لە بەرزاییەکانی باکووری کوردستان نەریتی بێریڤانی لەلایەن ژنانەوە پارێزراوە

هەرچەندە پراکتیزەکردنی بێریڤانی وەک جاران لە لەوەڕگەی شاخدا بەڕێوە ناچێت، بەڵام ژنانی شارۆچکەی خەیراوت لە باکووری کوردستان هێشتا ئەم نەریتە دێرینە دەپارێزن.

مەميهان هیلبين زەيدان

 

جۆلەمێرگ-لە زۆرێک لە شارەکانی باکووری کوردستان، ئەو ژنانەی کە درێژە بە نەریتی بێریڤانی "شوانی" دەدەن، وەرزی کاری چڕ و پڕیان دەست پێکردووە، ئەم نەریتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتە بۆ دانیشتووانی گوندەکان و بەشدارە لە پاراستن و گواستنەوەی میراسی کولتووری بۆ نەوەکانی داهاتوو، هەروەها پەروەردەکردنی ڕۆحی کاری گروپی و هاودەنگی کۆمەڵایەتی.

 

بێریڤانی ( (Bêrîvanî / Bêrîvanlık) پیشە یان نەریتێکی دێرینی گوندنشینی کوردە کە بە پلەی یەکەم پەیوەستە بەو ژنانەی کە مەڕ و بزن بەخەم دەکەن و شیریان پێدەدەن و لە مانگەکانی بەهار و هاویندا بەرهەمی شیرەمەنی بەرهەم دەهێنن، وشەی "بێرێڤان" لە زمانی کوردیدا بە واتای ئەو ژنە دێت کە مەڕ بەخێو دەکات و شیری پێدەدات و بەرهەمی شیرەمەنی بەڕێوە دەبات، هەروەها ئاماژەیە بۆ پراکتیزەکردنی ئەم پیشە یان چالاکییە.

 

ژنانی بێریڤانی بە شێوەیەکی نەریتی لە هاویندا کۆچیان دەکرد بۆ لەوەڕگە و ناوچە شاخاوییەکان، بەڵام سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بەو ناوچانە، کە بە بیانووی "نیگەرانی ئەمنی" سەپێنراوە، بووەتە هۆی گۆڕانکارییەکی بەرچاو لەم نەریتەدا، ئەو گەشتانەی کە سەردەمانێک بە ئەسپ ئەنجام دەدرا، ئێستا بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل ئەنجام دەدرێن، لە کاتێکدا، کە ئەم گۆڕانکارییە وا دەرکەوێت کە ئاسانکاری بۆ کارەکە بکات، بەڵام ژنان گەشتکردن لەسەر زەوییە ناڕێکەکان بە مەترسیدار دەزانن.

 

ساڵانێکی زۆرە گردی مەیدان بەلک لە قەزای خەیراوت (Büyukchiftlik) سەر بە پارێزگای یوکسەکۆڤا(Yüksekova) بووەتە پەناگەیەک بۆ سەدان ژنی بێریڤانی، لەگەڵ هاتنی هاوین، ژنان گەشت دەکەن بۆ گردەکە و چادرەکانیان هەڵدەدەن و بۆ ماوەیەکی درێژ لەوێ دەژین.

 

بەڵام ئەو سنووردارکردنانەی کە لە باکوری کوردستاندا سەپێنراون بۆ سەر لەوەڕگاکان "بە هۆکاری ئەمنی" کاریگەرییان لەسەر ئەم نەریتە هەبووە، کە بووەتە هۆی گۆڕانکاری لە پراکتیکەکەیدا، لە کاتێکدا "بێریڤانی" ساڵانێکی زۆر لە لەوەڕگە شاخاوییەکاندا پراکتیزە دەکرا، ئێستا لە ناوچەکانی دوور لە شارۆچکەکە و گوندەکانی دەوروبەری پراکتیزە دەکرێت.

