پێنج ساڵ لە دەسەڵاتی تاڵیبان... چەوساندنەوە و بەرتەسککردنەوەی مافی ژنان
دوای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، سنووردارکردنە فراوانەکانی سەر خوێندن و کار، ڕێڕەوی ژیانی ژنان و منداڵانی کچ ئەفغانستانی گۆڕی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامە لە جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی خۆی لە داڕشتنی داهاتووی ئەفغانستان.
بەهاران لەهیب
باغڵان- لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، ئەفغانستان توندکردنەوەیەکی فراوانی مافی ژنانی بەخۆیەوە بینیوە، کە قەدەغەکردنی خوێندن و کار و سنووردارکردنی بەشداریی کۆمەڵایەتیی لەخۆ گرت، ئەم سنووردارکردنانە ژیانی ژنانی ئەفغانیان سەرلەنوێ داڕشتەوە و ڕێکخراوە دادپەروەرەکانی ناچار کرد کە پێشێلکارییەکان بەگەڕخەن و داوای پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانیان بکەن.
هەروەها ١٥ـی ئاب وەک وێستگەیەکی تاریکی تری مێژووی ئەفغانستان هەژمار دەکرێت، چونکە لەم ڕۆژەدا پێنج ساڵ لەمەوبەر, بزووتنەوەی تاڵیبان گەڕایەوە دەسەڵات، بۆ ئەوەی بە خێرایی دەست بکات بە لەناوبردنی ئەوەی کە لە مافەکانی ژنان ماوەتەوە، ژنان لە کارکردنی دەرەوەی ماڵ بەتایبەت لە دامەزراوە حکومییەکان بێبەش کران، هەروەها منداڵانی کچیش لە درێژەپێدانی خوێندنەکەیان دوای پۆلی شەشەم قەدەغە کران.
ئەمەش بەدوای خۆیدا شەپۆلێکی بەفراوانی کۆچکردنی زۆرینەی چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆشنبیران و خوێندەوارانی هێنا، بە جۆرێک کە خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە زیاتر لە ملیۆنێک کەس وڵاتیان جێهێشتووە، هێشتاش زۆر کەس هەوڵی کۆچکردن دەدەن لە ڕێگەی مەترسیدار و دژوارەوە، ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە لە پێناوی دەستکەوتنی هەلی ژیان یان بەدوای ژینگەیەکی ئارامتردا دەگەڕێن.
داتاکانی ئاماری ئەفغانستان کە لە بری حکومەت لە ساڵی ٢٠٢٠ بڵاو کراونەتەوە دەریدەخەن کە ژمارەی کارمەندانی دامەزراوە حکومییەکان گەیشتووەتە ٤١٤,٩٠٢ کارمەند، لەم ژمارەیەش ١٠٦,٨٦٩ ژنن، کە ئەمەش ئاوێنەی زیادبوونێکی کەمە بە رێژەی نزیکەی ٥.٥٪ لە ڕێژەی ژنانی کارمەند بەراورد بە ساڵی پێش خۆی.
زۆرینەی ژنانی کارمەند لە فەرمانگە مەدەنییەکانی حکومەت لەگەڵ گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات کارەکانیان لەدەست دا، هەروەها بێبەشبوونەکە ئەو ژنانەش گرتەوە کە لە دامەزراوە سەربازییەکانی سەر بە حکومەتی پێشوودا کاریان دەکرد، سەرەڕای نەبوونی ئاماری ورد دەربارەی قەبارەی بەشداریی ژنان لە سێکتەری مەدەنیدا لە ئێستادا، خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی ژنانی کارمەند لە سەرجەم فەرمانگە حکومییە جیاوازەکاندا لە سەرانسەری وڵاتدا لە پەنجا ژن تێناپەڕێت.
لەگەڵ ئەم پاشەکشە توندە لە هەلی کار و خوێندن، سەرەڕای ئەو سنوردارکردنانەی کە بەسەر دەستگەیشتن بە شوێنە کاتبەسەربردنەکاندا سەپێنراون، ژمارەیان بە تێکچوونە دەروونییەکانیش لە ئەفغانستان ڕووی لە زیادبوون کردووە، لە سایەی ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا کە ڕۆژ بە ڕۆژ توندتر دەبێت.
"١٥ـی ئاب مێژوویەکی تێپەڕ نییە"
داریا بەهیر، ژنێکی گەنجی پارێزگای بغلان، بۆ ئاژانسەکەمان ڕوونیکردەوە، ئەو گۆڕانکارییانەی کە ژیانیان لەگەڕانەوەی بزووتنەوەکە بۆ دەسەڵات تێکشکاندووە ، وتی: پێنج ساڵ لەمەوبەر مامۆستا بووم، بەڵام ئەمڕۆ کاتەکەم لە ماڵەوە بەبێ کار بەسەر دەبەم، ١٥ـی ئاب تەنها مێژوویەکی تێپەڕ نییە، بەڵکو ڕۆژێکە کە ئەفغانستانی بە دوکەڵ و ئاسن و ئاگر داپۆشی، ڕۆژێک بوو کە پڕ بوو لە فرمێسک لە هەموو شوێنێک، دەنگی گریانی منداڵان و ژنان لە گۆشەکاندا دەنگدانەوەی هەبوو، بەگەیشتنیان، بزووتنەوەی تالیبان منداڵانی کچی لە مافەکانیان بێبەش کرد و زۆر سنوردارکردنی بەسەر ژیانیاندا سەپاند، بزووتنەوەکە گێژەڵۆکێکی گەورەی لە ژیانی ژناندا دروست کرد
جەختی کردەوە، کە وەک منداڵانی کچی ئەفغانی ئەوەی ڕووی دا بە ڕووخان یان شکست نابینین، بەڵکو پەڕەیەکی نوێیە کە لە ژیانماندا کراوەتەوە، ئێمە تەنها کچ یان دایک نیین بەڵکو ئێمە بنسغەکانی کۆمەڵگەیین، چونکە بەبێ ژنان کۆمەڵگە هەڵناستێت، بەبێ ئامادەبوونی ئێمە ژیان تەواو نابێت، ئێمە ئەو ژنانو منداڵە کچانەین کە پێکهاتەی تەواوی ئەم کۆمەڵگەیە پێکدەهێنین.
ڕوونیکردەوە، کە پێنج ساڵ لەمەوبەر، چەندین ئاواتی هەبووە، ویستویەتی ببێتە چالاکوان لە بواری مافی ژناندا لەناو کۆمەڵگەکەیدا، ببێتە دەنگی ژنان و منداڵانی کچی ئەفغانستان. بەڵام ڕاستی ئەمڕۆ جیاوازە، لەبەر ئەوەی بەداخەوە ئەوان لە ماڵەکانیاندا دەمێننەوە، لەم دۆخەدا شکستێکی کەسی نابینێت، بەڵکو قۆناغێکی نوێیە لە ڕێڕەوی ژیانیدا وتی: پێنج ساڵی ڕابردوو فێری ئەوەی کردم کە ژن ڕۆژێکی سەرەکیی لە کۆمەڵگەدا هەیە، ئەوەی من ژنێکی فەرامۆشکراو یان پەراوێزخراو نییم، بەڵکو هەموو ژنێک کە لە کۆمەڵگە دەردەکرێت تەنها تاکێک نییە کە لە بازنەی ژیان دەرچووە، بەڵکو مێژوویەکە کە پشتگوێ دەخرێت و لە یادەوەرییە گشتییەکان دەسڕدرێتەوە.