هێرۆ مەحمود، ئەو دایکەی بووە چەتر بۆ ڕۆڵەکەی
لە ٢ی نیساندا مرۆڤایەتی دەوەستێت بۆ ئاوڕدانەوە لەو جیهانە تایبەتەی کە پێی دەوترێت ئۆتیزم، نەک وەک نەخۆشی بەڵکو وەک جیاوازییەکی ناوازە لە تێگەیشتن و هەستکردن بە دەوروبەر، لێرەدا دایکانی منداڵانی ئۆتیزم وەک پێشەنگی کۆمەڵگەو پەروەردەکار دەردەکەون.
هێڤی سەڵاح
سلێمانی_کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٧ دا، ٢ی نیسانی وەک ڕۆژی جیهانی هۆشیاری ئۆتیزم دیاری کرد بە ئامانجی ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان و نەهێشتنی ئەو بەربەستانەی کە ڕێگرن لەبەردەم تێکەڵبوونی ئەم توێژە لەگەڵ کۆمەڵگە و هاندانی وڵاتان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردەیی شایستە کە دەبێتە هۆی دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە بۆیان.لە کاتێکدا جیهان ئامادەکاری دەکات بۆ بەرزڕاگرتنی ئەم ڕۆژە شەقام و باڵەخانە بەرزەکان بە ڕەنگی شین دادەگیرسێن بەڵام لە پشت ئەم ڕەنگە گەشاوەیەوە چیرۆکی هەزاران خێزان هەیە کە ڕۆژانە لە هەوڵێکی بەردەوامدان بۆ ئەوەی پردێکی پەیوەندی لەگەڵ ڕۆڵەکانیان دروست بکەن ئۆتیزم تەنها تێکچوونێکی گەشەی مێشک نییە بەڵکو پەنجەرەیەکی جیاوازە بۆ بینینی گەردوون کە تێیدا وردەکارییەکان گرنگییەکی زۆریان هەیە و هەستەکان بە شێوەیەکی خێراتر و قووڵتر کار دەکەن.
کێشەی سەرەکی کە ڕووبەڕووی ئەم توێژە دەبێتەوە تەنها ئاڵۆزییەکانی ناو مێشک نییە بەڵکو ئەو دیوارە ئەستوورەیە کە کۆمەڵگە بەهۆی کەمبوونی هۆشیارییەوە لە دەوریان دروستی کردووە بۆیە ،دروشمەکان جەخت لەسەر قبوڵکردن دەکەنەوە نەک تەنها ناسینەوە چونکە منداڵێکی خاوەن ئۆتیزم پێویستی بە بەزەیی نییە بەڵکو پێویستی بە ژینگەیەکە کە تێیدا هەست بە ئارامی بکات و بتوانێت بەو زمانە بدوێت کە مێشکی بۆی نەخشاندووە،
پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان و ناوەندە پەروەردەییەکان پەرەی زیاتر بە سیستەمی تێکەڵکردن بدەن و مامۆستایان و ڕاهێنەرانی شارەزا پەروەردە بکەن چونکە زۆرێک لەو کەسانەی خاوەن ئۆتیزمن خاوەنی بەهرەی بێوێنەن لە بوارەکانی ماتماتیک و مۆسیقا و وێنەکێشان و ئەگەر ژینگەیەکی لەباریان بۆ بڕەخسێنرێت دەتوانن جیهان سەرسام بکەن با هەموومان پێکەوە لەم ڕۆژەدا بەڵێن بدەین کە ببینە دەنگ بۆ ئەو کەسانەی بێدەنگییان هەڵبژاردووە و ببینە ڕێگەیەک بۆ گەیشتنیان بەو خەونانەی کە شایستەیانە.
