ژنانی چالاکوان قەیرانەکان بە هۆکاری زیادبوونی توندوتیژی دادەنێن

چالاکوانانی بواری ژنان باس لە دۆخی هەرێمی ڕاپەڕین دەکەن، کە تا چەندە توندوتیژییەکان کاریگەرییان لە ژنان کردووە و بووەتە ڕێگر لەبەردەم پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونیان لە بوارەکانی ژیاندا.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە و لەم ڕۆژەدا جیهان بە چالاکی جۆراوجۆر، هەوڵی بنەبڕکردنی توندوتیژی و زیادبوونی هۆشیاری دەدات، باشووری کوردستانیش لەو چوارچێوەیەدا ژنانی بەدەرنین لەوەی دەبنە بەرکەوتی یەکەمی کێشە و ناکۆکی و قەیرانەکان و وەک ژنانی چالاکوان باسی دەکەن، قەیرانی ئابووری یەکێکە لەو هۆکارانەی توندوتیژییەکانی زیاد کردووە.

 

ئاشنا حسێن، چالاکوانی بواری ژنان، کە چەندین ساڵە لە ڕێکخراوەکاندا کار دەکات، ئاماژەی بەوەدا، ساڵانە لە ١٩ی تشرینی دووەمەوە دەست بە چالاکییەکان بۆ هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەکەن، زیاتر باسی لە کار و چالاکییەکان کرد، کە ساڵانە بەڕێوەی دەبەن و خۆی لە کۆڕ و سیمیناردا دەبینێتەوە، هەروەها لە خوێندنگاکاندا چالاکی هۆشیاری بەڕێوەدەبەن، وتیشی: بەداخەوە ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی خوێندنگاکان نەکراونەتەوە، نەمانتوانیوە سیمینارەکان بگوازینەوە بۆ ناو خوێندنگاکان.

 

ئاشنا حسێن باسی لە زیادبوونی توندوتیژییەکانی سەر ژنان کرد و وتی: لەم بارودۆخە پڕ قەیرانەی کە هەیە، توندوتیژییەکان زیادیان کردووە، نەبوونی ئابووری توندوتیژی خێزانی زیاد کردووە، چەندین جۆر توندوتیژی هەیە، لەوانە دەروونی، جەستەیی، ئابووری و سیاسی، بەداخەوە لە ئێستادا ڕووبەڕووی هەموو جۆرەکانی دەبینەوە، ئێمەش وەکو ڕێکخراوەکان یان وەکو چالاکوانان دەبێت بە دواداچوون بۆ توندوتیژییەکان بکەین، چونکە بە درێژایی ساڵەکە توندوتیژی زیادی کردووە و ئێمە ئاگادار دەکرێینەوە، بۆ ئەوەش دەبێت زیاتر هۆشیاری بڵاوبکەینەوە.

 

لە کۆتای قسەکانیدا ئاشنا حسێن، چالاکوان، باسی لەوەکرد، ئەو توندوتیژیانەش کە دەکرێت، ژن تیایدا دەبنە بەرکەوتە، وتیشی: کۆچکردنی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات و بەجێهێشتنی خێزانەکانیان جۆرێکە لە توندوتیژی، بۆیە ئێمە هەمیشە بەرەنگاری توندوتیژییەکان دەبینەوە و پێویستمان بە کاری زیاترە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی.

 

"دەبێت خێزانەکان هاوکارمان بن"

فرمێسک ڕزگار، کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە ڕاپەڕین، ئاماژەی بەوەدام کە بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ماوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا چەندین کار و چالاکی بەڕێوەدەبات، لەبارەی زیادبوونی توندوتیژییەکانەوە دەڵێت: توندوتیژی دیاردەیەکە کە سەرتاسەری جیهانی تەنیوە و پەیوەست نییە بە ناوچەیەک یاخود بە شوێنێک، بەڵام لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەگۆڕێت، ئەمەش بەشێکی دەکەوێتەوە سەر دۆخ و گوزەران و باری ئابووری شوێنەکە، کە هەتا باری ئابووری بەرەو باشتر بڕوات دۆخی ژنانیش باشتر دەبێت، هەرێمی کوردستان کە بەردەوام لەناو شەڕ و ململانێ و هێرشدا بووە، ژنان بەرکەوتەی ئەم هێرش و قەیرانانە بوون.

 

بەڕێوەبەرایەتییەکە ساڵانە لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا چەندین چالاکی ڕێکدەخات، وەک فرمێسک ڕزگار باسی لێوەکرد، ئەم چالاکییانە بە درێژای ساڵ بوونیان هەیە و پێشکەشکردنی سیمینار و بەدواداچوون لەناو گرتووخانەکان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بەشێکی چالاکییەکانیانە.

 

دەربارەی هەماهەنگی نێوان بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان، فرمێسک ڕزگار وتی: بەشێک لە ڕێکخراوەکان ڕۆڵی باشیان گێڕاوە لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، هەماهەنگیش بوون لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی توندوتیژی و کاریان کردووە بۆ بنەبڕکردنی توندوتیژییەکان، ئێمە هیواخوازین لە خێزانەکان و کۆمەڵگەش زیاتر هۆشیار ببێتەوە و زیاتر بتوانن بە دەنگی ئێمەوە بێت و هاوکار و هەماهەنگمان بن بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری.