ماددە هۆشبەرەکان مۆتەکەی ژیانی گەنجانن

هەرچەندە لە ئێستادا هەڵمەتی هۆشیاری دەربارەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان هەیە، بەڵام بەکارهێنانی گەنجان تا دێت زیاد دەکات، بەم جۆرەش دۆخی گەنجان لەوپەڕی خراپیدایە و لایەنی پەیوەندیدار بۆ ڕێگریکردن هەوڵی پێویست نادات.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- ئێستا بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان زیادی کردووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کرانەوەی کۆمەڵگە بە شێوازێکی ناهۆشیارانە، هەروەها نەبوونی کار و قەیرانی ئابووری گەنجی لە تواناکانی دوورخستووەتەوە، جگە لەوەش دەوڵەتە زلهێزەکان بە سیستم و کاری بەرنامە بۆداڕێژراو گەنجیان بەم ماددانەوە سەرقاڵ کردووە، تا نەتوانن داکۆکی لە خاکیان بکەن و کۆمەڵگە بەرەوپێش ببەن.

 

"یاساکە بەرگەی ئەو زیادبوونی ڕێژەیە ناگرێت"

نەسرین عەلی، پارێزەر و چالاکوان، باسی لەوەکرد یاسای تازەی ماددە هۆشبەرەکان، یاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٢٠ کە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە ئەقڵییەکانە لە هەرێمی کوردستان، لە یاساکەدا ڕیزبەندی بە پێی مەترسیداری ماددە هۆشبەرەکان کراوە، بەڵام بە گشتی ئەو ماددانەی لە هەرێمی کوردستان بەکار دێت بریتین لە کریستاڵ، ترامادۆڵ و ماریوانە، بەکارهێنەریان زۆرە چونکە نرخەکەیان گونجاوە و دەستکەوتنیان ئاسانە، بەشێک لەو ماددانەش سروشتین و هەندێکیان دەستکردن.

 

نەسرین عەلی ئاماژەی بەوەکرد، یاساکە تازەیە ئەمەش دەبێتە پرسیار ئایا پێشووتر بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان نەبوون، یاخود هەبوون و هیچ ڕێگە چارەیەک بۆ بەکارهێنەرانی نەبووە و یاسایەک نەبووە بۆ ڕێگریکردنیان، بە پێی ئاماری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩٠ بۆ ٢٠٠٣ هیچ حاڵەتێکی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستاندا بوونی نەبووە، بەڵام بە تەنها لە چوار مانگدا ٢٠٢٤دا ٩٥٧ کەس بە مەبەستی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و بازرگانیکردن دەستگیرکراون.

 

"داتاکان مەترسیدارن و ڕێگە چارەسەر ناگیرێتە بەر"

نەسرین عەلی پارێزەر باسی لەوەشکرد هەڵئاوسانێکی لە پڕ دروستبووە و هیچ یاسایەک ناتوانێت بەرگەی بگرێت، بەڵکو دۆخەکە پێویستی بە هۆشیاری و چارەسەر هەیە، هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە بە پێی ئامارێکی عێراق بۆ ساڵی پار نزیکەی ١٠ هەزار کەس بە مەبەستی بەکارهێنان و بازرگانیکردن زیندانی کراون، جگە لەوەی هەندێک حاڵەت بەهۆی نەبوونی بەڵگە دەستگیر نەکراون.

 

بە پێی یاساکە، ئەو کەسانەی ماددەکە بەرهەم دەهێنن یاخود هانی کەسانی دەوروبەر دەدەن بۆ بەکارهێنانی ماددە مەترسیدارەکان، سزاکەیان زیندانی هەتا هەتاییە یاخود کاتییە و سەرپێچی لە ٣٠ ملیۆن کەمتر نەبێت و لە ٩٠ ملیۆن زیاتر نەبێت بەسەریاندا جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ئەگەر ماددە ئاساییەکان بن و لە خشتەی یەکەمدا نەبن، سزاکە بریتییە لە بەندکردنی توند یاخود بڕی ١٥ ملیۆن بۆ ٣٠ ملیۆن دیناری عێراقی، جگە لەوەش پزیشکەکان هەندێک ماددە بەکاردەهێنن بۆ چارەسەر، ئەگەر بەکاری بهێنن بۆ کاری مەبەستی خۆیان بەهەمان شێوە زیندانی دەکرێن، بە شێوەیەک لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و بڕی ١٠ بۆ ٢٠ ملیۆنیشی لێوەردەگیرێت.

 

"پێویستە خێزانەکان لە هەوڵی باشترکردنی بەکارهێنەراندا بن"

نەسرین عەلی باسی لەوەکرد ئەو کەسانەی بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن وەک نەخۆش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، سزای ساڵێک کەمتر و پێنج ساڵ زیاتریان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت، هەروەها سەرپێچی لە ٥ ملیۆن کەمتر نەبێت و ١٠ ملیۆن زیاتر نەبێت لێوەردەگیرێت، وتیشی: لە هەندێک لە وڵاتاندا بەکارهێنەران سزا نادرێن و وەک نەخۆش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، ئەمەش ڕێگە بۆ بەکارهێنەران خۆش دەکات.