" بە شانازییەوە هەموو کەس و مناڵەکانی دیکەمان تێگەیاند کە مناڵەکەمان جیاوازە"
هێرۆ مەحمود، دایکی بەندین کە هەڵگری ئۆتیزمە وتی: بەندین لە دوای سالێک و پێنج مانگ، کەوتنە خوارەوەیەکی سادەی هەبوو، دوای ئەوەی تەمەنی بووە یەک ساڵ و هەشت مانگ بۆمان دەرکەوت کە جیاوازی هەیە لەگەڵ مندالەکانی دیکەماندا و راستیەکەی ئێمە سەرەتا نەمانزانی کە ئۆتیزم چییە،چونکە ئەو کاتە زانیاری زۆر لەسەری نەبوو و بابەتێکی نامۆ بوومدکتۆری زۆرمان پێکرد لێرە بەلام سودی نەبوو،دوای ماوەیەک لەگەڵ باوکی بردمان بۆ ئێران لەوێ پێیان وتین کە ئۆتیزمە و نەمان ئەزانی چییە بۆیە ئاسای بوو لامان وامان دەزانی هەر وەک پەتەیەکی ئاساییە، زانیاریمان نەبوو لەسەری دوای ئەوە نیشانەکانی لەسەر دەرکەوت و شتە جیاوازەکانیمان بینی و دوای ئەوەی تەمەنی بووە دوو ساڵ زانیمان کە بەندین جیاوازە و ئۆتیزمی هەیە، سەرەتا کە دەزانی منداڵەکەت ئۆتیزمی هەیە نەک بۆ ئێمە بۆ هەموو خێزانێک قورسە چونکە تۆ تووشی شۆک دەبیت، چونکە وا بیردەکەیتەوە کە هەموو دەرگاکان لەسەر داخراوە، بەڵام بە پێچەوانەوە تۆ دەبێت گەشبین بین چونکە ئێستا هەموو زانیارییەک هەیە پێجەوانەی ئەو کاتەی ئێمە کە هیچ زانیارییەک دەربارەی ئۆتیزم نەبوو، من ئەو کاتە هەر خۆم و باوکی بووین و دوو منداڵەکەی دیکەم بچووک بوون زۆر قورس بوو بۆ ئێمە چونکە ئەوە راستییە کە ٩٠٪ی لە خێزان و چونەدەرەوەی ژیانی ئاسایی و کۆمەڵگە دادەبرێیت، چونکە بەڕاستی سەرەتای ئۆتیزم زۆر قورس و ناڕەحەتە، بەڵام دواجار کە تۆ قبوڵ کرد کە منداڵەکەت ئۆتیزمە زۆر کارت لەسەر ئاسان دەبێت، ئێمە هەر لە سەرەتاوە و لە تەمەنی دوو ساڵ کە خۆمان زانیمان بەندین ئۆتیزمە هەموو خزم و کەسیش زانی، خەڵک هەبوو تا ١٠ ساڵ نەیان ئەزانی ئۆتیزم چییە چەن بۆمان روون دەکردەوە تێنەدەگەشتن لێمان، یەکێک بووین لەو دایک و باوکانەی کە مناڵەکەمان نەشاردەوە بە شانازییەوە هەموو کەس و مناڵەکانی دیکەمان تێگەیاند کە مناڵەکەمان جیاوازە.
" هەر کارێک کرد ئەوەنە بە ئومێدەوە بیکە بڵێ کۆڵی لێنادەم تا دەگەمە ئەنجام"
ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆتیزم نەخۆشییەک نییە بڵێت دۆخێکی دەروونیە بەس ئەوەیە جیاوازە لە منداڵەکانی دیکە و ئەگەر بتوانیت ئەو جیاوازییە قبوڵ بکەیت و و بتوانی لەگەڵیدا ڕابێیت کارەکان لەبەردەمتدا زۆر ئاسان دەبێت، جیاوازی بەندین لەگەڵ منداڵەکانی دیکەدا ئەوەبوو کە سەرنجی نەبوو، تێکەڵاوی خەڵک نەدەبوو، هاواری زۆر بوو، خەوی کەم بوو، لە چوارجێوەی ئەم ماڵەدا هەموو دەرگاو پەنجەرەمان داخستبوو،نەمان دەتوانی بڕۆین بۆ هیچ شوێنێک، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئەنجامی هەبوو بەوەی کە بەرەو باشبوون دەرۆشت و ئەساسی باشبوونی مناڵێکی ئۆتیزم دایک و باوکی باشە، گەر دایک و باوک بتوانێت بەرنامەیەکی تۆکمەی هەبێت و نەهێڵێت کە خۆشەویستی و رێز لە نێوان خیزان کەم بێتەوە ئەوا ئەنجامی زۆر باشی دەبێت، ئەو بەرنامەی کە من و باوکی دامان نا، زۆر هاوکاری یەک بووین و یەکێک بووین هەموو ژیانی خۆمان دانا بۆ بەندین