ژنێکی گەنجی تونسی چۆن چەمکی کەمئەندامی گۆڕی؟
ژنێکی گەنجی تونس تووشی ڕووداوێکی هاتوچۆ بوو کە بە تەواوی توانای بینینی لەدەست دا، بەڵام بەسەر کەمئەندامیدا سەرکەوت بۆ ئەوەی ببێتە دروستکەرێکی ناسراوی ناوەڕۆک و بەو هۆیەوە ناوی "دروستکەری خۆشی" بەدەستبهێنێت.
نەزیهە بوسەعیدی
تونس ـ پەندە ناسراوەکە کە دەڵێت "کەمئەندامی بریتییە لە کەمئەندامی مێشک نەک جەستە" بە چەندین ئەزموونی مرۆیی دەردەکەوێت، بەڵام لەیلا قاسمی، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەندامی کۆمەڵەی "أبصار" "بینین"، جەستەبەخشینێکی زیندوو و تایبەتی بۆ ئەم چەمکە پێشکەش کرد دوای ئەوەی توانای بینینی لەدەست دا، ئەو نەک هەر ئاڵەنگاری ڕاستی خۆی دەکات، بەڵکو دیدگاکەی پێناسە کردووەتەوە کە ئارامی و ڕازیبوونی ناوەوە دەتوانێت بگاتە ئاستێک بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کە لە دەرەوەی تێگەیشتنی ئەو جەستەیانەن کە ئەندامی تەواویان هەیە بەڵام بەتاڵن لە ئیرادە.
لەو چوارچێوەیەدا، لەیلا قاسمی، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی، باسی لە ئەزموونی خۆی کرد لەگەڵ کەمئەندامی بینیندا و وتى: دەمبینی و درێژەم بە خوێندنەکەم دەدا و ژیانێکی ئاسایییم بەسەر دەبرد تاوەکو لە ساڵی ٢٠٠٣ تووشی ڕووداوێکی هاتوچۆ بووم و دوای گەشتێکی درێژی چارەسەر و نەشتەرگەری جیاواز کە تا ساڵی ٢٠١٠ بەردەوام بوو، بە تەواوی بینینم لەدەست دا و ژیانێکی نوێم دەست پێکرد کە جیاواز بوو لە پێشووتری، کارم لەسەری کرد کە هەموو هەستەکانم و دەوروبەرم بەکاربهێنم بۆ ئەوەی بتوانم لەگەڵ ژیانە نوێیەکەدا خۆم بگونجێنم.
وتیشی: ئازاری لەدەستدانی بینینم لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا چێشت، کە ئازارێکی قورس و نەبڕاوەیە بۆ منداڵێکی کچ لەو تەمەنەدا، سەرەڕای توندی شۆکەکە، بڕیارم دا ڕوبەڕووی بەربەستەکە ببمەوە، بەردەوام بووم لە خوێندن تا دامەزراندنم لە کاردا بەدەست هێنا، چوومە ناو جیهانی دروستکردنی ناوەڕۆکەوە، ئامانجم لە ڕێگەی ڤیدیۆکانمەوە ئەمڕۆ ئەوەیە بیسەلمێنم کە ژیان سەرەڕای کەموکوڕییەکانیش جوان دەمێنێتەوە، ئەرێنیبوون و ورە و سووربوون دەتوانن هەر بەربەستێک لەناوببەن و بیکەنە هیوا.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە سەرەتادا هەستی بە بێهیوايي و خەمۆکی کردووەو کەوتووەتە ناو بازنەیەک لە پرسیارکردن کە "چۆن ئەمە بەسەر مندا هات؟ بۆچی؟ بۆچی بەتایبەت من؟"، هەروەها بە مێشکیدا دەهات کە چۆن هەموو کاتەکە لە ناو ماڵدا دەمێنێتەوە، بەڵام زۆری نەخایاند خۆی رازی کرد کە کەمئەندامی بینین کۆتایی جیهان نییە تاوەکو ئیرادە هەبێت، بۆیە بڕیاری دا دەربچێت و بە شێوازێکی نوێ درێژە بە ژیان بدات.
