دەستپێشخەری "توکنان" هیوا بۆ ئەو خوێندکارە کچانە دەگەڕێنێتەوە کە لە سودان وازیان لە خوێندن هێناوە
نەخوێندەواری منداڵانی کچ لە سودان تەنها ئامارێک نییە، بەڵکو ڕاستیەکە کە مەترسی لەسەر داهاتووی تەواوی نەوەکان دروست دەکات، دەستپێشخەرییەکانی وەک "توکنان" نموونەیەکی پراکتیکی پێشکەش دەکەن بۆ چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە.
سەلما ڕەشید
سودان-ڕێژەی نەخوێندەواری منداڵانی کچ لە سودان بە بەرزی دەمێنێتەوە و لە هەندێک بواردا نیوەی تێپەڕاندووە، ئەمەش وایکردووە خوێندنیان ببێتە ئالەنگاریەکی گەورە بۆ هەوڵەکانی گەشەپێدان و سەقامگیری کۆمەڵایەتی.
نەخوێندەواری یەکێکە لەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی سودان دەبێتەوە، بەتایبەتی لە ناوچە پەراوێزییەکان و گوندنشینەکاندا، کە بیانووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان لەیەکتردا تێکەڵ دەبن بۆ ئەوەی خوێندنی منداڵانی کچ بکەنە پرسێکی ئاڵۆز، سەرەڕای هەوڵەکانی کۆمەڵگە، ڕێژەی نەخوێندەواری لەنێو ژناندا بەرزە، ئەمەش دەبێتە هۆی دەستپێشخەرییە ناوخۆییەکانی وەک کۆمەڵەی توکنان بۆ پەرەپێدانی چارەسەری جێگرەوە کە پەروەردە بەرەوپێش دەبەن و بەربەستە نەریتییەکان بشکێنن.
نەفیسە ئەحمەد، دامەزرێنەری کۆمەڵەی توکنان، وتی: نەخوێندەواری نوێنەرایەتی ئالەنگاریەکی گەورە دەکات لە ڕۆژهەڵاتی سودان، بەتایبەتی لەنێو منداڵانی کچاندا، ئەمەش وای لێکرد کە دەستپێشخەرییەک بە ناوی "توکنان" دەستپێبکات، کە بە واتای "زانین" دێت لە زمانی بێدایدا کە هۆزەکانی بەجا قسەی پێدەکەن، کە نەتەوەیەکی کۆنی نوبی-کوشییە و بە ڕەگ و ڕیشەی دەوڵەمەندی مێژوویی و زاراوەی بێدای ناسراوە، ئامانجی دەستپێشخەرییەکە بەرەوپێشبردنی پەروەردە و بنبڕکردنی نەخوێندەوارییە لەنێو ژنانی ناوچەکەدا.
ڕوونیشی کردەوە، کە لە ساڵی ٢٠٢١ ئەو کۆمەڵەی دامەزراندووە لە نێوان ئەو بارودۆخە سەختەی سودان تووشی بووە، لەوانە کودەتای سەربازی و شەڕی ناوخۆ، دیدگای "توکنان" لەسەر کۆکردنەوەی منداڵانی کچ و چارەسەرکردنی پێداویستییەکانیان دامەزراوە، ئەزموونەکان دەریانخستووە کە پەروەردەی منداڵانی کچ لە پێشینەی کارەکانییە، بۆیە کۆمەڵەکە پەروەردەی جێگرەوە و بەرنامەی خوێندەواری لە ژینگەیەکی منداڵی کچان دۆستانەدا دابین دەکات، دوور لە سنووردارکردنی نەریتی وەک جل و بەرگی خوێندنگە یان ئامادەبوونی ڕۆژانەی خوێندنگە.
