک دەردەچوو کە ئەو تێیدا ئاوارە بوو و توانای ڕۆیشتنی نەبوو، بۆیە کوڕەکانی دەستپێشخەرییان کرد بۆ هەڵگرتنی ئەو و هەڵگرتنی کەلوپەلەکان، ئەمەش وای لێدەکرد هەست بکات کە بووەتە بارگرانییەکی زیادە بەسەریانەوە لەبری ئەوەی یارمەتییان بدات، هەروەها بە درێژایی ماوەی جەنگەکە دەرمانەکانی خۆی دەست نەکەوتووە و بە نرخێکی چەند هێندە دەیکڕی، بە تایبەت کاتێک بارودۆخی تەندروستی تێکدەچوو، چونکە بەهۆی ئەوەی خاوەنی نەخۆشییەکی درێژخایەنە ناتوانێت دەرمانەکانی ڕابگرێت.
بەهیە بەیک جەختی لەوە کردەوە، کە هاوڵاتی فەڵەستینی خاک و ماڵی خۆی نەفرۆشتووە وەک ئەوەی هەندێک پڕوپاگەندە بڵاوی دەکەنەوە، بەڵکو بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە زێدی خۆی جێهێشتووە، لەپێناو ڕزگارکردنی خۆی و خێزانەکەی.
بە گروتینەوە کۆچی دوایی دایک و باوکی بەبیر دەهێنێتەوە کە ماڵئاواییان لە ژیان کرد و لە دڵیاندا گرێی خەونی گەڕانەوە و بینینی ماڵەکەیان تەنانەت بۆ یەک جاری کۆتاییش مابووەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەو کچی شاری یافا "بووکی دەریا"یە وەک ئەوەی مێژوونووسانی فەڵەستین پێناسەیان کردووە، بەڵام وتی: ئەگەر ئەمڕۆ سەرپشک بکرێت لە نێوان گەڕانەوە بۆ ماڵەکەم لە یافا یان ماڵەکەم لە غەززە، ئەوا بێ دوودڵی غەززە هەڵدەبژێرم، چونکە ئەوە ئەو خاکەیە کە منداڵی و گەنجیمی لەباوەش گرتووە، هەر لەوێش هاوسەرگیرم کردووە و منداڵم بووە، تا بۆتە کۆگای یادەوەرییەکانم و ئەو پردەی کە ڕابردوومی بە ئێستاوە بەستۆتەوە.