دوای ساڵانێک لە ئاوارەبوون دانیشتووانی خەرتوم چۆن جەژنی ڕەمەزان دەگێڕن؟

ئەو ژنانەی گەڕاونەتەوە خەرتوم هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ژیان وردە وردە ئاسایی دەبێتەوە، لەگەڵ باشتربوونی ڕێژەیی لە خزمەتگوزارییەکان و گەڕانەوەی خێزانەکان بۆ ماڵەکانیان، سەرەڕای ئاستەنگە بەردەوامەکانی وەک کێشەی گواستنەوە و پچڕانی کارەبا و ئاو لە هەندێک ناوچەدا

ئایە ئیبراهیم

 

سودان-ژمارەیەک خێزانی سودانی خۆشحاڵییەکی بێئەندازەی خۆیان دەربڕی بۆ گەڕانەوەیان بۆ ماڵەکانیان لە خەرتومی پایتەخت بۆ بەسەربردنی پشووی جەژنی ڕەمەزان دوای ئاوارەبوونێکی سێ ساڵە بەهۆی ململانێی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا کە لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣ دەستیپێکرد.

 

ئاژانسەکەمان گەشتێکی بۆ چەند ناوچەیەک کرد لە خەرتوم کە شایەتی شەڕی توندی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بوون، وێرانکارییەکی بەرفراوانی ژێرخانی بەدیکرد، چونکە زۆرێک لە خێزانەکان گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان دوای ئەوەی سوپا پایتەختی کۆنترۆڵکردەوە، هەروەها ئاژانسەکە ئاماژەی بە گەڕانەوەی وردە وردەی ژیان بۆ ناوچە جیاوازەکان کردووە، سەرەڕای هەندێک ئاڵەنگاری بەردەمی خێزانەکان، دیارترینیان ناسەقامگیری دابینکردنی کارەبا و ئاو لە هەندێک ناوچەدایە، بەڵێن و هەوڵەکانی حکومەت لە ئارادایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بەپەلە و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بە تەواوی.

 

لەگەڵ هاتنی جەژنی ڕەمەزان، زۆرێک لە خێزانەکان بەڕێکەوتن بۆ گەڕانەوە بۆ پایتەخت لەو ناوچانەی کە ئاوارە بوون، ناوەندەکانی گەشتیاری قەرەباڵغ بوون لە خێزانەکان کە بە تامەزرۆییەوە دەگەڕێنەوە ماڵەوە بۆ جەژن، دەموچاویان لە خۆشیدا دەدرەوشایەوە کاتێک خۆیان بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەوە ئامادە دەکرد، هەروەها پێشبینی دەکرێت بەهۆی ئەوەی دۆخی خەرتوم تاڕادەیەکی زۆر سەقامگیر بووە، خێزانی زیاتر بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

 

”ژیان دەگەڕێتەوە سەرەڕای کاریگەرییەکانی ململانێ”

هەنادی مەحجوب دانیشتووی ناوچەی جەبرا لە باشووری خەرتوم چەند مانگ لەمەوبەر گەڕایەوە ماڵەکەیی، وتی: سەرەتا ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە لە گواستنەوەی نێوان گەڕەکەکاندا، جگە لە پچڕانی کارەبا و ئاو، بەڵام دواتر دۆخەکە سەقامگیر بووە دوای ئەوەی کارەبا و ئاو گەڕێنرایەوە، هەروەها خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە هەندێک ناوچەدا گەڕێنرانەوە.

 

سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی خێزانەکەی بۆ جەژنی ڕەمەزان لە ماڵەکەیاندا دوای چەندین ساڵ لە ئاوارەبوون، باسی لەوە کرد، کە نەریتی جەژن گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، جا چ لە کڕینی جلوبەرگی منداڵان یان ئامادەکردنی کولیچەوە کێک، دڵخۆشی خۆی دەربڕی کە یەکەم جەژنی لە ماڵەکەیدا بەسەربردووە دوای ململانێکان، سەرەڕای ئەوەی تاڵان کراوە.

