ژنانی یارسان؛ دژی پیاوسالاری و کولتووری سەرمایەداری دەوەستنەوە
ژنانی یارسان وەک میراتگری ڕێوڕەسمێکی کۆن و هەڵگری کولتوورێکی دەوڵەمەند، نەک هەر لە دژی پێکهاتە پیاوسالارییەکان وەستاونەتەوە، بەڵکو بە زیندووکردنەوەی پێگەی خۆیان لەم ڕێوڕەسمەدا، لە دژی هەژموونی کولتووری و ئابووریی سەرمایەداریی تێکۆشانیان کردووە.
ئایرین ئەسڵانی
توشامی- ڕێوڕەسمی جەژنی خاوەنکاری خەڵکی یارسان بە ئامادەبوونی پێکهاتەیەکی گەورەی یارسان و نایارسان و ئەوانەی ئارەزووی ئەم کولتوورەن لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و ئێراندا، بەڕیوەچوو. لە گوندی توشامی سەر بە کرماشان، وەک هەموو ساڵێک نمایشێکی گروپی ژن و پیاو کە تەمبور دەژەنن، کلام دەڵێنەوە، پێداویستییەکان وەردەگرن، دەست ماچ دەکەن ئەنجامدرا.
بە بڕوای توێژەرانی یارسان ئەم ڕێوڕەسم و بیرکردنەوە لەسەر بنەمای کلامە نووسراوەکانی جوگرافیای کوردستان و زاگرۆس دامەزراوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ٣ و ٤ی کۆچی.
لەگەڵ یەکێک لە ژنە تەمبوورژەن گفتوگۆمان سەبارەت بەو گۆڕانکاریانەی کە بە تێپەڕبوونی کات بەسەر کولتووری یارساندا سەپێنراون و ڕۆڵی ژنان لەم ڕێوڕەسمەدا و فێستیڤاڵی خاوەنکاردا چۆن بووە، کرد، ژنە تەمبوورژەنەکە وتی؛ ڕۆڵی ژن لە ئایینی یارساندا هەمیشە هەبووە، چ لە بواری مۆسیقا یان لە عیبادەت و هتد. بەڵام به هۆی کاریگەریی ئیسلام لەسەر ئەو شەپۆله کولتوورییە که له ئێراندا زاڵ بوو، ڕۆڵی ژن کەمتر دەردەکەوێت و ئەمەش دژ به ئاراستەی ئایینی یارسان بووه . لە شەش حەوت ساڵی ڕابردوودا کچە گۆرانیبێژانی کەلام نەبوون و کچەکانیش لەو کاتەدا دەیانویست بە کەلام قسە بکەن، ئەمەش بە توندی دژایەتی دەکرا، بەڵام پێداگری ئێمە و پشتیوانی بنەماڵەی حەیدەری وایکرد ئەمە دەستپێبکاتەوە، لە ساڵانی دواتریشدا ، ژنانی زیاتر بەشدارییان لە ژەنینی تەمبووردا کرد.
ئەو دەڵێت: ئایینی یارسان ئایینێکی کوردییە، کتێبەکان بە کوردی نووسراون، کولتوورەکە، کولتووری کوردییە، هەمان پێگە و بەهای ژن لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەیبووە، لە ئایینی یارسانیشدا هەمان پێگە و بەهایە. ئەگەر پەرتووکە یارییەکان بخوێنیتەوە، هیچ نووسینێک نییە لەسەر بنەمای سنووردارکردن و پشتگوێخستنی ژنان.
ناوبراو ڕایگەیاند: لە ئایدۆلۆژیای یارساندا هیچ کردارێک نییە کە لەسەر بنەمای ژن بوون یان پیاو بوون، بەڵکو کولتوورەکە جیاوازە و دەتوانێت بگۆڕێت و لەبەر ئەوەی کەلتوورەکەمان بە تێپەڕبوونی کات دەستکاری کراوە، لە بنەچەی خۆی دوورکەوتووەتەوە، هەندێک شوێن هەیە ژن مافی ئامادەبوونی نییە، کە دەبێت کاری لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانکاری ئەرێنی بەدەست بهێنرێت، نەوەی نوێش توانای ئەمەی هەیە چونکە تێگەیشتنێکی زیاتری بەدەستهێناوە. بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە لە جەوهەری ئایینی یارساندا ڕەگەز پێناسە نەکراوە و ڕەنگە لە هەندێک شوێن زیاتر ستایشی ژنان کرابێت.
سەبارەت بە یەکسانی ژن و پیاو لە ژەنینی تەمبووردا دەڵێت: تەمبوور تەنها ئامێرێک نییە و هەر مەقامێک کە دەوترێتەوە و ئەو دەنگەی کە دەیڵێت، هەریەکەیان لەگەڵ خۆیدا کولتوور و ئایدیاڵ و بەهایەک هەڵدەگرێت. بۆ نموونە لە مەراسیمی کۆبوونەوەکەدا دوو کەس وتارێک پێشکەش دەکەن و هەموو ئامادەبووان یاوەری دەکەن، کە تێیدا ژن و پیاو، گەنج و پیر ئامادەن و کۆمەڵگەیەک پێکدەهێنن کە هەمووان تێیدا ئامادەن.
ئەم تەمبوورژەنە دەڵێت: خەڵکی یارسان سێ ڕۆژ بەڕۆژوو دەبن و لە ڕۆژی چوارەمدا کە ڕۆژێکی پڕ بەرەکەتە لای خەڵک و لە ڕۆژی پێنجەمیشدا دەچنە توشامی و لەگەڵ بنەماڵەی حەیدەری جەژن دەگێڕن. بەم شێوەیە هیچ سنوورێک بۆ ڕۆژووی ژنان دانەنراوە و بۆ نموونە لە ئایینێکی وەک ئیسلامدا ئەگەر ژن لە سەر سوڕی مانگانە بێت ئەوا عیبادەتەکانی قبوڵ ناکرێت و بە ناپاک دادەنرێت، بەڵام لە ئایینی یارساندا شتێکی وا نییە. لە ڕۆژی پێنجەمدا ژن و پیاو تەوقە دەکەن و ماچ دەکەن، ئەمەش دیسانەوە یەکسانی ژن و پیاو نیشان دەدات و ژن و پیاویش لەم ڕۆژەدا قسە لەگەڵ یەکتر دەکەن. لە کاتی پەرستشدا جلوبەرگی ژنان ئیختیارییە، دەتوانیت بە ئارەزووی خۆی دەربکەوێت و قژی ژن بەهای خۆی هەیە و بەو پێیەی ڕێوڕەسمەکە ڕێوڕەسمێکی کوردە، لە کولتووری کوردییەوە سەرچاوەی گرتووە.