ژنانی چەمچەماڵ لە ڕێگەی سەنتەری گەنجانەوە پەرە بە تواناکانیان دەدەن

ژنانی سەنتەری گەنجانی چەمچەماڵ ئاماژە بەوە دەکەن، لەوە بەهێزترن تەنها هەوڵی کاری دروومانی و چەند کارێکی دیکە بدەن، بەڵکو بە پێویستی دەزانن ئەزموونی کاری دیکە تاقیبکەنەوە، بۆ هەمووانی دەسەلمێنن دەتوانن هەموو جۆرە کارێک بکەن.

نیهایەت ئەحمەد

 

چەمچەماڵ- لە باشووری کوردستان ژنان بەردەوام لە هەوڵی کپکردنەی ئەقڵەتی پیاو سالاریدان و هەوڵ بۆ بەدیهینانی ژیانێکی ئازاد دەدەن، ژنانی چەمچەماڵیش بێبەش نین لەو هەوڵانە، بەردەوام کار بۆ شکاندنی بەربەستەکانی بەردەمیان دەکەن، هەرچەندە ئاستەنگیەکان بەردەوامە بۆسەر ژنانی چەمچەماڵ بەڵام بەردەوامن لە شکاندنی ئەو بەربەستانەی لە کارکردندا دێتە ڕێگەیان.

 

گەنجان و ژنانی چەمچەماڵ لەڕێگەی چەند سەنتەرێکی گەنجانەوە دەیانەوێت کاری خۆیان بەرەوپێش ببەن و لە ماڵيکانیان بێنە دەرەوە، یەکێک لەو سەنتەرانەی ژنان توانیویانە تێیدا ئەزموونی کاری جیاواز بکەن، بریتییە لە 'سەنتەری چالاکی گەنجانی شۆڕش'، ئەم سەنتەرە لە بەرواری ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٠، لەسەر داوای گەنجانی ناوچەی چەمچەماڵ و دەوروبەری دامەزراوە کە سەر بە ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستانە، ئەم سەنتەرە لە ئێستادا بۆتە ماڵێک بۆ ژنان و گەنجانی ناوچەکە، ڕۆژانە ژنان لە ناوچە جیاجیاکانەوە سەردانی دەکەن، کارە جیاوازەکانی وەک 'مۆسیقا، وەرزش، شێوەکاری، کتێبخانە، کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت، دروومانی ژنان و پیاوان، چاک کردنی مۆبایل، کردنەوەی خولی زمانەکان، دەلاکی، ئارایشتگا، کارەبایی ئۆتۆمبێل' ئەزموون دەکرێت.

 

"لە دوای تەواوکردنی خوێندن ژنان و گەنجان ڕووبەڕووی بێ کاری دەبنەوە"

گۆنا هاشم دەرچووی بەشی تەکنەلۆجیای زانیاری زانکۆی چەرمۆیە لە چەمچەماڵ و ئەندامی سەنتەری چالاکی گەنجانی شۆڕشە، دەربارەی بارودۆخی گەنجان بە گشتی و سنووری چەمچەماڵ بەتایبەتی ئاماژە بەوەدەکات، ژنان و گەنجانی باشووری کوردستان لە هەر ناوچەیەک بن ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەختی ژیان بوونەتەوە، دەشڵێت: ژنانی گەنج لە چەمچەماڵ ڕووبەڕووی بیکاری بوونەتەوە، لەدوای تەواوکردنی خوێندن خۆیان هەوڵی دابینکردنی کار بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیان دەدەن، حکومەت هیچ هەوڵێک بۆ دامەزراندی گەنجان نادات، هەر بۆیە لەڕێگەی سەنتەرەکانەوە هەوڵی کارکردن و خۆ بەرەوپێشبردن دەدەن.

 

گۆنا هاشم باسی لەوەکرد، ژنان لە کاتی هەوڵدان بۆ کارکردن و هاتنەدەرەوەیان لە ماڵ ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە، وتیشی: کۆمەڵگە ئاستەنگی و بەربەست لەبەردەم ژناندا دروست دەکات، ئەوەی گرنگە هەوڵی خودی ژن خۆیەتی، کە پێویستە بەردەوام هەوڵ بۆ بەرەوپێشچوونی خۆیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بدەن.

 

"بەشی زۆری ژنان بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان ناتوانن بێنە دەرەوە"

گۆنا هاشم، باسی لەوەشکرد، هەبوونی خولەکانی فێربوون لە چەمچەماڵدا تا ئاستێکی باش ژنانی چەمچەماڵی لە ماڵەکانیان هێناوەتە دەرەوە، لە ڕێگەی خولەکانەوە ژنان دەتوانن پەرە بە تواناکانیان بدەن و بژێوی ژیانیان دابین بکەن، هەروەها سەنتەرەکان گرنگی بە هەبوونی کار دەدەن واتە ژنان فێری چەندین کاری جیاواز دەکەن کە بتوانن لە ماڵەکانی خۆیاندا ئەنجامی بدەن وەک دروومان، دەڵێت: بەشێکی زۆری ژنان بۆ کارکردنی بژێوی ژیانیان ناتوانن لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە.