 

هەنادی مەحجوب داوای لە سەرجەم دانیشتووانی شارەکە کرد بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و بەشداری بکەن لە ئاوەدانکردنەوەی خەرتوم، جەختیشی لەوە کردەوە، کە خەرتووم لە سایەی ئیرادە و بەهێزی ئەو کەسانەی دەگەڕێنەوە بۆی، باشتر لە جاران بدەگەڕێتەوە.

 

”زبڵ و خاشاک لە شەقامەکاندا کۆدەبێتەوە”

ئیمان عماد، دایکی دوو منداڵ وتی: ژیان وردە وردە دەگەڕێتەوە بۆ خەرتوم، دوای ئەو دۆخە سەختەی کە چەند مانگێک لەمەوبەر، بۆ یەکەمجار گەڕاینەوە ماڵەوە ڕووبەڕووی بووینەوە، شەقامەکان پڕ بوون لە کەلوپەلی دزراو، خزمەتگوزارییەکانیش ناجێگیر بوون، ئەو ئامادەیییانی بۆ ئاهەنگی جەژنی ڕەمەزان دووپاتکردەوە، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکان و خۆشی جەژنەکە لە ماڵەکەیانەوە لە خەرتوم بڵاوبووەوە.

 

ئاماژەی بە باشتربوونی دابینکردنی کارەبا و ئاو، کردنەوەی نەخۆشخانە و خوێندنگەکان کرد، بەڵام ئاماژەی بە هەندێک ئاڵەنگاری کرد، لەوانە کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک لە شەقامەکاندا، کە بووەتە هۆی زیادبوونی مێشوولە، هەروەها سەختی دۆزینەوەی گواستنەوە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی گرانبوونی نرخەکان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە، بەڵام هیوادارین دۆخەکە باشتر بێت و هەمووان سەرلەنوێ دەستپێبکەنەوە.

 

گەڕانەوەی خێزانەکان بۆ خەرتوم ئاسان نەبوو، بەڵکو ئەوە خەونێک بوو بەهۆی هەوڵە هاوبەشەکانەوە دوای ئەوەی سوپا شارەکەی کۆنترۆڵکردەوە، کارمەندانی دامەزراوە حکومییەکان دەستیان بە کارەکانیان کردەوە لە پایتەخت، دوابەدوای گەڕانەوەی وەزارەتەکان بۆی دوای ماوەیەک لە گواستنەوەی چالاکییەکانیان بۆ شاری پۆرت سودان لە ویلایەتی دەریای سوور، کە لەوێوە کاروبارەکان وەک پایتەختێکی بەڕێوبەری کاتی بەڕێوەدەبرا.

 

"هەرچەندە خێزانەکان زیاتر بگەڕێنەوە، سەقامگیری زیاتر دەبێت"

ئیبتیسام محەمەد عەلی، ژنێکی ماڵەوە کە دوای ئاوارەبوونی لە دەوڵەتی باکوور گەڕاوەتەوە بۆ خەرتوم، وتی: دۆخی خەرتوم تاڕادەیەکی زۆر سەقامگیر بووە، گەڕانەوە بۆ ماڵەوە یارمەتیدەرە بۆ باشبوونی دەروونی مرۆڤ.

 

داوای لە دانیشتووان کردووە بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی پایتەختەکە و وتی: هەرچەندە خێزانەکان زیاتر بگەڕێنەوە، سەقامگیری زیاتر دەبێت، خۆشحاڵی بێئەندازەی خۆی بە ئاهەنگی ئەمساڵی جەژنی ڕەمەزان لە ماڵەکەی خۆی لەگەڵ خێزانەکەی دەربڕی.

 

سەرەڕای ئەو ئاڵەنگاریانە کە هێشتا لە هەندێک گەڕەکدا هەن، گەواگی ئەوانەی گەڕاونەتەوە پشتڕاستی دەکەنەوە کە گەڕانەوەی دانیشتووان هەنگاوێکی چارەنووسسازە بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەی پایتەخت، هەروەها خەرتوم لە سایەی ئیرادەی گەلەکەی و ئیرادەی ئەوان بۆ دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ توانای سەرهەڵدانەوەی هەیە.