"لە باشووری کوردستاندا ژنان ڕووبەڕووی ئەقڵیەتی بە کاڵاکردن دەبنەوە"

چالاکوانێکی مەدەنیی سیاسی دەڵێت: پێویستە ژنان گرنگی بە مافناسی و خودناسیی بدەن، بەشداری کایە سیاسییەکان و پۆستە باڵاکان بکەن تا دڵنیا دەبنەوە لەوەی، بە کاڵاکردنی ژنان لە چ ئاستێکدایە و چ زیانێکی بۆ مرۆڤبوون هەیە.

هێلین ئەحمەد  

 

سلێمانی- بەکاڵاکردنی ژنان و هەبوونی سیستمی سەرمایەداری ژنان دەکاتە ژێردەستە و وەک کاڵایەک لێیان دەڕوانن، ئەو بازاڕیەی لەمڕۆدا بەدی دەکرێت لە جیهاندا، باشووری کوردستانیشی گرتووەتەوە، هەبوونی بە کاڵاکردنی ژنان دەبێتە شاردنەوەی پرسە گرنگە مرۆیی و ڕۆحیەکانی ژنان، بەڵام هەبوونی کولتوور و دابونەریتی کورد لەگەڵ بە کاڵاکردنی ژناندا ناگونجێت، کە لە وڵاتانی ڕۆژئاواییدا گەیشتووەتە لوتکە و هەمیشە ژنانی کورد لە دژی سیاسەتی شەڕی تایبەت لەسەر ژنان و بەکاڵاکردنیان لە تێکۆشاندا بوون.

 

"لە شوێنی کارکردندا پێوەری جوانی دادەنێن بۆ کارمەندە ژنەکان"

گەشە دارا حەفید، ماف ناس و چالاکوانی مەدەنیی سیاسی، باس لە بە کاڵاکردنی ژنان لەناو کەرتە گشتی و تایبەتیەکاندا دەکات و دەڵێت: لە کاتی کارکردنی ژناندا لە شوێنی کارەکانیان پێوەری جوانی دادەنێن بۆ کارمەندەکان، لە کاتێکدا ئەوان پێویستیان بە بەهێزبوونی لایەنی هزرییە، نەک لە لایەنی جەستەییەوە بڕیاریان لەسەر بدرێت بۆ وەرگرتن لەسەر کارەکە، ژنان دەبێت خۆیان ڕووبەڕووی ئەو هەڵسوکەوتە ببنەوە و توانای خۆیان زیاد بکەن و گرنگی بدەن بە تواناسازیەکانی خۆیان، پێویستە ژنان گرنگی بدەن بە مافناسی و خودناسی خۆیان، بەشداری کایە سیاسییەکان و پۆستە باڵاکان بکەن، ئەوکات دەزانن بە کاڵاکردنی ژنان لە چ ئاستێکدایە و چ زیانێکی بۆ مرۆڤبوون و بە تایبەت ژنان هەیە، هەروەها ژنان لە ڕێگەی فکرێکی بەهێزەوە دەتوانن ئەم بیرکردنەوە و بە کاڵاکردنەوەی ژنان بووەستێنن.

 

"ئێمە دەتوانین ئەقڵیەتی بە کاڵاکردن لە کۆمەڵگەدا بنەبڕ بکەین"

گەشە دارا ئاماژەی بەوە کرد، گرنگە ژنان لە بوارە هۆشیارییەکەیانەوە گرنگی بە خۆیان بدەن، ئەوکات دەرفەت زۆر دەبێت بۆ کارکردن و لەناوبردنی ئەقڵیەتی بەکاڵاکردنی ژنان لە باشووری کوردستاندا، دەشڵێت: ژنان بە خۆبونیادنان دەتوانن بێنە مەیدانەکان و خۆیان بەڕێوە ببەن، هەروەها پێویستیان بەوە نابێت بچنە بواری بە کاڵاکردنەوە، کاتێک ئێمەی ژنان لەو بوارەی کاری تێدا دەکەین خۆمان ڕۆشنبیر بکەین و بەرەوپێش ببەین، ئەوا بە دڵنیایەوە دەتوانین تاکەکانی کۆمەڵگەش بگۆرین بۆ تاکێکی هۆشیار.

 

گەشە دارا، لە کۆتا پەیامیدا بۆ ژنان ئاماژەی بەوەدا، پێویستە ژنان بڕوایان بە خۆیان هەبێت، هەمیشە مرۆڤ بوون و ژنبوونیان بکەنە لۆگۆیەک بۆ خۆیان، وتیشی: دەبێت ئێمەی ژنان ژنبوونی خۆمان بکەینە لۆگۆیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەقڵیەتی بەکاڵاکردن و ئەقڵیەتی پاوانخوازی، داکۆکیکار بین لەسەر مافەکانی خۆمان و ئەوەندە باوەڕمان بە کارەکانمان هەبێت و دووبارەی بکەینەوە تا بەرامبەرمان بزانێت ئێمەی ژنان داکۆکیکارێکی ڕاستەقینەی ئەو پرسەین، هەمیشە ژنان دەبێت ژنبوونی خۆیان و پرسی خۆیان بسەلمێنن.