 

وتیشی: گرنگی نەدان بە چەمچەماڵ وای لە ژنان کردووە نەتوانن لە بوارە جیاوازەکاندا توانکانیان دەربخەن، هیچ لایەنێک نییە هاوکاری ژنانی چەمچەماڵ بکات بۆ بەرەوپێشچوونیان لە ڕووی کارکردنەوە، ئەمەش وایکردووە بەشداری ژنان لە بواری کاردا کەم بێت.

 

" پێویستە ژنانی چەمچەماڵ خۆیان بەڕێکخستن بکەن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان"

گۆنا هاشم، ڕوونیکردەوە، ژنان دەتوان لە هەموو بوارێکی ژیاندا پەرە بە تواناکانیان بدەن، پێی وایە ژنان لەوە بەهێزتر و بە تواناترن تەنها هەوڵی فێربوونی چەند کارێکی سەرەتایی بدەن، بەڵکو توانای بەڕێوەبردن و کاری جیاوازیان هەیە، وتیشی: هیوادارم ژنان لە چوارچێوەی ماڵەکانیان بێنەدەرەوە لەچوارچێوەی ماڵەکانیان خۆیان قەتیس نەکەن، زیاتر گرنگی بە خۆ پەروەردەکردن و ڕێکخستنی ژیانیان بدەن تا بتوانن پەرە بە تواناکانیان بدەن و ئەو ئامانجەی هەیانە پێی بگەن.

 

"ژنان لە هەوڵی کارکردندان بۆ داهاتویەکی ئازاد و ڕووناک"

سۆزان ئەحمەد، یەکێکی دیکەیە لە فێرخوازەکان لە سەنتەری چالاکی گەنجانی شۆڕش، باس لەوەدەکات بەشداری کردنی ژنانی گەنج لە سەنتەرەکانی فێربوون چەندین ئامانجی لە پشتەوەیە، هەوڵ دەدەن بۆ هاتنە دەرەوەیان بەڵام بەهۆی ڕێگرییەکانی بەردەمیان ڕێژەی کارکردنیان لە دەرەوەی ماڵ کەمە، دەڵێت: وەک گەنجێک یەکەم جارمە بەشداری سەنتەرەکانی فێربوون بکەم، هەوڵ بۆ بەرەوپێشبردنی تواناکانم لەڕێگەی بەشداریکردن خولەکان دەدەم، بۆ ئەوەی بە ئامانجەکەم بگەم.

 

لە درێژەی قسەکانیدا سۆزان ئەحمەد، وتی: گەنجانمان تا ئاستێکی باش بەشداری پەیمانگا و سەنتەرەکانی گەنجان دەکەن بۆ بەشداریکردن و بەرەوپێشچونی تواناکانیان، هەرچەندە ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگی کارکردن دەبنەوە، بەڵام هەمووکات ژنانن لە هەوڵی شکاندنی ئەو بەربەستەدان و هەوڵی بونیاتنانی داهاتوویەکی باشتر دەدەن.

 

"هەلی کار بۆ ژنان لە چەمچەماڵ کەمترە بە بەراورد بە پیاوان"

سۆزان ئەحمەد، ڕوونیکردەوە، گەنجانی چەمچەماڵ لەلایەن حکومەتەوە پشتگوێ خراون، پەرە بە تواناکانی گەنجان نادرێت و هەلی کاریان بۆ دەستەبەر ناکرێت و دەڵێت: لە چەمچەماڵ ژنا بەردەوام بێ بەشن لە هەلی کارکردن و هەبوونی کاری خۆیان وەک لە پیاوان، چونکە دەزانین ئەقڵیەتی پیاوسالاری وایکردووە ژنان لە ماڵێکدا نەمێننەوە.

 

لە کۆتاییدا، وتیشی: من لە کۆرسی زماندا بەشداریم کردووە چەندین مامۆستای بەتوانامان هەیە دەتوانن وانەکانیان بە باشترین شێوە بڵینەوە، ئێمەی ژنان هەوڵدەدەین چەندین زمانی جیاواز فێرببین تا بتوانین داهاتویەکی باشمان هەبێت، چەندین ژنی بەتوانامان هەیە وەک مامۆستایان و ژنانی بەتوانا دەتوانین بەردەوام هەوڵ بدەین و کار و چالاکیەکانمان بەردەوام بێت.