 

لە درێژەی قسەکانیدا نەسرین عەلی دەڵێت: لە هەموو حاڵەتێکدا بوونی بەڵگە بۆ دەستگیرکردن و سزادانی تاک گرنگە، هەروەها ئەو کەسانەی تووشی بەکارهێنانی دەبن گرنگە لە چاکسازیدا بن تا بتوانن بچنەوە ناو ژیانی ئاسایی، بە جۆرێک بە پێی یاسایە ٩٠ بۆ ١٨٠ ڕۆژیان پێویستە لە ڕووی دەروونییەوە باش ببن، بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان بە ڕەفتاریانەوە دیارە ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن هەندێک کات دەبنە کێشە بۆ خێزانەکان و جیابوونەوەی دایک و باوکی لێدەکەوێتەوە، بۆیە گرنگە خێزانەکان لە کاتی درک کردن بەوەی یەکێک لە منداڵەکان یاخود ئەندامانی ماڵەکە بەکارهێنەرە، پشتی تێنەکەن بۆ ئەوەی پەل نەکێشێت بۆ بازرگانیکردن و دروستکردنی باند.

 

"ژنان دووبارە دەبنە زەرەرمەندی سەرەکی ئەم گرفتە"

تەنها منداڵان بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکان نین، بەڵکو پیاوانیش ڕێژەیەکی بەرز لە بەکارهێناندا تۆمار کردووە، نەسرین عەلی دەڵێت: پیاو هەیە بۆ ئەوەی هاوژینەکەی باسی نەکات لە جێگەی تر و ڕێگەی لێنەگرێت، هەرچۆنێک بێت ژنەکەشی فێرکردووە یاخود زۆرینەی کات ژنان توندوتیژیان بەرامبەر کراوە بەهۆی ئەوەی ڕێگریان دروست کردووە.

 

لە کۆتایدا نەسرین عەلی بە پێویستی دەزانێت چارەسەری پێشەکی و پاشەکی بۆ دۆخەکە بکرێت، دەشڵێت: هۆکاری سەرەکی خراپی دۆخی ئابووری هاوڵاتیانە، جگە لەوە هەڵکەوتەی جوگرافیای ناوچەکە کە دەوڵەتانی دیکە هەوڵ دەدەن بازرگانی و بەکارهێنەران لەم ناوچەیەدا زیاد بکەن و ئەمەش بە سیاسەت دەکەن، هۆکارە هەرە دیارەکان بریتییە لە کرانەوەی کۆمەڵگە بە ڕووی جیهاندا و ناهۆشیاری دەربارەیان، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر تاک و داهاتووی کۆمەڵگە دروست دەکات.

 

"دەسەڵاتداران دەیانەوێت شیرازەی خێزان تێک بچێت"

شەیدا مەعروف، چالاکوانی مافی مرۆڤ، ئاماژەی بەوەکرد لە ئێستادا بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان زیادیان کردووە، گەنج بە بەکارهێنانی ئەم ماددانەوە سەرقاڵ کراوە، بەمەش کۆمەڵگە بەرەو داڕووخان دەچێت، چونکە کۆمەڵگە بریتییە لە گەنج، جگە لەوە ژنان زەرەرمەندی سەرەکین، چونکە یان بە مەبەست تووش دەکرێن یاخود کەسی نزیکی بەکارهێنەرانن، ژنانن هەوڵی باشترکردنی دۆخیان دەدەن، چەندین خێزان هەن بەم هۆیە هەڵوەشاوەتەوە.

 

شەیدا مەعروف باسی لەوەکرد دەسەڵاتداران و دەوڵەتە زلهێزەکان لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ئەم ماددانە هەوڵی سەرقاڵکردنی گەنج و هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان دەدەن، دەڵێت: بەکارهێنەران بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر دەبرێنە چاکسازییەکان، بەڵام لەوێ زیاتر فێردەبن و کە دێنە دەرەوە بازرگانی گەورەیان لێدەردەچێت.

 

"سیستمی سەرمایەداری ڕۆڵی هەیە لەم دۆخەدا"

شەیدا مەعروف، باسی لەوەکرد، سیستمی سەرمایەداری ڕۆڵێکی بەرچاو لە زیادبوونی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان دەبینێت، ئەمەش بە سیستم دەکەن بەوەی گەنج بێ کار دەکەن و ناچاریان دەکەن پەنا بۆ کاری نەشیاو ببەن، چونکە قەیرانە یەک لە دوا یەکەکان ڕووی لە گەنجان کردووە، وتیشی: بەشێک لە گەنجەکان هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی نایاساییەوە باری ئابووریان باش بکەن و ببنە سەرمایەدار، گرنگە پەروەردە هێندە تۆکمە و گونجاو بێت کە تاک نەکەوێتە ژێر ئەو کاریگەرییانەوە.

 

لە کۆتایدا شەیدا مەعروف باسی لەوەشکرد، بەکارهێنەران توندوتیژی بەرامبەر بە خێزان و ژنەکانیان دەکەن و هەندێک کات ئازاری جەستەییان دەدەن، بەڵام بێ هۆشن و ئاگادار نین چی دەکەن، دەشڵێت: وەزارەتی تەندورستی و پەروەردە پێویستە گرنگی زیاتر بدەن بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری زیاتر، بۆ ئەوەی چیتر بەکارهێنەران کەمببنەوە و گەنج خوو نەدات بە بەکارهێنانی، جگە لەوە حکومەت ڕێگە بگرێت لە بازرگانیکردن و هاوردە کردنی ماددە هۆشبەرەکان، چونکە تەنها حکومەتە دەتوانێت ئاگاداری بازگەکان بێت.