وتیشی: ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی کار دەکەم و جێگری ئەنجومەنی خۆجێیی بۆ گەشەپێدانم و دوایین جار بوومە کاریگەر و دروستکەری ناوەڕۆک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و بە شێوازێکی سروشتی دەژیم کە هەموو بەیانییەک هەڵدەستم و نانی بەیانییەکەم ئامادە دەکەم، پاشان خۆم ئامادە دەکەم بۆ دەرچوون و بەرەو کارەکەم دەڕۆم بە بێ ئەوەی پێویستم بە هاوکاری کەسێک هەبێت.
ڕوونیکردەوە، بە گەڕانەوە بۆ وردەکارییەکانی لەدەستدانی بینین، وتی: ئۆتۆمبیلێک لە شەقامدا لێی داوم و کەوتمە سەر سەرم و ئەو کەوتنە بوە هۆی تووشبوونی گلێنەی چاوەکانم بە هەوکردن و بەو پێیە ناڵاندم بە دەست پەستانی چاوەوە و دۆخەکەم تێکچوو و چەندین ساڵم بەسەر برد کە سەردانی پزیشکەکانم دەکرد و نەشتەرگەریم ئەنجام دەدا تاوەکو لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا بە تەواوی بینینم لەدەست دا.
ڕووبەڕووبوونەوەی کەمئەندامی
زۆر کەس پەیوەندی دەكەن لە نێوان لەدەستدانی بینین و پشتبەستنی تەواو بە کەسانی تر، بەتایبەت کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە ژن و بەرپرسیارێتییە ئاڵۆزەکانییەوە هەبێت لە نێوان ماڵ و کار و کڕیندا، بەڵام لەیلا قاسمی ئەم نۆرمە دەشکێنێت؛ جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ژنی نابینا، چ لەدایکبووبێت بە کەمئەندامییەکەی یان بەدەستی هێنابێت، دەتوانێت بە تەواوی ژیانی خۆی بەڕێوەبەرێت، بەڵکو پێی وایە ئەو کەسەی بە بێ بینین لەدایکبووە سوودی ڕاهێنانی هەیە لە منداڵییەوە، وتی: ڕۆڵی دەوروبەرم سنوردارە لە یارمەتیدانم لە گەڕان بەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ ڕونکردنەوەی ئەو وێنەیانەی کە نایانبینم، سەرەڕای ئەوە، ڕۆژەکەم دەست پێدەکەم بە ئامادەکردنی نانی بەیانییەکەم بەخۆم، پاشان دەچمە سەر کارەکەم سەرەڕای نەبوونی ژێرخانی شیاو، تەواو پشت بە مۆبیلەکەم دەبەستم کە بووە بە چاوی جێگرەوەم، لە ڕێگەیەوە شتەکان و ڕەنگەکان دەناسمەوە، تەنانەت لە کاتی کڕینی جلوبەرگیشدا، یەکەم ڕێنیشاندەرمە.
گۆشەگیری ئیتر بژاردەیەک نییە؛ ئینتەرنێت و تەکنیۆلۆژیای سەردەم دەرگای نوێیان بۆ سەربەخۆیی کردووەتەوە لەبەردەم خاوەن پێداویستییە بینینەکان لە جیهاندا، لەیلا قاسمی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە تەکنەلۆژیا ئەمڕۆ تاریکی ڕێگاکە ڕووناک دەکاتەوە؛ ڕێڕەوەکان دیاری دەکات و ئاڕاستەکان بە وردی دەستنیشان دەکات، سەڕای دەرکەوتنی داهێنانی شۆڕشگێڕلەكانی وەک چاویلکەی زیرەک، سەعاتە دیجیتاڵییەکان، گۆچانی زیرەک کە گۆڕاون بۆ چاوی تەکنەلۆژیا کە لەبری ئەوان دەبینێت و ئازادی جووڵەیان پێدەبەخشێت.
