چالاکوانانی تونس هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ ژنانی حەلەب و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا دەردەبڕن

چالاکوانانی تونس هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ ئەو پێکهاتانە دەربڕی کە رووبەڕووی پێشێلکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی بوون لە سووریا، ئەمەش دوای پەرەسەندنی توندوتیژییەکانی ئەم دواییە لە حەلەب.

زهور مەشرقی

 

تونس-گەڕەکەکانی شاری حەلەبی سووریا شایەتی پەرەسەندنی توندوتیژییەکان بوون لە کاتێکدا پێکدادانەکان لەگەڵ حکومەتێکی کاتی بەردەوامە کە کردەی سەربازی لە پێشینەی ڕێگاچارە سیاسییەکان دادەنێت، پێشێلکاریی ڕاستەقینە بەرامبەر بە هاوڵاتیانی مەدەنی بەڵگەدار کراوە، لەوانە هەڵکوتانە سەر ماڵ و کۆچکردنی زۆرەملێی دانیشتووانی گەڕەکە کوردنشینەکان.

 

داواکارییەکانی مافی مرۆڤ بەردەوامە بۆ هاودەنگی لەگەڵ پێکهاتە زیانلێکەوتووەکان و گەلانی ڕووبەڕووی پێشێلکردنی سەروەری دەوڵەت و یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ قەیرانەکانی چەند ناوچەیەکی جیهان لەوان سووریا و ڕۆژهەڵاتت کوردستان و ئێران.

 

چالاکوانانی تونس هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ پێکهاتە سوورییەکان دەربڕی کە تووشی پێشێلکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی بوون لە سووریا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە توندوتیژی و پێشێلکارییە ڕاستەقینەییەکان بەرامبەر بە هاوڵاتیانی مەدەنی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی شاری حەلەب.

 

ئەم چالاکوانانە حکومەتی کاتی سووریایان بە بەرپرسیار زانی لەو پراکتیزە بەردەوامانەی کە مافە بنەڕەتییەکان پێشێل دەکەن و دۆخی مرۆیی ناوچەکە خراپتر دەکەن، ئەم هەڵوێستە هاوپشتییە درێژدەبێتەوە بۆ گەلانی دیکە کە ڕووبەڕووی قەیرانی ئاڵۆز و پێشێلکردنی سەروەری و مافەکانیان دەبنەوە، لە چوارچێوەیەکی نێودەوڵەتیدا کە شایەتحاڵی پەرەسەندنی ململانێکان و دەستێوەردانەکانە، کە کاردانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر سسترین گروپەکانە بەتایبەت ژنان.

 

”توندوتیژی گەیشتۆتە ئاستێکی بێ وێنەی”

رەفیقە رەقیق، کەسایەتییەکی پێشەنگی پارتی کرێکارانی تونس ڕایگەیاند، هاودەنگی لەگەڵ هەموو گەل و گروپە چەوساوەکان، جا بە هۆی ڕژێمە پاوانخوازەکانەوە بێت یان دەستێوەردانی دەرەکی، بنەمایەکی بنەڕەتی ئەو پارتەیە، وتی: ئێمە دەنگی خۆمان بەرزدەکەینەوە بۆ پشتیوانیکردن لە هەموو ئەو گەلانەی کە بەدەست ستەمەوە دەناڵێنن، هەروەها هەموو جۆرە بەکارهێنانی سەرچاوەکانیان بە بیانووی جیاواز ڕەتدەکەینەوە.

 

دووپاتی کردەوە، کە پارتی کرێکاران وەک ئەکتەرێکی سیاسی لە بەرامبەر نادادپەروەریدا پشتیوانی خۆی بۆ مافەکانی گەلان دەردەبڕێت و لەگەڵ ئەو کەسانەدا وەستاوە کە تووشی جۆرەها توندوتیژی و سەرکوتکردن بوون.

فازیلە محەمەد، چالاکوانی سیاسی فێمینیست دووپاتی کردەوە: کە لە ئێستادا ژنان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لە ململانێی سووریادا، کە تووشی چەندین جۆری ئازاردان دەبن، لەوانە توندوتیژی دووانە، کۆچکردنی زۆرەملێ و برسێتی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕووداوە بەردەوامەکان دەستکەوتەکانی ژنان دەکەنە ئامانج، بەتایبەتی لە ناوچەکانی سووریا کە بە هەمەجۆریی ئایینی و خێڵی ناسراون، هەروەها ئەمڕۆ ژنانی سووریا بەبێ گوێدانە ئایینەکەیان، نەک هەر سزا دەدرێن بەڵکو لەبەرچاوی تەواوی جیهاندا دەکوژرێن، لە ژێر پەردەی ئایین و خێڵەکیدا پێشێلکاری قورسیان بەرامبەر ئەنجامدەدرێت.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە ژنانی سووری بە یەکێک لە سەختترین قۆناغەکانی مێژووی سەردەمیدا تێدەپەڕن، هەروەها ئاستی توندوتیژیی ئێستا گەیشتووەتە ئاستێکی بێ وێنە، تەنانەت لە قۆناغەکانی پێشووی ململانێکاندا دۆخەکە نەگەیشتە ئەم ئاستەی کوشتن و پێشێلکاری بەرامبەر گروپە جیاوازەکان.

”کردەوەی هاوبەش و هاوپشتی ناوچەیی”

ڕەحمە لەسود، چالاکوانی گەنج ڕوونیکردەوە، کە ناوچەکە ڕووبەڕووی زەمینەیەکی ئاڵۆزی نێودەوڵەتی دەبێتەوە کە ململانێی سیاسی لەگەڵ تێکچوونی بارودۆخی مرۆیی یەکتر دەبڕێت، گروپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان، لەنێویاندا پێکهاتەکانی سووریا، لە چەندین ناوچەی جێناکۆکدا، لەنێویاندا سووریا و فەڵەستین، بەرەوڕووی پێشێلکارییەکی قورس دەبنەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵگەکان لە سووریا ڕووبەڕووی جۆرە ئاڵۆزەکانی ستەم و توندوتیژی دەبنەوە، کە ژنان لەنێو ئەو کەسانەدان کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، ئەوەی ڕوودەدات پێشێلکاری ڕاستەقینە لەخۆدەگرێت کە بە تایبەتی ژنان دەکاتە ئامانج، لەوانە توندوتیژی، دەستدرێژی و پراکتیزەکردنی زۆرەملێ، لە چوارچێوەی ئەو ململانێیانەی کە دەوڵەت و گروپە چەکدارەکان لەیەکتردا تێکەڵاون.

 

ڕەحمە هاوسۆزی خۆی لەگەڵ ژنانی حەلەب دەربڕی کە لەسەر بنەمای ناسنامەی خۆیان و تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانیان ڕووبەڕووی پێشێلکاری دەبنەوە، وتی: ئەو شەڕ و پێشێلکاریانەی کە گەلانی باشووری جیهانی تووشی دەبن، پێویستی بە هەڵوێستی ڕوونی هاودەنگی هەیە لەسەر بنەمای هەماهەنگی و یەکێتی کە سنوورەکان تێدەپەڕێنێت، دوور لە هەر ڕەچاوکردنی ئایینی، خێلەکی، یان ناسنامە، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەم دۆخانە ببنەوە.

 

جەختی لە گرنگی کردەوەی هاوبەش کردەوە، چونکە هاودەنگی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ئامرازێکی بنەڕەتی پێکدەهێنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوەی کە بە هێرشی دووبارە بۆ سەر گەلان لە ژمارەیەک ناوچەی جیهان پێناسە کرد.