شنە عەلی: دۆخی باشووری کوردستان کۆچی گەنجانی لێدەکەوێتەوە

بەردەوامبوونی قەیرانەکان و داخستنی هۆڵەکانی خوێندن گەنجانی بێ ئومێد کردووە و مامۆستایەکیش هۆشیاری دەدات لەوەی، ئەگەر دۆخەکە وەها بەردەوام بێت، گەنجان دەست دەکەنەوە بە کۆچکردن.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی-قەیرانی دارایی لە باشووری کوردستان کەرتی پەروەردەی پەکخستووە و بێکاریەکی زۆری بڵاوکردووەتەوە، خوێندکاران و گەنجانیش نائومێدن لەم دۆخە و لایەنی پەیوەندیداریش بە دەم داواکاریەکانی خەڵکەوە نایەت.

 

شنە عەلی وەکو مامۆستا و چالاکوان، کە لە ماوەی ناڕەزایەتی مامۆستایاندا بەردەوام لە شەقام بووە، دۆخی باشووری کوردستانی هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند، بەهۆی بێ هیوابوونی گەنجانەوە مەترسی دەستپێکردنەوەی کۆچی گەنجانی لێدەکەوێتەوە.

 

"لە ڕووی پەروەردەییەوە لە دۆخێکی خراپداین"

شنە عەلی ئاماژەی بەوەکرد، "لە ئێستادا باشووری کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری، سیاسی و پەروەردە بووەتەوە، ئەمەش بارودۆخێکی نەخوازراوە و پێویستە ڕێگری لێ بکەین و کۆتایی پێ بهێنین، بۆ چارەسەری ئەمەش دەبێت هەموومان یەکبگرین و کار بکەین بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ نەوەکانمان، ئەم نەوەی ئێستا لە بەردەستی ئێمەدایە هیچ داهاتوویەکیان نییە لە باشووری کوردستاندا، ئەگەر وەکو مامۆستایەک باسی دۆخی هەرێم بکەم لە ڕووی پەروەردەوە بینای باش و پەرتووکی پێویست بوونی نییە، لەگەڵ ئەوەشدا خوێندکاران هەمیشە پرسیارێکمان ئاڕاستە دەکەن کە ئێمە بۆچی بخوێنین؟ لە کاتێکدا هیچ داهاتوویەکمان نییە، ئێمە چی ئومێدێک بەم خوێندکارانە بدەین لە کاتێکدا خۆیان وەڵامەکەی دەزانن و دەرچووانی دانەمەزراو دەبینن چەند بێکارن و هەروەها مامۆستایان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە".

 

"بەردەوامبوونی ئەم دۆخە قەیرانی گەنج دروست دەکات"

شنە عەلی ڕوونی کردەوە، کاتێک گرفتی ئابووری هەیە، بێگومان لەگەڵ خۆیدا گرفتی کۆمەڵایەتیش دروست دەبێت و چەندین خێزان لەیەک جیادەبنەوە، پێویستە ئەو کەسانەی خۆیان بە بەرپرس دەزانن ئاوڕێک لەم دۆخە بدەنەوە، لە ئێستاشدا گەنجان دۆخێکی دەروونی نائارامیان بۆ دروست بووە و بیر دەکەنەوە هیچ دواڕۆژێکیان نییە، تەنانەت شێوازی ژیانیان گۆڕاوە، چونکە بیر دەکەنەوە هیچ هەلێکی کاریان نییە و ناتوانن ژیانێک بۆ خۆیان دروست بکەن.

 

وتیشی: ئێستا بەهۆی زیادبوونی قەیرانەکان و کەمتەرخەمی لایەنی پەیوەندیدارەوە کۆچی گەنجان دەستی پێکردووەتەوە، کە دەبێت لەوە بترسین لە داهاتوودا قەیرانی گەنجمان بۆ دروست نەبێت، گۆڕانکاریش بە گەنج دەکرێت، کە وڵاتەکەم هیچ بوارێکی تیادا نەبوو گەنج خۆی تیادا ببینێتەوە، بێگومان دەبێتە وڵاتیکی وێران و گەنجان بۆ ژیانێکی ئارام ڕوو لە وڵاتانی تر دەکەن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەسەڵاتەی کە ئاوڕ لە ژیانی خەڵکەکەی ناداتەوە.

  

"پێویستە یەک دەنگ بین بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە"

شنە عەلی ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر هەر لە ئێستەوە چارەسەرێک بۆ ئەم قەیرانانە نەدۆزرێتەوە دۆخەکە بەرەو خراپتر دەڕوات، هەروەها دەڵێت: بەجۆرێک ئومێد دەخوازین پێشتر چارەسەرەمان بکردایە، لە کاتێکدا دەبێت حکومەت لە خەمی کۆمەڵگەکەیدا بێت، هاتووە خۆی قەیرانەکانی دروست کردووە و بە کێشەکانەوە کۆمەڵگە سەرقاڵ دەکەن، بۆیە دەبینین بێ بازاڕیش وای کردووە خاوەن دوکانەکان نەتوانن کار بدەن بە گەنجان، چونکە دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیشی قورس بووە.

 

دەشڵێت: حکومەت پێی وایە هەلی کار ڕادەگەیەنێت ٥ هەزار فۆڕم بە گەنجان پڕ دەکاتەوە، بەڵام تەنها چەند کەسێکی کەم وەردەگرێت، بۆیە ئەمە یاریکردنە بە هەستی گەنجان، وای لێهاتووە حکومەت هەر بڕیارێک بدات، گەنجان بە ناڕاست سەیری دەکەن و تەنانەت ئەو خوێندنەی کردوویانە نەفرەتی لێ دەکەن، لە هەموو بابەتێکدا کورد بەشی گەورەی مەینەتی بەرکەوتووە، لە شەڕ و لە ئاشتیدا هەر قوربانی یەکەمین.

 

شنە عەلی لە کۆتایدا وتی: هەرچیەک بێت دەبێت هەوڵەکانمان بۆ گەنجان بێت، وە پێویستە گەنجان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن و هەوڵ بدەین پێکەوە ئەم دۆخە بگۆڕێن، قوتابی و مامۆستا و دایک و باوکی قوتابی دەبێت یەکدەنگ بین لە پێناو چارەنووسی گەنجەکانمان.