"دەستدرێژی سێکسی دەشاردرێتەوە و باس ناکرێت"

ساوێن هاوڕێ، دەروونناسی کلینیکی لە بارەی دەستدرێژی سێکسییەوە دەڵێت: لە هەرێمی کوردستان کێشەمان لەگەڵ تۆمارکردنی دەستدرێژی سێکسیدا هەیە، چونکە یان تۆمار ناکرێن، یان بە شێوازەکانی دیکەی دەستدرێژی تۆمار دەکرێن.

بانە ڕۆز

 

سلێمانی- پرسی دەستدرێژی سێکسی، یەکێکە لەو گرفتانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە و زۆرینەی کات دەشاردرێتەوە، بەشێوەیەکی گشتی ئەگەر بویسترێت باس لە دەستدرێژی بکرێت، سەرەتا دەبێت دەستەواژەیەکی دیکە ڕوون بکرێتەوە، کە توندوتیژییە، ئەویش دەکرێت هەر ڕەفتارێک بێت بە بەکارهێنانی هێز لە دژی کەسێک یان کەسانێک بۆ ناچارکردنیان بە شتێکی دیاریکراو، کە چەندین جۆری هەیە، لەوانە، توندوتیژی زارەکی، جەستەیی، دەروونی، ماددی، ئەکلترۆنی، سێکسی.

 

توندوتیژی سێکسیش دووبارە کۆمەڵێک لقی لێ دەبێتەوە، لە سەیرکردنەوە تا دەستلێدان و گرتن و لاقەکردن، کۆتا قۆناغی توندوتیژی سێکسی دەبێتە لاقە کردن. لە کۆمەڵگەدا کاتێک باسی دەستدرێژی دەکرێت، یەکسەر خەیاڵ بۆ لاقە کردن دەچێت، کە چەندین توندوتیژی تر هەیە لە پێش لاقە کردنەوە دەکرێت ڕووبدات. لە خودی لاقە کردنیشدا چەندین قۆناغمان هەیە: لاقەکردن لەلایەن یەک کەسەوە، لاقەکردن لەگەڵ توندوتیژی زارەکی، لاقەکردن لەگەڵ توندوتیژی جەستەیی، لاقەکردنی بە کۆمەڵیش هەیە.

 

ساوێن هاوڕێ، دەروونناسی کلینیکی، دەڵێت: لە هەرێمی کوردستان زۆر کێشەمان هەیە لەگەڵ تۆمار کردندا، کەیسەکان یان تۆمار ناکرێن یان بە جۆری تری توندوتیژی تۆمار دەکرێن لەبەر ئەو عەیب و نەنگیەی کە هەیە، بە پێی ئامارە نووسراوەکان، لە ساڵی ٢٠٢١دا نزیکەی ١٥ هەزار  تۆمار هەبووە لە کەیسی توندوتیژیدا، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا، لە ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠٢١ تەنها ٩٥٦ کەیسی دەستدرێژی سێکسی هەبووە کە تۆمار کراوە، ئەویش دیاری نەکراوە چ جۆرە دەستدرێژیەکی سێکسی بووە، بۆیە لە دەرەوەی ئەم تۆمارانە، هەندێک ڕووداوی دەستدرێژی هەیە بە زارەکی و دەست لێدان، زیانلێکەوتووەکە ئەمە ناناسێتەوە و هۆشداری ئەوەی نییە کە ئەمەش دەستدرێژی یاخود توندوتیژی سێکسیە و دەبێت داوا تۆمار بکات لەسەری. بەڵام ئەم گرفتە تا ڕادەیەک جیهانییە، بابەتی تۆمار کردن لە هەموو شوێنێک بایی پێویست نییە، بەڵام لە کوردستان ژمارەی کەیسە تۆمار نەکراوەکان زیاترە، لەگەڵ ئەوەشدا کە بەشێک لە کەیسە تۆمارکراوەکانیش، هێشتا تۆمەتبارەکان دەستگیر نەکراون.

 

"ئەوەندەی سەرنج لەسەر زیانلێکەوتووەکەیە، ئەوەندە سەنج لەسەر بکەرەکە نییە"

ساوێن هاوڕێ، دەشڵێت: لە کوردستاندا یاسایەک هەیە بۆ جیاکردنەوەی خوار ١٨ ساڵ لە سەروو ١٨ ساڵ، تەنانەت بۆ بابەتی هاوسەرگیریش ئەمە لە یاسادا ڕەنگی داوەتەوە، کۆمەڵێک دەستەواژەش بەکار دەهێنرێت وەک، هاوسەرگیری خوار ١٨ ساڵ بە هاوسەرگیری منداڵ هەژمارە و هاوسەرگیری خوار ٢٠ ساڵ بە هاوسەرگیری پێشوەختە هەژمارە، بەڵام ئێمە ڕووە کلتووریەکەوە گرفتمان هەیە لە پەسەند کردنی ئەوەدا. بەرەنجام، گەر بۆ هەر پەیوەندیەک یاخود ئاکتێکی ڕەگەزی یان هاوسەرگیری بێت، لە نێوان خوار ١٨ ساڵ و سەروو ١٨ ساڵدا، بڕیاری منداڵەکە یاخود گەنجەکە هەژمار ناکرێت گەر خۆشی مۆڵەت بدات، چونکە توانای پێویستی نییە لە لێکدانەوە و تێگەشتن لە بەرپرسیارێتی و ئامانج و دەرەنجامەکان، ئەگەر دەستدرێژی بکرێتە سەر کەسێک کە خوار ١٨ ساڵە، لەگەڵ ئەوەدا کە ستەم لە مرۆڤێک کراوە، (ئەگەر ژن بێت) ستەم لە ژنێک کراوە، ستەم لە منداڵێکیش کراوە.

 

ساوێن هاوڕێ، باسی لەوەشکرد، لۆمە کردنی قوربانی، دەستەواژەیەکە لە ساڵی ١٩٧١ەوە بەکاردێت، وە لە ئاستێکی جیهانیشدا بەکاردێت، بە هۆی هۆکاری جیاواز، ئەگەر ژنێک شتێکی بەسەر بێت یان بەرامبەر بکرێت، ئەوەندەی سەرنج لەسەر زیانلێکەوتووەکەیە، ئەوەندە سەرنج لەسەر بکەرەکە نییە، ئەویش چەند هۆکارێکی هەیە، دەکرێت کەسەکە زۆر بێ ئاگاییانە ئەم بڕیاری لۆمەکردنە بدات، بە واتای ئەوەی هیچ زانیاریەکی نییە لەسەر کۆی بابەتەکە، یانیش کاتێک کەسێک پەیوەندی هەیە لەگەڵ کەسێکی تردا، مانای ئەوە نییە ڕێگای بە بەرامبەرەکەی داوە بە خواستی خۆی لەگەڵیدا بجوڵێتەوە، گریمان ژن و پیاوێک دەچنە دەرەوە، پەیوەندیشیان هەیە، کە پەیوەندیش بەشێکە لە خۆدۆزینەوە و خۆدروستکردن، بەڵام ئەم چوونە دەرەوەیە واتای ئەوە نییە ژنەکە مۆڵەتی داوە بە هەر شتێک کە پیاوەکە دەیخوازێت. یەکێکی تر لە هۆکارەکان ئەوەیە کە ئەو کەسەی لۆمەکەرە، خۆشی زیانلێکەوتووی هەمان توندوتیژیە و وەک جۆرێک لە وەرگرتنەوەی دەسەڵات بەکاریدەهێنێت، وە لۆمەکردن ئازاری زیانلێکەوتوو زیاتر دەکات و وای لێ دەکات زیاتر بێدەنگ بێت، ئەمەش وا دەکات تۆمەتبار بە سزای خۆی نەگات.

