سۆزدار بە کامێرای خۆی ئازار و سەرکەوتنی دانیشتووان بەڵگە دەکات
سۆزدار ڕزگار ڕاگەیاندنکار بەرخۆدانی گەڕەکی شێخ مەقسودی، سات بە سات، لە ساڵی ٢٠١٤ تا ئەمڕۆ بە کامێراکەی بەڵگە کردووە.

شیرین محەمەد
حەلەب – کاتێک شەڕ لە سووریا دەستی پێکرد، گەڕەکی شێخ مەقسود لە حەلەب قورسایی وێرانکاری و ئازارەکانی لە ئەستۆ گرت، لە لایەک هێرشی چەتەکانی تورکیای داگیرکەر ڕوویدا و لە لایەکی دیکەشەوە گەمارۆدانی ڕژێمی پێشوو.
لە ساڵی ٢٠١٣دا بەساڵاچووان، ژنان، نەخۆشەکان و منداڵان بەهۆی تۆپبارانە قورسەکانی چەتەکانی تورکیای داگیرکەر، لە گەڕەکەکە هەڵهاتن، بەڵام سۆزدار ڕزگار بڕیاریدا لەگەڵ خێزانەکەیدا بمێنێتەوە، هەروەها لەگەڵ ژمارەیەک خێزانی دیکە، یەکێک بوو لە خەباتکارانی بەرخۆدان، گەیاندنی ڕاستییەکان و دەنگ و ئازارەکانی دانیشتووان.
"سەرەڕای سەختییەکان، خۆمان فێربووین"
سۆزدار ڕزگار، ڕۆژنامەنووس ئاماژەی بەوەکرد، ڕۆژنامەگەری ڕاستەقینە پێویستی بە گەڕان بەدوای زانیاری و وردبینی هەیە لە هەڵبژاردنی، وتی: لەو کاتەدا ئێمە شایەتحاڵی ئەو شتانە بووین کە ڕوودەدا، نووسیمان لەسەر ڕووداوەکان و ناردمان بۆ ئاژانسی هاوار نیوز، دەرفەتمان نەبوو خولی پەروەردەی ڕاگەیاندنی وەربگرین، بۆیە خۆمان هەموو شتێک فێربووین.
لە کارەکانیدا، وەک ڕۆژنامەنووس و پەیامنێر ڕووماڵکردنی هەموو ئەو ڕووداوانەی کە لە گەڕەکی شێخ مەقسود ڕوودەدەن، ڕووبەڕووی چەندین سەختی بووەتەوە، ئەم سەختییانە هاوبەشی ڕۆژنامەنووسانی دیکەی ناوچەکەن، وتی: ئێمە ژوورێک و دوو کامێرا و یەک کