سەرەڕای سەرکوتەکان؛ ڕۆژنامەنووسان ڕەنگدانەوەی ڕووخساری ڕاستەقینەی حکومەتەکانن
ئەفغانستان کە مێژوویەکی دەوڵەمەندی لە بواری میدیادا هەیە، ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری و سنوورداربوون بووەتەوە، بەتایبەتی بۆ بەرەوپێشبردنی هۆشیاری ژنان.
بەهاران لاهیب
کابول- ڕۆژنامەگەری ڕۆڵێکی جەوهەری لە کۆمەڵگە مرۆییەکاندا دەگێڕێت. بەپێی حکومەتی وڵاتانی جیاواز، ڕۆڵی ڕۆژنامەوانیش جیاوازە؛ وەک چۆن هەموو کۆمەڵگەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ دیاردەکاندا دابەشبوون بەسەر باش و خراپدا. هەروەها پەیامنێر و ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیەندکاریش بەسەر دوو گرووپدا دابەش دەبن: کەسانێک کە ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکانی کۆمەڵگەن و کەسانێک کە بەرژەوەندی دەسەڵاتداران دەپارێزن.
لە ئەفغانستان بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٢٥٢ی هیجری گۆڤارێک بە ناوی "شەمس النهار" دەرچوو، کە ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە ڕەنگدانەوەی ئازادی ڕادەربڕین لەو سەردەمەدا. هەروەک چۆن لە سەردەمی ئەمانوڵاخان و شاژنە سوورەیای هاوسەریدا هەوڵی ئازادکردنی ژنان درا، لە مادەی ١١ی دەستووری ئەو سەردەمەدا ڕۆڵی ڕۆژنامەگەری لە ئاگادارکردنەوەی خەڵک و بوونی گۆڤارێکی تایبەت بۆ ژنان بە پێویست دانرا، یەکەم گۆڤار بە پێشەنگایەتی ژنان، لە ژێر ئیدارەی ئەسما تەرزی دایکی شاژنە سوورەیا، بە ناوی "ارشادالنسوان" بوو. ئەم گۆڤارە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە هۆشیارکردنەوەی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی کۆمەڵگەی پیاوسالاری و لەو کاتەوە میدیاکان جێگەیەکی تایبەتی لەناو خەڵکی ئەفغانستاندا دۆزیەوە. دوای ئەوە لە ساڵی ١٣٦٠ گۆڤاری "پیام زن" لە لایەن مینا کیشوەر کەمال ڕەهبەر و دامەزرێنەری کۆمەڵەی ژنانی شۆڕشگێڕی ئەفغانستان "راوا" دەرچوو. گۆڤاری "پیام زن" بە تۆنێکی ڕادیکاڵ ڕووبەڕووی لایەنە بناژۆخواز و جیهادییەکان و هێزە سەرمایەدارەکان بووەوە و بە هۆکاری هەژاری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتووری خەڵکی ئەفغانستان و بەتایبەت ژنانی زانی.
لەگەڵ پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆجیا، هاوکات لەگەڵ میدیای چاپکراو، میدیای دەنگی و بینراو و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دروستبوون. ئەمڕۆ لەگەڵ دروستبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەر مرۆڤێک بووەتە پەیامنێری ناوچەکەی. پێویستە ئەوە لەبیر بکرێت کە بنەماڵەی میدیا لە هەموو جیهاندا قوربانییان هەبووە؛ ڕۆژانە لە وڵاتانی جەنگاوی و نائەمنیدا، ژیانی ئەندامانی ڕاگەیاندن لە مەترسیدایە و لە زۆر حاڵەتدا حکومەتەکان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەستیان لەم بابەتەدا هەیە. لە نێوان شتەکانی تردا دەکرێت ئاماژە بە دوو خوشک و هەڤاڵ لە میدیادا بکرێت بە ناوەکانی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین کە لە کاتی کاری میدیایی خۆیاندا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا کوژراون. ئەمە یەکەمجار نییە کە ژنانی هۆشیار و شەڕڤانی کورد لەلایەن حکومەتە تاوانکارەکانەوە دەکوژرێن؛ ئامانجیان بێدەنگکردنی دەنگی ژنە تێکۆشەرەکانە. بەڵام ئەم حکومەتانە بێ ئاگان لەوەی کە چەندە بکوژن، خوێنی ئەو شەهیدانە هێزێکی گەنجتر و ئازاتر دەهێنێتە بەرەکانی شەڕ و بناغەی حکومەتە فاشیستەکان دەهەژێنێت.
لە ئەفغانستان، لە دوای چالاکییە میدیاییەکانەوە، لە پرۆسەی ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکاندا، ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان بە ژن و پیاوەوە کوژراون. لە بیست ساڵی ڕابردوودا میدیای چاپ و ڤیدیۆ و ڕادیۆیی لە سەرانسەری ئەفغانستان چالاک بوو. ژمارەیەک لەو میدیایانە بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی دارایی ئەمریکا و سەرکردە تاوانکارییە جیهادییەکان و تاڵیبان و تەکنۆکراتەکان دروستکراون، وەک چەکێک بۆ کۆنترۆڵکردنی مێشکی خەڵک و سەپاندنی سیاسەتی هەڵە بەکارهێنراون. بەڵام لەلایەکی ترەوە کەسانی زانا و نیشتمانپەروەر ئەم دەرفەتەیان بەکارهێنا و بڵاوکراوەکانیان بەکارهێنا بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک، بەتایبەتی لە ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدا.
لەگەڵ هاتنی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، حاڵەتی توندوتیژی و تاوان بەرامبەر ئەندامانی میدیا زیادی کردووە، "ناوەندی هەواڵی میدیای ئازادی ئەفغانستان-نی" لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاندووە، لە ماوەی یەک ساڵدا ١٨١ حاڵەتی توندوتیژی تۆمارکراوە، کە بریتین لە داخستنی زۆرەملێی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، لێدان، هەڕەشە، سووکایەتیکردن، زیندانیکردن و بێسەروشوێنکردنی ڕۆژنامەنووسان.
پێویستە بگوترێ زیاتر لە سێ ساڵ بەسەر دەسەڵاتی تاڵیباندا تێپەڕیوە و لەم ماوەیەدا هاوشانی سەرجەم ئەندامانی میدیا، ژنان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە. تاڵیبان لە کارەکانیان بێبەشی کردوون و لە هەندێک حاڵەتدا ژنانی ڕۆژنامەنووس کوژراون، لە چەند مانگی ڕابردوودا یاسایەک لەلایەن وەزارەتی ڕێکخستنی چاکە و قەدەغەکردنی خراپەکاری تاڵیبانەوە بڵاوکرایەوە و بەپێی ئەو یاسایە پەخشکردنی وێنە یان ڤیدیۆ قەدەغە بوو لە بوونەوەرە زیندووەکان. ئەم یاسایە بووە هۆی ئەوەی زۆرێک لە میدیای ڤیدیۆیی لە پارێزگا جیاوازەکاندا چالاکییەکانیان ڕابگرن و میدیاکانی کابولیش دوو مانگ مۆڵەتیان پێدراوە.
سەرەڕای هەموو ئەم سەرکوتانە، ڕۆژنامەنووسانی ئازا لە ئەفغانستان، لەگەڵ ئەوەی بەردەوامییان دەبێتە مەترسی خستنە سەر ژیانی ئازیزەکانیان، بەڵام بۆ ئەوەی ببنە ڕەنگدانەوەی ئەو تاوانانەی کە لە ئەفغانستان ڕوودەدەن و ڕووخساری ڕاستەقینەی تاڵیبان ئاشکرا بکەن، بەردەوامن لە کاری ڕۆژنامەنووسی.