بەدخۆراکی و کەمی دەرمان مۆتەکەیەک کە منداڵان و ژنانی غەززەی گرتووەتەوە
ئازاری منداڵان و ژنانی غەززە بەهۆی بەدخۆراکی و کەمی دەرمان و سەختی گەشتکردن بۆ چارەسەرکردن خراپتر دەبێت، دایکان لەناو گەمارۆیەکی خنکێنەردان کە ڕۆژانە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات، خەبات دەکەن بۆ ڕزگارکردنی منداڵەکانیان.
ڕەفیف ئیسلیم
غەززە- سەرەڕای ڕاپۆرتە میدیاییەکان سەبارەت بە باشتربوونی ڕێژەیی لە دۆخی خۆراک لە کەرتی غەززە و هاتنە ناوەوەی کەلوپەلی جیاواز بەتایبەت گۆشت، هەزاران منداڵ و ژنانی دووگیان و شیردەر بەردەوام دەناڵێنن بەدەست بەدخۆراکی و ڕووبەڕووی مەترسی کەمی دەرمان و مردنی خاو دەبنەوە، لەگەڵ داڕمانی سیستەمی تەندروستی لە کەرتی گەمارۆدراو.
شەهیرە هنیە کچەکەی بە ناوی ڕیتال بە کێشی ئاسایی سێ کیلۆ و نیو لەدایک بووە، پێش شەپۆلی برسێتی کە لە کۆتایی مانگی ئاداری ٢٠٢٥ کەرتی غەززەی گرتەوە، باری منداڵەکە تا تەمەنی چوار مانگی بە جێگیری ماوەتەوە، دواترڤپچڕانی شیری منداڵان و جۆرە جیاوازەکانی خواردن لە بازاڕەکانەوە بووە هۆی ئەوەی تووشی بەدخۆراکی ببێت، تا ئەمڕۆش بەدەست نیشانەکانییەوە دەناڵێنێت.
شەهیرە هنیە ڕوونی دەکاتەوە، بەردەوامی ئازارەکانی کچەکەی، سەرەڕای هاتنە ناوەوەی هەندێک پێداویستی خۆراک بۆ ناو کەرتی غەززە، لەو بارودۆخە ئابوورییە نالەبارەوە سەرچاوە دەگرێت کە ڕێگری لە خێزانەکە دەکات بە بەردەوامی خۆراک و تەواوکەری خۆراک دابین بکەن، پچڕانی دەرمانی کچەکەی، دوای ماوەیەکی کورت لە بەردەستبوونی، بووە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە تەندروستی تێکبچێت دوای کەمێک باشتربوونی.
بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی، ڕیتال ڕەوانەکردنی بۆ چارەسەری دەرەوەی وڵات وەرگرت، بەڵام بەهۆی ئەو سنووردارکردنانەی کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە بۆ هاتوچۆی نەخۆشەکان سەپاندوویانە، ئەو خێزانە نەیانتوانیوە گەشت بکەن، بارودۆخی کچەکەی بیر دێنێتەوە کاتێک بۆ یەکەمجار بردراوە بۆ نەخۆشخانە و وتی: چاوەکانی بەرەو سەرەوە هەڵکشاوە و سکی هەڵئاوساوە و قەفەزی بڕبڕەی پشتی دیار بووە و هەناسەدانی قورس بووە، لەو کاتەدا، درکی بەوە نەدەکرد کە ئەم نیشانانە ئاماژەن بۆ بەدخۆراکی تا ئەو کاتەی پزیشک پێی وت.
شەهیرە هنیە باس لەوە دەکات، کە ڕیتال ئەمڕۆ لە هەندێک لەو نیشانانە چاکبووەتەوە، بەڵام دەرکەوتنی هێشتا دەرخەری ئەوەیە کە بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنێت، ئەمە جگە لەوەی کێشەی هەناسەدانی هەیە کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی یان کاتێک ئاگر لە نزیکەوە داگیرسێنرێت خراپتر دەبێت، هەروەها ژەمەکانی ڕۆژانەی بە ئاوی کوڵاو ئامادە دەکرێت نەک غازی چێشت لێنان، ئەمەش حاڵەتەکەی خراپتر دەکات، چونکە شیرەکە تێکەڵ بە خۆڵەمێش و پیسکەرەکانی ئاگرەکە دەبێت.
شەهیرە هنیە لە خەباتدایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ منداڵەکەی، ناوەندە پزیشکییە حکومییەکان هەموو دەرمانە پێویستەکان دابین ناکەن و دۆزینەوەیان لە دەرمانخانە تایبەتەکاندا هەندێک جار پێویستی بە گەشتکردنە بە مەودای دوور لە باشوورەوە بۆ باکووری کەرتی غەززە بۆ بەدەستهێنانی یەک جۆری دەرمان، هەروەها منداڵەکە لە هاویندا پێویستی بە دەرمانی ئازارشکێنی گونجاو و ئامێری هەناسەدانی بەهێز هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی چادرە وێرانەکە و نەبوونی شیر و دەرمان.