 

سەرچاوەی بژێوی ژیان و چێژ وەرگرتن

قومریر تاتلی تەمەن ٥٥ ساڵ ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە منداڵییەوە پراکتیزەی بێریڤانی کردووە، دایکی نۆ منداڵە،

وتی: لە منداڵییەوە دێم مەڕەکان دەدۆشم، کاتێک بچووک بووم یاوەری دایکم دەکرد، ژیانی گوندەکە لە دەوری بێریڤانی و بەخێوکردنی ئاژەڵ یان کشتوکاڵ دەسوڕێتەوە، لەڕێگەی ئەم چالاکییانەوە هەوڵدەدەین بژێوی ژیانمان دابین بکەین.

 

قومریە تاتلی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە چوون بۆ شوێنەکانی کارکردن لەگەڵ ژنان شادی و دڵخۆشی بۆ دەهێنێت، وتی: پێشتر لەگەڵ ژناندا بە ئەسپ دەچووینە لەوەڕگەکان، کاتێک کۆدەبووینەوە هەڵپەڕکێی فۆلکلۆریمان دەکرد و گفتوگۆمان دەکرد، ئەو ڕۆژانە باشترین ڕۆژەکان بوون، هەمیشە هەستمان بە خۆشی دەکرد کاتێک پێکەوە بووین، ژنێک کە خاوەنی یەک مەڕ بوو جیاوازی نەبوو لەگەڵ ئەو ژنەی کە خاوەنی ٤٠٠ مەڕ بوو  هەرگیز هەستمان بە جیاوازی نەدەکرد.

 

وەک لە ڕابردوودا ئەوانەی سەرەتا کارەکانیان تەواو دەکەن یارمەتی ئەو کەسانە دەدەن کە تا ئێستاش کار دەکەن، وتی: ئێمە یارمەتی یەکتر دەدەین، دواتر هەموومان لە یەک کاتدا لەسەر سفرە دادەنیشین و نان دەخۆین، پێکەوە دەگەڕێینەوە ماڵەوە، ئێمە لەڕێگەی هاوکاری و هاودەنگییەوە ئەم قۆناغانە تێدەپەڕین، ئەمە تەنها دۆشینی مەڕەکان نییە، بەڵکو دروستکردنی پەنیر و بەرهەمە شیرەمەنییە جیاوازەکانیش دەگرێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ژنانە ئەم چالاکییە دەکەن تەنها وەک کارێک نابینن، بەڵکو وەک دەرفەتێک بۆ چێژوەرگرتن دەبینن، وتی: کاتێک پێکەوە دەبین، هەست دەکەین دەتوانین بە ئازادی هەناسە بدەین، ئەگەر بەردەوام لە ژوورەوە بمێنینەوە  دەخنکێن، ئێمە بەم شێوازەی ژیان و کارکردنە ڕاهاتووین، ڕەنگە هەر بەم هۆکارەش بێت کە  تەندروستترین.

 

قومریە تاتلی پێی وایە پەیوەندی ژن لەگەڵ سروشت جیاوازە لە پەیوەندی پیاوان، زیاتر لە سی ساڵە بە خۆشەویستییەوە ئەم کارە پراکتیزە دەکات، وتی: بوونم لە سروشتدا بەختەوەریم پێدەبەخشێت.

 

بۆ جیاکردنەوەی مەڕەکانی، قومریە تاتلی بە ڕەنگی جیاواز نیشانەیان دەکات، هەر ژنێک ڕەنگێکی جیاواز بۆ مەڕەکانی بەکاردەهێنێت، هەروەها دەتوانێت مەڕەکانی بە شێوەی گوانەکانیان دەناسێتەوە.

 

لە کاتی کارکردندا، دڵنیا دەبێتەوە لە گۆرانی وتن بۆ تێپەڕاندنی کاتەکە، بەڵام گۆرانییەکان کە هەندێکجار وەک ئامرازێک بۆ کات بەسەربردن دەستپێدەکات، دەگۆڕێت بۆ ئاوازێک کە گوزارشت لە گڕوتین و تامەزرۆیی ئەو بۆ کوڕەکەی دەکات کە لە زینداندایە.