کافیە لەگەڵ ئابووری ژناندا جارێکی دیکە دەستی بە کشتوکاڵکردن کرد

کافیە ئەحمەد، کە بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە ناچارکرابوو کۆچ بکات و بۆ ماوەی چوار ساڵ لە گۆڕستاندا ژیاوە، ئێستا لەگەڵ خێزانەکەیدا بەشداری لە پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی ئابووری ژناندا دەکات.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- لە ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، هەواڵی خێزانی کۆچبەری کافیە ئەحمەدمان بڵاوکردەوە لەژێر ناونیشانی "ژیان لەنێو مردوواندا" خرایەڕوو کە خێزانەکەی لە گوندی شێخ عەلی لەسەر ڕێگای تل تەمر-زرگان بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە چوار ساڵ بەر لەئێستا ناچاری کۆچکردن بوون، لە گۆڕستانێکدا بۆ ژیان تێدەکۆشن، کافیە ئەحمەد، کە پێشتر باسی هەڵوێستی خۆی کردبوو سەبارەت بە تێکۆشان دژ بە هێرشەکان، ئێستا لە دژی هەموو ئەو هێرشانە بە پرۆژەی ئابووری ژنانی کۆنگرەی ستار تێدەکۆشێت.

 

بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی ئابووری ژنان، پڕۆژەی کشتوکاڵی لەسەر ڕێگای تل تەمر-زرگان کە چەند مەترێک لە باکووری ناوچەکەوە دوورە، تەنها خێزانە کۆچبەرەکان دەگرێتەوە و سوودمەند دەبن لێی، بەپێی بەرنامە کشتوکاڵییەکەیان، هەموو ساڵێک جۆرێک لە گەنم و جۆ و دەچێندرێت و بەرهەم دەهێندرێت.

 

کافیە ئەحمەد شێخ ساڵح، دایکی ٧ منداڵە، سەرەڕای مەترسی هێرشی زەوی و ئاسمانی و بۆردومانکرد، بەشداری لە پڕۆژەکەدا کردووەو دوای چوار ساڵ جارێکی دیکە دەچێتە ناو کێڵگەکان.

 

"بە هاوکاری ژنان، بەشداریمان لە پرۆژەکەدا کرد"

کافیە ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، بۆ ماوەی چوار ساڵ ٧ کەس لە ژوورێکی بچووکدا کە ڕووبەڕەکەی ٣-٣ مەتر بووە، لە گۆڕستانی مەسیحییەکان دوورە لە تل ناسری دەژیان، بەڵام بۆ ماوەی نزیکەی مانگێکە، بە یارمەتی ئابووری ژنان، توانیوویانە بەشداری لە پرۆژەیەکی کشتوکاڵیدا بکەن، وتی:  وەک جوتیار بەشدارین لە پڕۆژەی کشتوکاڵ و ئاودێری، نەک هەر کشتوکاڵ دەکەین، بەڵکو کەلوپەلی ئاودێری و زەویشمان دەپارێزین.

 

خۆشەویستی خاک و کشتوکاڵ

کافیە شێخ ئەحمەد چیتر ئاماژەی بەوەکرد سەرەڕای مەترسییەکان کشتوکاڵ ئیتر ناوەستێت و وتی: حەزمان لە زەوی و کشتوکاڵ کردنە، چی لە ژیانی گوندەکان باشترە؟ لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هیچ شتێکمان نەبینیووە جگە لە مردووەکان، نەمانتوانیوە گەشە بکەین، لێرە لە هێڵی ئاگر بەرکەوتن وەک ئەوەیە لە گوندەکانمانین، لانیکەم دەتوانین مەڕ و مریشک بەخێوبکەین و چاندن بکەین و هەناسەیەکی پاک هەڵمژین.

 

"پێویستە داگیرکەران لە خاکەکەمان دوور بکەنەوە"

کافیە ئەحمەد شێخ ساڵح باسی لەوە کرد بە چوونە دەرەوەی دەوڵەتی تورکیا دۆخەکەیان باشتر دەبێت و وتی: هەندێک کێشەی چارەنووسساز تەنیا پەیوەندی بە ڕۆیشتن و مانەوەی دەوڵەتی تورکەوە هەیە، دەوڵەتی تورک خاکەکەمان جێبهێڵێت هەموو ئەو کێشە ئابووری و خزمەتگوزارییانەی کە پێوەی دەناڵێنین چارەسەر دەکرێن، تەنها لەو کاتەدا دەتوانین بە ئاشتی و ئاسایش بژین لەگەڵ منداڵەکانمان و کەسوکارمان، ٥٠ ساڵی ژیانمان بەسەر برد بۆ دروستکردنی خانووەکانمان و پاراستنی خاکەکەمان، بەڵام دەوڵەتی تورکیا لە ساتێکدا موڵکەکانمانی وێران کرد.

 

کافیە ئەحمەد شێخ ساڵح کۆتایی بە قسەکانی هێناو وتی: ناچار بووین گوندەکانمان بەجێبهێڵین، بەڵام دەگەڕێینەوە بۆ ماڵەکانمان، تا چەند لەژێر چادری جلوبەرگ دەبین؟ دەگەڕێینەوە بۆ خاک و گوندەکەمان، ئەوە خاکی ئەو نییە، ئەوە ماڵی ئەو نییە، گەل هی ئەو نین، دەوڵەتی تورکیا هاتووە بۆ ئێرە بەدوای چیدا دەگەڕێت و چی دەوێت؟ تەنانەت ئەگەر ڕۆژێکیش مابێت، دەگەڕێینەوە و بە درێژایی ژیانمان لەوێ دەژین.