ساکار لەتیف: باسکردنی کەیسە تایبەتەکان کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات

کێشە کۆمەڵایەتییەکان زیادیان کردووە و بەشێک لەم کەیسانە بە مەبەستی هۆشیار کردنەوەی خەڵک باس دەکرێن، دەروونناسێکیش دەڵێت: باسکردنی هەندێک کەیس کێشەکە ئاڵۆزتر دەکات.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ساکار لەتیف، دەروونناس، دەربارەی دۆخی کۆمەڵگە لە ڕووی تاک و کێشە کۆمەڵایەتییەکانەوە باسی لەوەکرد، کە هەمیشە کێشەی تایبەت و کۆمەڵایەتی هەبوون، لە سەردەمی ئێستاشدا بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە زانیارییەکانی پەیوەست بەو کێشانە بەردەستن، زۆرجار ئەم کێشانە دەبرێتە لای ئەو کەسانەی خەڵک بە ناوەند سەیریان دەکات و کێشەکانیان باس دەکەن، ئیتر ئەگەر ئەو کەسانە دەرووناس، توێژەر، پزیشک یان مامۆستای ئاینی بن، ئەم کەسانەش زۆرجار ئەو کەیسانە وەکو نمونە باس دەکەن بۆ کۆمەڵە خەڵکێکی تر، ئیتر ئەگەر لە مینبەرێکەوە یان لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە بێت، باسکردنی کەیسەکان بابەتێکی هەستیارە و دەکرێت لێکەوتەی نەرێنی هەبێت، بۆیە ناوەندەکان دەبێت بە وریاییەوە لەو کەیسانە بڕوانن و تەنها بە سەرپێی باس نەکرێن.

 

"ئەگەر کاریگەرییەکان نەزانین باسکردنی کەیسەکان دەبێتە مۆدێل"

ساکار لەتیف ڕوونی کردەوە، یەکێک لە تەکنیکەکانی سەرنجڕاکێشانی خەڵک باس کردنی کەیسەکانە لە مینبەرەکانەوە، بەڵام دەبێت ناوەندەکان ئاگادار بن چۆن باسی ئەو کەیسانە دەکەن، چونکە باسکردنی کەیسەکان بۆ هۆشیارکردنەوە باس دەکرێت، ئەگەر بە وریایەوە سەیریان نەکەین لێکەوتە نەرێنیەکانی زیاتر دەبێت، چونکە ئەگەر نەزانین چی کاریگەریەکی دەبێت لەسەر کۆمەڵگە باسکردنیان دەبێتە مۆدێل، بۆیە ئەو کەسانەی کەیسەکان دێتە لایان دەبێت هەست بە بەرپرسیارییەتی بکەن و ئەو کەیسانە باس بکەن کە لایەنی ئەرینی لەسەر کۆمەڵگە بەجێدەهێڵێت.

 

وتیشی: کاتێک کەیسە تایبەتەکان باس دەکرێن خەڵک متمانەی بەو کەسانە نامێنێت وا کەیسەکانی خۆیانیان لا باس دەکەن، چونکە یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی کەیس وەرگرتن نهێنی بوونیەتی، هەرچەندە لە باسکردنی کەیسەکان ناوی کەسی خاوەن کەیس ناهێنرێت، بەڵام بە بیستنەوەی کەیسەکەی لەوانەیە هەستی بریندار بێت، ئەمەش ڕێگری دەکات لە باسکردنی کەیسەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان.

 

"بەشێک لەو کەیسانەی باس دەکرێن زیاتر تیشک دەخەنە سەر کەسایەتی خاوەن کێشە"

ساکار لەتیف ئەوەشی خستەڕوو، هەندێک کێشەی تایبەتی هەیە پێویست ناکات لە کۆمەڵگەدا باس بکرێن، بەڵکو ڕێگەی تر هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، یان ئەگەر باسیش کران دەبێت لە سنووردا بێت، چونکە زۆرجار باسکردنی کەیسەکان زیادەڕەوی تیادا دەکرێت، هەندێک جاریش گاڵتە بە هەستی چینێک دەکرێت، لەم کاتەدا زیاتر تیشک دەخرێتەسەر کەسایەتی ئەو چینە، نەک کێشەکە، لەم نێوەندەدا نەمانی متمانە لە کێشەکە گەورەترە، بۆیە کاتێک متمانە نامینێت کەیسەکان دەچنە ئەو شوێنانەی نەک کێشەکەی لێ چارەسەر ناکرێت، بەڵکو ئاڵۆزتری دەکات و ئاڕاستەی چارەسەری کێشەکان ئاڵۆز دەبێت، بۆیە بەشێک لەو کەسانەی کەیسەکان باس دەکەن، دەیانەوێت وا خۆیان پیشان بدەن کە ناوەندن و دەتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵام لە ڕاستیدا زیانیان گەیاندووە.