نەفیسە ئەحمەد ڕوونیکردەوە، خوێندن لە "توکنان" پشت بە پۆلە تایبەتەکان دەبەستێت کە بە زمانی زگماکی "بێداوی" دەوترێتەوە، ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی ژمارەیەک منداڵانی کچی تەمەن ١٢ بۆ ١٦ ساڵ کە وازیان لە خوێندن هێنابوو دەست پێبکەنەوە بە خوێندن، هەندێک لەو منداڵە کچانە بە زۆر هاوسەرگیری پێشوەختەیان کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە کۆمەڵەکە ئامانجیەتی لە ساڵی داهاتوودا چالاکییەکانی فراوانتر بکات بۆ ناوچەکانی دیکەی دەریای سوور، جگە لەوەی پشتگیری لە بەهێزکردنی ئابووری دەکات لە ڕێگەی پڕۆژەی بچووکەوە کە یارمەتی خێزانەکان دەدەن سەرچاوەی دارایی دەستەبەر بکەن بۆ پشتگیریکردنی بەردەوامی خوێندنی منداڵانی کچیان.
"ئالەنگاری ئابووری و کۆمەڵایەتی"
لە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی نێودەوڵەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە سودان، نەفیسە ئەحمەد جەختی لە پێویستی قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە کردەوە بۆ تیشک خستنە سەر دۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی سودان، بەتایبەتی سەبارەت بە خوێندنی منداڵانی کچ، ئەمەی بە گەورەترین ئاڵەنگاری پێناسە کرد بەهۆی نەبوونی هۆشیاری کۆمەڵایەتی لە گرنگی پەروەردە، وتی: کێشەکە نەبوونی پەروەردە نییە، بەڵکو نەبوونی هۆشیارییە لە بەهاکەی.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئاڵەنگاریەکان فرەلایەنەن، هەردوو هۆکاری ئابووری و کۆمەڵایەتی لەخۆدەگرن، هەروەها بیانووە کۆمەڵایەتییەکانی بە کاریگەرتر زانی بەهۆی هەڵاواردن لە دژی ژنان، کە کۆمەڵگە پەروەردەی منداڵانی کوڕی لە پێش منداڵانی کچ دادەنێت، جگە لەوەش دووری خوێندنگەکان لە ناوچەی نیشتەجێبوون و سەختی دەستڕاگەیشتنیان، بەشدارە لە ئامادەنەبوونی منداڵانی کچ بۆ خوێندن.
لە ڕووی ئابوورییەوە ڕوونیکردەوە، کە زۆربەی خێزانەکانی ڕۆژهەڵاتی سودان داهاتیان سنووردارە، ئەمەش تێچووی خوێندن دەکاتە بارگرانییەکی قورس، بەربەستێکی دیکە ئەوەیە کە مەنهەجەکە بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی نووسراوە، ئەمەش بەربەستێک بۆ ئەو کۆمەڵگەیانە دروست دەکات کە بە زمانی عەرەبی قسەناکەن.
نەفیسە ئەحمەد داوای کرد زمانی دایک لە خولی یەکەمی خوێندندا وەربگیرێت و دواتر وردە وردە زمانی عەرەبی و زمانەکانی دیکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەندێک وڵات ئەم سیستەمەیان جێبەجێ کردووە و پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە، وەک مامۆستایەکی سەرەتایی پێی وایە نەبوونی زمانی دایکی دەبێتە هۆی خراپی ئاستی خوێندن و زیادبوونی ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن.
هەروەها باسی لە ئاڵەنگاریەکانی دیکە کرد، وەک دوودڵی هەندێک منداڵانی کچ لە خوێندن بە هۆکاری کۆمەڵایەتی و کولتووری، سەختی ڕازیکردنی خێزانەکان بۆ ئەوەی منداڵە کچەکانیان دوای وازهێنانیان لە خوێندن بنێرنەوە بۆ خوێندنگە، هەروەها کەمی مامۆستا و مێزی خوێندنگە، ناوەندی کۆمەڵەی "توکنان" خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا و تەندروستی نییە، ئەمە جگە لە کاریگەریی سەرکردەکانی کۆمەڵگە کە دژی خوێندنی منداڵانی کچن.