ماڵی ژنان لە زرگان کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان و بەدەستهێنانی مافەکانیانە

ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا توانیویانە خۆیان ڕێکبخەن و بپارێزن و کێشەکانیان چارەسەر بکەن، سەرەڕای ئەو هێرشانەی کە بۆ سەر ناوچەکە هەیە و دەسەڵاتی پیاوسالاری بەسەریاندا سەپێندراون کە شۆڕش و خەباتی ئەوان دەکەنە ئامانج.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- ماڵی ژنان لە ناوچەی زرگان لە پارێزگای حەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ماوەی ساڵێکدا ١٩ کەیسی پێگەیشتووە، لەوانە کەیسی خێزانی، کەیسی گشتی و هاوسەرگیری پێشوەختە، ٧یان چارەسەر کراون، ٩ کەیس هێشتا لەژێر بەدواداچووندان، جگە لە ڕەوانەکردنی دوو کەیس بۆ دادگای داد و ڕەوانەکردنی یەک کەیس بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان.

 

 سەعیدە عیدۆ، بەڕێوەبەری ماڵی ژنان لە ناوچەی زرگان لە پارێزگای حەسەکە ئاماژەی بەوەکرد، سەرەڕای هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە، ئەنجومەنی ژنان توانیویەتی لە ماوەی ساڵێکدا مامەڵە لەگەڵ ١٩ کەیسی ژناندا بکات، لەنێویاندا حاڵەتەکانی هاوسەرگیری پێشوەختە و جیابوونەوە.

 

سەبارەت بەو بابەتە و دەربارەی ئەو کێشانەی کە لەمساڵدا لە ماڵی ژنان چارەسەر کراون، سەعیدە عیدۆ وتی: بەدواداچوون بۆ کێشەکانی ژنان دەکەین لە کەیسەکانی فرەژنی و هاوسەرگیری لە تەمەنێکی زووداو کێشەی خێزانی، لە ماوەی ئەمساڵدا سەرەڕای هێرشەکانی تورکیا کە کاریگەری لەسەر ناوچەکە کرد، توانیمان ژمارەیەکی باش مامەڵە بکەین و چارەسەریان بکەین جگە لە بەدواداچوون بۆ کەیسەکان، لە ماوەی ئەو چالاکی و پەروەردەیەی پێشکەشی ژنان دەکەین هێرشەکانی داگیرکاری تورکیا بوونەتە هۆی ئەوەی ژنان زیاتر ئازار  بچێژن، کاردەکەین بۆ هاندانیان و زیاتر هۆشیاریان دەکەینەوە لە مافەکانیان.

 

"ماڵی ژنان کلیلی چارەسەری کیشەکانی ژنانە"

ئاماژەی بەوەشکردووە ناتوانن ژنان بە تەنها بەجێبهێڵن لەو هێرشانەدا، وتی: ماڵی ژنان کلیلی چارەسەرکردنی کێشەی ژنانە، ئەگەر بترسین لە هێرش و بڕۆین، ژیانی ژنێک دەکەوێتە مەترسییەوە بۆیە ناتوانین بە تەنها لە نێوان هێرشەکان و دەسەڵاتی پیاواندا بەجێیان بهێڵین، کار لەسەر ئەنجامدانی سیمینار و ڕاهێنان و خولی هۆشیاری بۆ ژنان دەکەین بۆ ئەوەی فێریان بکەین دەربارەی مافەکانیان، چونکە ئەگەر دەستبەرداری خاکەکەمان بین، ئەوە مانای ئەوەیە کە ئێمە دەستبەرداری مافەکانمان بووین، بوونمان لە ناوەندەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان ئەو هێزەمان پێدەبەخشێت کە زیاتر بەردەوام بین و لەو هەنگاوانە نەکشینەوە کە گرتومانەتەبەر.

 

سەعیدە عیدۆ ڕوونیکردەوە سەردان ژنان دەکەن و گوێ لە کێشەکانیان دەگرن، وتی: چاوەڕێی ئەوە ناکەین کە کەیسەکان بگاتە ماڵی ژنان، خۆمان دەچینە لایان و گوێیان لێ دەگرین و چارەسەریان بۆ دەدۆزینەوە، زرگان دەکەوێتە هێڵی بەرکەوتن و ئەو کەیسانەی کە لە زرگان و هێڵەکانی بەرکەوتن و ناوچە گوندەکانی دیکەوە دێن، وەک تیمێک یەک ئامانجمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەیسانە لەسەر بنەمای یەکسانی، بەهۆی ئەو هێرشانەوە، زۆر کەس هەوڵیاندا مافەکانی ژنان پێشێل بکەن و وا دەریبخەن کە شۆڕش لێرە بوونی نییە، یان بۆ نیشاندانی ئەوەی کە ژنان لاوازن و پیاوان بەهێزن بە سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان. بەڵام توانیمان ئەوە کۆنترۆڵ بکەین و ژنان هۆشیار بکەینەوە.

 

"دوای هێرشەکان بەرپرسیاریەتییەکی گەورەترمان گرتووەتەبەر"

سەبارەت بە بەرپرسیارێتییەکانی ماڵی ژنان دوای هێرشەکانی تورکیا لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: هەمیشە هەوڵ دەدەین ژنان پەروەردە بکەین دەربارەی شێوەکانی هێرش و توندوتیژی، چونکە دوای هێرشەکانی داگیرکاری تورکیا، بەرپرسیارێتییەکی گەورەترمان بەرامبەر ژنان و دۆزەکەیان گرتووەتە ئەستۆ و هەوڵ دەدەین کۆمەڵگەکەمان هۆشیار بکەینەوە لەوەی ژنان دەسەڵاتیان هەیە، بۆیە پێکەوە کار دەکەین بۆ بەرگریکردن لێیان، ئێمەی ژنان وەک یەک ئەڵقەین، لە هێڵی بەرکەوتندا کاری ڕێکخراوەیی و سەربازی و ئەمنی ئەنجام دەدەن، و ئەگەر ئەڵقەیەک بکەوێت، هەموو ئەڵقەکان دەکەونە خوارەوە، بۆیە داوا لە هەموو ژنان دەکەین کە پێکەوە کۆببنەوە بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان بپارێزن و داگیرکەران تێکبشکێنن و شارەکانیان ئازاد بکەن.