دروستکەری خۆشی
پەیوەندی لەیلا قاسمی بە تەکنەلۆژیاوە لە سنووری ئاسانکاری بۆ ژیانی ڕۆژانەی نەوەستا، بەڵکو کردیە سەکۆیەک بۆ گۆڕانکاری لە ڕێگەی دروستکردنی ناوەڕۆکێکی بەپێزەوە کە خاوەن پێداویستییە نابیناکان هان دەدات بۆ خۆگونجاندن و خۆڕاگری، وتی: پاڵنەری سەرەکی من بۆ چوونە ناو ئەم جیهانەوە بریتییە لە شکاندنی تێڕوانینی نەریتی کۆمەڵگە، دەمەوێت هەموو کەس تێبگات کە ئێمە کەسانی زۆر ئاسایین، توانای بەخشین و دەستکەوتیان هەیە وەک هەر کەسێکی تر.
سەبارەت بە سەرەتای دیجیتاڵی خۆی، ئاشکرای کرد سەبارەت بە قەبارەی ئەو بەربەستانەی کە ڕوبەڕووی بوونەوە وتی: لە سەرەتادا تووشی قبووڵنەکردنی هەندێک بەدواکەوتوو بووم، تووشی ڕەفتاری قێزەون و گاڵتەجاڕی بووم کە بەرهەمی نەبوونی هۆشیارییە بە قەبارەی ئازاری ئەم ڕەفتارانە بۆ خاوەن پێداویستییەکان، سەرەڕای ئەوە، ساڵێکی تەواو لە سووربوون و ماندووبوون دەرئەنجامی گۆڕینی ئەم وێنە نەریتییەی هەبوو، کە تێیدا سەرکەوتوو بووم لە رازیكردنی گەل بەوەی کەمئەندامی بینین حاڵەتێکی تەندروستییە کە لەوانەیە تووشی هەر کەسێک ببێت، ئەم سەرکەوتنەم یارمەتیدەر بە گۆڕانم بۆ سەرچاوەی ئەرێنی ئەرێنی تاوەکو ناویان ناوم "دروستکەری خۆشی".
لەیلا قاسمی گەورەترین دەستکەوتی خۆی لە گۆڕینی هۆشیاری ڕێبوارانی شەقامدا دەبینێت، کە تێپەڕین لە بەربەستی ڕەتکردنەوە و کەوتنە پێشبڕکێوە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی بۆی، چ لە پەڕینەوەی ڕێگاکان یان دابینکردنی شوێنێک بۆ دانیشتن، سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەو پەیامانەی کە ئاڕاستەی شوێنکەوتووانی دەکات و هەموو خەڵک وتی: خۆت وەک خۆت خۆش بوێت، خۆت خۆش بوێت چونکە ئەوانەی دەوروبەرت خۆشیان دەوێیت، تواناکانت و ئەو کارانە بناسن کە دەتوانیت بیکەیت، شتێک لە ڕۆحی خۆت دروست بکە کە بتوانێت شتەکان لە تۆدا بگۆڕێت و سبەی دەتوانیت کۆمەڵگە بگۆڕیت.
سەبارەت بە چالاکیی مەدەنی خۆی، لەیلا قاسمی ئاماژەی بە ڕۆڵی خۆی کرد وەک ئەندامێکی کارا لە کۆمەڵەی "إبصار" ”بینین”، کە تێیدا سەرنجی لەسەر لایەنی ڕاگەیاندن و هۆشیارییە بۆ گەیاندنی زانیاری دروست بۆ کۆمەڵگە لە کۆتایی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە، بە پێناسەکردنی کۆمەڵگە وەک "خێزانی دووەم" کە هاوکاری کردووە لە تێپەڕاندنی بەربەستەکان، ستایشی ڕۆڵی کرد لە هۆشیارکردنەوەی خاوەن پێداویستییە نابیناکان بە ماف و ئەركەکانیان بۆ مسۆگەرکردنی تێکەڵبوونی تەواویان لە کۆمەڵگەدا، ئەمەش بە هەنگاوی یەکەم دەیبینیت کە گرنگترە لە بەهێزکردنی ئابووری، بەرجەستەکردنی ئەو وتەیەی "ماسییەکم مەدەرێ، فێرم بکە چۆن ماسی بگرم.