 

"پێویستە زیانلێکەوتوو بگەڕێنینەوە بۆ ژیان"

ساوێن هاوڕێ ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕووی شیکارکردنی دەروونی دەستدرێژیکارەوە، دەکرێت کۆمەڵێک هۆکار و پاڵنەر هەبێت، ئەویش لە ڕووی جەنێتیکەوە دەکرێت کەسەکە دژەکۆمەڵ بێت، پاشان ژینگە ڕۆڵێکی گەورەی هەیە ڕێگای بۆ خۆش بکات کە تاوان ئەنجام بدات، پەروەردە لە کلتووری ئێمەدا زۆر گرفتە، کە تۆ کچێک لە منداڵیەوە پەروەردە دەکەیت یان کە کوڕێک پەروەردە دەکەیت، بە چ ئاڕاستەیەکدا پەروەردەی دەکەیت، وە ئەو سەرنجە زۆرەی لەسەر پاراستنی ژنە، لەسەر پەروەردە کردنی پیاو نییە، زۆر گرنگیشە لە زیندانەکانیشدا سیستمێکی باشی چاکسازی هەبێت کە ئەم تاوانبارە لە زیندان ئازاد کرا دووبارە نەبێتەوە بە مەترسی بۆ کۆمەڵگە. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت هەوڵی دووبارە گەڕاندنەوەی زیانلێکەوتوو بدەین بۆ کۆمەڵگە و دووبارە فێری ژیانکردنی بکەینەوە لە دەرەوەی ڕووداوە زەبراویەکە، وەک ئەم زیانلێکەوتووە بکەین بە ڕزگاربوو، ئەویش دەکرێت لە ڕێگای پەروەردە و وەرگرتنی چارەسەری دەروونییەوە بێت، بە دەرمان یاخود بێ دەرمان بە پێی باروودۆخەکە، چارەسەری دەروونیش چارەسەرێکی زانستیە، چارەسەرکاران یەکێک لە تایبەتمەندیەکانیان نهێنی پارێزیە و شوێنێکی پارێزراوە بۆ زیانلێکەوتوو.

 

"پەروەردەی سێکسی، بەشێکە لە پارێزگاری کردن لە منداڵەکانمان"

ساوێن هاوڕێ، ئەوەشی خستەڕوو، گەر لە ڕێی سەرچاوەیەکی تەندروست و پەروەردەوە ئەم پێویستی زانینەی بۆ دابین نەکەیت، منداڵ یاخود گەنج خۆی دەچێت بەدوایدا دەگەڕێت و لە ڕێی ناتەندروستەوە دەستی دەکەوێت، بەتایبەت لەو کاتەی سیفەتە دووەمیەکانی ژن یان پیاو دەردەکەوێت، کۆمەڵێک پرسیار لەلای تاک دروست دەبێت و گەر لە ڕێگای تەندروستەوە گفتوگۆی لەگەڵ نەکرێت، لە سەرچاوەی زەرەرمەندەوە زانیاریەکان بەردەست دەخرێن. یەکێک لەو ڕێگایانەش کە سەیرکردنی ماڵپەڕە سێکسیەکانە، لەو ڕێگایەوە هیچ زانیاریەکی دروست دەستناکەوێت چونکە دووبارە پڕیەتی لە توندوتیژی و بە کاڵاکردنی ژن و کاریگەری نەرێنی لەسەر هزر و دەروونی ئەو گەنجە دادەنێت، بۆیە پەروەردەکردنی سێکسی گرنگییەکی سەرەکییە بۆ پاراستنی منداڵ و گەنجان.

 

ساوێن هاوڕێ، لە کۆتاییدا ئەوەشی خستەڕوو، "خۆشبەختانە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان هەیە، کە هێڵی گەرمی ١١٩یان هەیە، بۆ هەر کەسێک کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە لە هەر جۆرێک، دەتوانێت پەیوەندییان پێوە بکەن.