و زۆر بەکەم لە هەفتەکەدا لە ماڵ بووین هەموو شەوێک دوای نان دەمانبردە دەرەوە بۆ هەموو باخ و شوێنە گشتیەکان و تێکەڵی خەڵکمان دەکرد، بەشێکی زۆری ئەوەی کە سودی لە چارەسەرەکان وەردەگرت ئەوە بوو کە تێکەڵی خەڵکمان دەکرد و دەمانبردە دەرەوە ،کەم پارک و شوێنی گشتی هەیە کە ئێمە بەندینمان بۆ نەبردبێت، سەرەتا کە ویستم فێری بکەم بە پاس بیبەم بۆ بازار، زیاتر لە هەشت مانگ من خەریکی راهێنان بووم تا فێر بوو بە پاس بیبەم بۆ بازار و لە ئەنجامدا فێر بوو ئێستا کە دەیبەم وەک کەسێکی ئاسایی پارەکەش دەدات بە شۆفێرەکە، ئەم کارانە کە دەیکەیت دەبێت سەبر هەبێت بۆ ئەوەی کە ئەنجامەکەی ببینیت، هەر کارێک کرد ئەوەنە بە ئومێدەوە بیکە بڵێ کۆڵی لێنادەم تا دەگەمە ئەنجام، بەدڵنیای پێی دەگەیت، ئێمە راهێنان هەبووە بە چوار ساڵ هەوڵمان لە گەڵدا داوە تا فێر بووە، رەنگە کە بڵێیت بەندین ئەو تەپلەکە لابە بە سێ مانگ فێر ببێت کە لایبات تۆ نابێت من سێ بۆ چوار جارە پێی دەڵێم و بەگوێم ناکات، بەڵێ بەگوێت دەکات بەلام کاتی دەوێت، ئێمە راهێنەر و مامۆستامان نەگرتووە بۆ بەندین، نەمانکردۆتە قوتابخانە چونکە کاتێک تەمەنەکەی مناڵ بوو ، دۆخەکەی زۆر قورس بوو دواتر کە بەرەو باشتر بوون رۆی تەمەنی گونجاو نەبوو بۆ قوتابخانە بەڵام سوپاس بۆ خوا ئێستا وەک من و تۆ خوێنەواری هەیە دەتوانێت شت بنوسێت و بخوێنێتەوە، ژمارەکان کۆکردنەوەی لێدەرکردن دەزانێت و ئەنجامی هەوڵ و ماندووبونی من و باوکیەتی و ئێستا سوپاس بۆ خوا ٨٠٪ قۆناغی قورسمان تێپەراندووەو تا ئیستا راهێنانەکان بەردەوامن و بچین بۆ هەر شوێنێک لەگەڵ خۆمانی دەبەین و هەرگیز نەبۆتە بەربەست لەبەردەممان کە ببڵێین تێکەڵی کۆڕ و کۆبوونەوەکان نابین، بە شانازییەوە بردوومە، دایک و باوک قوتابخانەیە بۆ منادڵ، راستە ئەگەر بەندین لە سەنتەریش بێت ئەوا تەنها چوار کاتژمێر لەوێ دەبێت و دواتر دێتەوە ماڵەوە ئەگەر من لە ماڵەوە زانیارییەکی چرم نەبێت و بارودۆخێکی گونجاوی بۆ دروست نەکەم ئەوا سود لە سەنتەریش وەرناگرێت، دایک و باوک بربرەی پشتی مناڵی ئۆتیزمن، دەبێت خۆیان پزیشک ومامۆستاو راهێنەر بن،ب ەندین هەر راهێنانێکم دەکرد پاش ماوەیەک وەڵامدانەوەیم دەبینی ئەوەندە دڵخۆش دەبووم، بەندین تا ١٢ ساڵ دەنگی پێکەنینیشی نەبوو نەک قسەکردن، یەکەم وشە کە فێر بوو وتی ئاو بە هەمووومانی دەوت ئاو هەستم دەکرد خوای گەورە مژدەی بەهەشتی داوە پێیم ئەوەندە دڵ خۆش بووم.
" دەتوانم بڵێم بە سەد پزیشک بەقەد دایکێک نازانێت"
هێرۆ مەحمود، دایکی بەندین لە درێژەی قسەکانیدا وتی،:لە زۆر شوێنی دیکەش وتوومە تەمەنا دەکەم کە ئێستا مناڵێکی بچووکی ئۆتیزمم هەبێت، واملێدەکرد دەمکردە منداڵێکی ئاسایی جونکە سەردەمی ئێمە ١٧ ساڵ پێش ئێستا هیچ نەبوو ئەوەی کە فێرمان کردووە هەموووی بە رێگەی من و باوکی بووە، بۆ نموونە کە فێری پاسکیل لێخورینمان کرد لێرە دوو تایەی تیا بوو یەکێک لە سەرەوە ئەوەی تر کە خوارەوە کە دەمان بردە دەرەوە باوکی لە خوارەوە بوو من لە سەرەوە بە دوو کاتژمێر ڕۆژانە ئەوەمان دەکرد، دواتر کە فێر بوو خۆت دەرۆشت بە بێ ئەوەی هیچی پێ بڵێین خۆی هەتا دوو تاسەکە دەرۆشت، و زیاتر نەدەرۆشتن و دەگەرایەوە بۆ ماڵەوە لەبەر ئەوەی فێری ڕۆتینمان کردبوو، من لێرەوە روو ئەکەمە ئەو دایک و باوکانەی مناڵی ئۆتیزمایان هەیە بەس راهێنان بکەن مەرج نیە هەمووی ئەکادیمی بێت ئێمە بەردەوام راهێنان بە بەندین ئەکەین ئێمە سەرەتا کە چامان دەبرد بۆ باوکی یەک ساڵی خایاند سەرەتا سەرنجی نەبوو سەیری نەدەکرد، بەڵام دواجار فێر بوو ئێستا خۆی بەتەنیا ئەتوانێت چاو ئاو بەرێت بۆ باوکی و بۆ میوان، من زۆرینەی دایکان دەبینم روخاون و بەردەوام دەگرین ، بەلام ئەمە ئەبێتە گەورەتیرین زەرەر بۆ خۆی و بۆ مناڵەکەش، تا ڕۆژێک زوتر دەست بە چارەسەرکردن بکرێت باشترە، کاتێک بەندینم فێری خۆشتن کرد ئەگەر ئێستا باسی بکەم کە چۆن فێرم کردەوە رەنگە ڕاهێنەران و شارەزایان گەڵتە بە رێگەکەم بکەن بەڵام گرنگ ئەوەیە کە فێرم کردووە و دەتوانم بڵێم بە سەد پزیشک بەقەد دایکێک نازانێت،چونکە دکتۆر لەسەر وەرەقە فێر دەبێت ئێمە ١٧ ساڵە لەگەڵ مناڵیکی ئۆتیزم دەژین، ڕۆژانە لەگەڵیدا هەڵەسم و دا ئەنیشم ئەزانم چۆنەو چی دەوێت،تکا دەکەم لە دایکو باوکان مناڵەکانیان پشتگوێ نەخرێن و مناداڵەکەت بکە بە هێڵی سوور لای هەموو کەس، چونکە تۆ چۆن سەیری منداڵەکەت بکەی خەڵکیش ئاوا سەیری دەکات، من تا ئێستا ڕێگەم نەداوە کام کەسەی شیرینی خۆمە بە بجوکترین شت پەنجە بۆ بەندین رابکێشێت و هەرگیز من بێزاریش دەرنابرم ڕۆژێک لە ڕۆژان کە بڵێم بەندین ژیانی لێتاڵ کردووم بە پێچەوانەوە بەندین فریشتە و شیرینی ئەم ماڵەیە.
لەکۆتایی قسەکانیدا هێرۆ مەحمود وتی: منداڵانی ئۆتیزم لە هەموو ڕوویەکەوە پەراوێز کراوە و بەتایبەت لە دەرەوەی شارو شارۆچکەکاندا، داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکەم کە ئەم مندالانەش مافی خوێندنیان هەیە، جونکە لە کاتی بوونی دەوامدا گرفتی زۆریان بۆ دروست دەبێت و هاوکاری ناکرێن و وەرناگیرێن، ئێمە چەندەها مامۆستای تایبەتمان هەیە کە خوێندنیان تەواو کردووە و لە ماڵەوەن ئەتوانن سود لەوان ببینن بۆ پەروەردەکردنی منداڵانی ئۆتیزم، چونکە ئەم مندالانە هیچ جیاوازییەکیان نییە و زۆر زیرەکن لە لایەکی دیکەوە ئەم منداڵانە زۆر مەسرافیان هەیە و حکومەت هیچ کارێکی نەکردووە بۆ هاوکاریکردنی کەسوکاری ئەو مندالانەی کە ئۆتیزمیان هەیە، بەندین پێشتر پێویستی بە پزیشکی دان هەبوو هیچ کەسێک هاوکاری نەکردین من لێرەوە دەستخۆشی لە کۆمەڵەی ئۆتیزم دەکەم کە باوکی بەندین دوو ساڵە لەوێ سەرپەرشتی مناڵانی ئۆتیزم دەکات، کە هاوکاری زیاتر لە ١٠٠ منداڵی ئۆتیزم کردووە بۆ ئەوەی کێشە و گرفتە تەندروستییەکانیان چارەسەر بکەن بەبێ بەرامبەر، لێرەوە روو دەکەمە بەرپرسان و سەرۆکی حکومەت و هەرێم کە لەگەڵ زۆربوونی رێژەی ئۆتیزمدا ئاور لە کەسوکاریان بداتەوە و هاوکاریان بکات، پەیامم بۆ دایک و باوکان ئەوەیە کە مەترسن ماندوو مەبن منداڵەکانتان مەشارنەوە، هیچ کاتێک سەیری سەرووی خۆت مەکە سەیری خوارووی خۆت بکە وزەیەکی زۆر باش بدە بە خۆت بۆ ئەوەی زۆر باش بتوانی پەروەردە و خزمەتی منداڵەکەت بکەیت.