٥٢٩ کەسایەتی داوای ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران دەکەن

٥٢٩ کەسایەتی سیاسیی و داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا دژ بە سزای لەسێدارەدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە ڕاگەیەندراوێک داوای ڕاگرتنی سزای لە سێدارەدانیان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

کەسایەتی سیاسیی و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەن، هاوکات داوای دادگایی کردنی ئەو بەرپرسانە دەکەن کە بەرپرسن لە تاوانەکانی لە سێدارەدان.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لەوەتەی مەسعوود پزیشکیان وەک سەرۆکی ئێران دەستبەكاربووە زیاتر لە هەزار و ٨٠٠ کەس لەسێدارەدراون، لە هەر سێ کاتژمیرێک کەسێک لەسێدارە دەدرێت، هەروەها لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٣٧ ژن لەسێدارە دراون.

لە ئێستادا زیاتر لە ٥٠ زیندانیی سیاسیی کە سێ ژنی تێدایە”وریشە مواردی، پەخشان عەزیزی، شەریفە محەمەدی” کە بە سزای لەسێدارەدان سزادراون، پاشان لێبووردنی گشتیی درێژخایەنی، ئێران ڕێگەی بۆ لەسێدارەدان خۆش کردووە.

 

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا داوای ڕاگرتنی سزای لە سێدارەدان کراوە و هاتووە، "ئێران دەیەوێت مێژوویی ساڵی ١٩٨٨ دووبارە بکاتەوە کە کۆتایی بە ژیانی ٣٠ هەزار زیندانیی سیاسیی هێنا. ئێمە داوا دەکەین دەستبەجێی سزای لەسێدارەدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕابگیرێت بەتایبەتی سزای لەسێدارەدانی زیندانیانیی سیاسی. دەبێت ئەو بەرپرسانە دادگایی بکرێن و سزا بدرێن کە تاوانبارن بە ئەنجامدانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە بۆ ڕێگریکردن هەنگاوی بەپەلە بگرنەبەر.

 

ناوی واژۆکەرانی ڕاگەیەندراوەکە لە ٥٢٩ کەس پێکهاتووە و دیارترینیان بریتین پیتەر ئاڵتمایر، بەرپرسی پێشووی نووسینگەی ڕاوێژکاری ئەنگێلا مێرکڵ، ئۆلا ئێلڤستوئێن ئەندامی پەرلەمانی نەرویج لە حزبی لیبرال، دەیڤد جۆنز ئەندامی پێشووی پەرلەمانی بەریتانیا، ئانا فۆتیگا وەزیری پێشووی دەرەوەی پۆڵەندا، ستانیسلاڤ پاڤلۆڤشی دادوەری پێشووی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، لۆرد کلارک سەرۆکی پێشووی پارتی کرێکارانی بەریتانیا، پاتریک هێتزل ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی فەڕەنسا.