دووپاتیشی کردەوە، منداڵەکە باشتر دەبێت و دەست دەکات بە جوڵاندنی قاچ و دەستی، بەڵام کاتێک دەرمانەکە وەستا، پاشەکشە دەکات و بە تەواوی بێ جووڵە دەبێت، هەروەها لێدانی دڵی کاریگەری لەسەر دەبێت، تووشی تەشەنوجێکی توند دەبێت کە نزیکەی دەکاتەوە لە کوشتن، هەوڵدەدات ڕۆژانە لەناو چادرەکەدا، فریاگوزاری سەرەتایی و چارەسەری فیزیایی بۆ کچەکەی بکات، بەڵام ترسی لەدەستدانی هەیە، چونکە پێشتر سێ منداڵەکەی و ماڵەکەی و خێزانەکەی لەدەستداوە لە کاتی شەڕی کەرتی غەززەدا.
مەترسییەکان بۆ دایکان و کۆرپەلە ئاڵۆزتر دەبن
غالیە عەبید وتی: دووگیانی چوار مانگە بە منداڵی سێیەمی، بەهۆی هەڵمژینی بڕێکی زۆر غاز لە کاتی جەنگ و مانەوەی درێژخایەنی لە باکووری کەرتی غەززە، دووگیانییەکەی بە مەترسیدار پۆلێن دەکرێت.
ڕوونی دەکاتەوە، کە پێشتر منداڵێکی لەدایک بووە کە تووشی داڕمانی مێشک و ئاوی سەری بووە لە ئەنجامی بەرکەوتنی بەم گازانە، لە ماوەی دووگیانیدا نەیتوانیوە دەستی بەو چارەسەرەی گونجاو بگات کە ڕێگری لە کەموکوڕی لەدایکبوون بکات و تەندروستی هەردوو دایک و منداڵ بپارێزێت.
ئاماژە بەوە دەکات، کە ڕاپۆرتە پزیشکییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە لە ئێستادا بەدەست بەدخۆراکی و دووگیانییەکی مەترسیدارەوە لە یەک کاتدا دەناڵێنێت، ئەمەش پێویستی بە چارەسەری تایبەتمەند هەیە، کە بە دەرمانێکی کەمتر کاریگەر گۆڕاوە، بە وتەی پزیشکان، ئەمە ئەگەری لەدایکبوونی منداڵێک زیاد دەکات کە کەموکووڕی لەدایکبوونی هەبێت بۆ سەرووی ٨٠٪، کە ئەمەش وای لێدەکات داوای نەشتەرگەری خێرا بکات بۆ کۆتاییهێنان بە دووگیانی ئەگەر دەربکەوێت کە کۆرپەلەکە تووشی نەخۆشییەکە بووە.
دەرکەوت کە بەهۆی بەدخۆراکییەوە نەیتوانیوە شیری دایکی بە منداڵی دووەمی بدات، ئەمەش ناچاری کردووە پشت بە شیری فۆرمۆلا ببەستێت، چونکە منداڵەکەی ڕەتیدەکاتەوە شیری خۆی بخوات، دواتر توانیویەتی لەڕێگەی هەندێک تەواوکەری خۆراکی بەردەستەوە دۆخەکە چارەسەر بکات، پێش جەنگ ئەو چارەسەرانە لە نزیکترین خاڵی پزیشکییەوە وەرگیراون لەگەڵ پشکنینی مانگانە بۆ چاودێریکردنی بارودۆخی دایک و کۆرپەلە و لە ئەگەری دواکەوتنیشدا پەیوەندی بە دایکەکەوە دەکرا و پەرستارێک لە کاتی منداڵبووندا ڕەوانەی ماڵەوە دەکرا.
ئاماژە بەوە دەکات، کە کڕینی دەرمان لەسەر حیسابی خۆی، ئەگەر هەبێت، بارگرانییەکی دارایی بەرچاو دەخاتە سەری، بە لەبەرچاوگرتنی گرانیی تێچووی ژیان و تێکچوونی بارودۆخی ئابووری لە غەززە، لە کۆتای قسەکانیدا، وتی: کە زۆر پێویستی بە چارەسەر و ئامێری پزیشکی گونجاوە، بەتایبەتی کە دووگیانییەکەی بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو هاتۆتە ئاراوە، پزیشکەکەی دووپاتی کردەوە، کە جەستەی پێویستی بە دوو ساڵ هەیە بۆ ئەوەی لە کاریگەرییەکانی ئەو ژەهرانە چاکبێتەوە، ئەمە جگە لەوەی پێویستی بە خواردنی تەندروست وەک ماسی هەیە، کە چیتر توانای کڕینی نییە.
شایانی باسە کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی”WHO” هۆشداری داوە لەوەی زیاتر لە ١٠ هەزار منداڵ و نزیکەی ٣٧ هەزار ژنی دووگیان و شیردەر مەترسی تووشبوون بە بەدخۆراکی توندیان لەسەرە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە "مردنی خاو" هەڕەشە لەم گروپانە دەکات بەهۆی نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکان.
هاوکات پزیشکانی بێسنوور داوای چوونە ناوەوەی دەستبەجێ و بێ مەرجی هاوکارییە مرۆییەکان و پێداویستییە پزیشکییەکان و خۆراک بۆ ناو کەرتی غەززە دەکەن.