ژنێکی ئێزدی کە پێشەنگایەتی بەرخۆدانی دژ بە عوسمانییەکانی کرد؛ زەریفە ئۆسێ
زەریفە ئۆسێ و بەکیران هەمان شتمان بیردەخەنەوە، بەرخۆدانی بناری چیای شنگال، یاخیبوونی ژنە ئێزدییەکە لە دژی عوسمانییەکان.
گوڵیستان عەزیز
شنگال - لە ماڵی زەریفە ئۆسێ چرا دادەگیرسێندرێت، خەڵک دێن بۆ سەردانی ماڵەکە، هەر بۆیەش شوێنێکی پیرۆزە، چونکە لە سەردەمی خۆیدا زەریفە ئۆسێ شەڕی لەگەڵ عوسمانییەکان کردووە، خەڵکی بەرزکردووەتەوە و سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، ئەو کولتوورەکەمان و ئێزدایتی ئێمەی بەجێهێشتووە بۆ ئەوەی بیپارێزرێت.
خاوەنی ئەم قسانە سارا بۆتانە کە یەکێکە لە کچە ئێزدیەکان، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی شنگالە، بەدواداچوون بۆ مێژووی ژنانی ئێزدی کردووە، هەروەها ئەمڕۆ کاتی زەریفە ئۆسێیە، ڕۆیشتین بەرەو گوندی بەکیرا، بە گوتەی ئێزدییەکان ئێمە لە شەماڵی شنگالداین، کە بەهار زستان بە زۆر دەباتە دەرەوە، خۆر لە پشت هەورەکانەوە هەڵدێت، دارەکان گەڵا دەکەن، هیوا بۆ بەهار بەرز دەکەنەوە.
”لێکۆڵینەوە لە مێژووی زەریفە ئۆسێ بۆ من واتادارە”
گوندی زەریفە ئۆسێ لە بناری چیای شنگال دروستکراوە، هەموو خانووەکان لە بەرد بە دەست دروستکراون، سارا وتی: لە هەر شوێنێک سەیری دەوروبەری چیای شنگال بکەیت، شوێنەواری و شوێنگەلێک دەبینیت کە ژنان بە درێژایی مێژوو بەرەنگاری بوون، ئێستاش لە شوێنێکداین کە ناوەندی خەبات و بەرخۆدان و خۆڕاگرییە، بەرخۆدانێک بۆ کولتوور و شوناس.
سارا شوێنپێی ژنە بەناوبانگ و خۆڕاگرەکانی ئێزدی کەوتووە کە لە چوارچێوەی کارە نەسەبییەکانیدا لە مێژوودا نێژراون، ئەو دەیەوێت ڕۆشنایی بخاتە سەر ئەو مێژووە، وەک ژنێکی ئێزدی لێکۆڵینەوە لەو شوێنانە دەکەم، قسەکردن لەسەر ئەم کەسایەتیانە وەک خوداوەندەکان بۆ من زۆر گرنگ و واتادارە.
ئەمڕۆ زەریفە ئۆسێ میوانداریمان دەکات، زەریفە بە بەردی ماڵەکانی و ئەشکەوتەکانی و دارەکانی و میوەکانی پێشوازیمان لێدەکات.
وتیشی: بەدرێژایی مێژوو چەندین ژنی ئێزدی هەبوون کە شەڕیان کردووە و بەرخۆدانیان کردووە، پێشەنگ بوون بۆ ژنان و هەم بۆ کۆمەڵگە بەگشتی، ئەوان پارێزگارییان لێکردن، زەریفە ئوسێ یەکێکە لەو ژنانە، زەریفە لە خێزانی ئۆسێیە، ئوسێ دۆکسەوە.
”زەریفە ئۆسێ بەرەنگاری عوسمانییەکان بووەتەوە”
سارا کاتێک باسی بەرخۆدانی زەریفە ئۆسێ دەکات دەوروژێت، هەروەها دەزانێت کە ئەوان لە یەک ڕەگەوەن، کاتێک سارا وتی باسی گوندی بەکیرا دەکرێت، یەکسەر زەریفە ئۆسێ دێتە بەرچاو، زەریفە ئۆسێ بە فەرمانی حافز پاشای عوسمانی گەلی پەروەردە کرد و بەرەنگاری بووەوە، ئەو خۆی پێشەنگایەتی شەڕەکەی کرد، ئەگەر زەریفە ئەو بارگرانییەی لەسەر شانی خۆی نەگرتبایە، لەوانەیە لەو شەڕە توندەی دژ بە عوسمانییەکان سەرکەوتوو نەبووایە. کوڕەکانی زەریفەش شانبەشانی زەریفە شەڕیان دەکرد،کە شەڕی بەرگرییە.
ئێستا، نەوەکانی زەریفە لە تەنیشت گوندی زەریفەوە گوندێکی دیکەیان بۆ خۆیان دروست کردووە، نەیاندەویست لێی دوور بکەونەوە، نەیاندەویست لە شاخدا بەجێی بهێڵن، وتی: هێشتا پاشماوەی ئەو گوندە کۆنە ماوە، ئەم گوندە بۆ هەموو ئێمەی ئێزدی میراسە، هەروەها باس لە سیاسەتەکانی سەدام حوسێن دەکات بۆ دوورخستنەوەی ئێزدییەکان لە شاخ، ئەگەر فەرمانمان پێنەدرابا لە شاخ دوور بکەوین، نەدەکوژراین و دەستدرێژیمان نەدەکرایە سەر، نە دەفرۆشراین، منداڵەکانی زەریفە ئۆسێ هەموویان کوڕن، کچێکی نییە، بەڵام هێشتا ژنان هەن کە لەو خێڵەدا بەرەنگاری دەبنەوە.
”هێشتا ماڵی زەریفە ئۆسێ وەک شوێنێکی پیرۆز سەردانی دەکرێت”
وێرانەکانی گوندەکە زۆر شت دەڵێن، باش و خراپ، خۆشی و خەم، قارەمانێتی... ئێزدییەکان لێرە ژیانی خۆیان دەژیان، لە تەنیشت هەر خانوویەک ئەشکەوتێکی بچووک دروستکراوە بۆ پاراستنی خۆیان، ماڵی زەریفە ئۆسێ لە خودی گوندەکەدایە، وەک ماڵی هەموو کەسێک، وتیشی: تا ئێستاش خەڵک سەردانی ئەم ماڵە دەکەن، بە شوێنێکی پیرۆز دادەنرێت، کاتێک شەڕ ڕوودەدات، خەڵک پەنا دەبەن بۆ ئێرە و خۆیان دەپارێزن.
ئەشکەوتەکە بووەتە پەناگەیەک بۆ ئێزدییەکان، پارێزەرێک لە بەرامبەر فەرمانەکان، بە گوتەی سارا، ئەم ئەشکەوتانەی هەبوون، بە دەستیش دروستکراون، بە هەوڵێکی زۆرەوە تێیدا دەژیان، ئەو ئەشکەوتە تەنها مرۆڤی نەپاراستووە، بەڵکو بوون و مێژوو و ناسنامەیشی پاراستووە.
لە ماڵی زەریفە ئۆسێ هەموو ئێوارەی چوارشەممە و پێنجشەممە چرایەک داگیرسێنرێت و دووبارە لە ڕۆژانی پشوودا، ئاسەواری ژیان و خەباتی ئەو سەردەمە هێشتا دیارە.
سارا لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی بۆچی چیا گرنگە بۆ ئێزدییەکان، وتی: دەزانین ئەوەی پاراستمان چیای خۆمانە، هەر بۆیە زۆربەی شوێنە مێژووییەکانمان لەسەر بناری چیاکەن، بەم شێوەیە بوونی خۆمان پاراستووە.
”ئێمە دەمانەوێت مێژووی ونبوو بهێنینەوە”
سارا ڕەخنەیەکی لە مێژووی ئێستا هەیە و وتی: بەداخەوە سەرەڕای ئەوەی کە پاڵەوانێکی باوەڕپێنەکراو بووە، زەریفە ئۆسێ لە مێژوودا بە دەگمەن ناوی دەهێنرێت، ئەمە نەک تەنها بۆ زەریفە، بەڵکو بۆ زۆربەی ئەو ژنانە ڕاستە کە لە مێژوودا ڕاوەستاون.
کۆمەڵگەی ئێمە جێگای بە ژن بەخشیوە، ڕێزی لێ گرتوون، بەڵام ئەو کاریگەرییە دەرەکییە نەرێنییانەی کە کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگەی ئێمە هەبووە، زۆر بوون لە لایەنی ژنانەوە، بەهۆی ئەمەوە وردە وردە ڕاستی ژن لەدەستچووە. دەتوانین باسی سەدان ژنی بەرخۆدان دیکەی وەک زەریفە ئوسێ بکەین کە پێشەنگایەتی کۆمەڵگەکەیان کردووە، هەروەها دەمانەوێت ئەم ڕاستییە مێژووییە ونبووە بخەینە ڕوو، لەگەڵ بەرهەمەکانی ژنۆلۆژی ئێمەش لەسەر بنەمای هەڵدانەوەی ئەم مێژووە دامەزراون، بۆ ئەوەی شەرینا شێج کالۆ و دایە زێرو و ئەوانی تر نەمرن، بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین لەسەر ڕێگای ئەوان بڕۆین.
هەروەها گۆرانی لەبارەی پێشەنگایەتی زەریفەوە وتراوە و گوندەکەی بە بچووکی ماوەتەوە، سەرەڕای ئەمەش کار و هەوڵ و بەرخۆدانی زەریفە ئۆسێ لە ڕێگەی مێلۆدی ئێزدییەوە دەگاتە گوێی گەلی ئێزدیمان، ئیتر چۆن زەریفە دەناسرابا و ناوی زۆرێک لە ژنانی گەنجی ئێزدی دەدرا؟
کاتێک گەشتەکەمان بە مێژوودا تەواو کرد، لە گۆڕەپانی گوندەکەدا دانیشتین،زەریفە ئۆسێ لە تەنیشتمان بوو، چایەکەمان لەسەر ئاگرەکە خواردەوە و هەستاین، وتمان: ماڵئاوا.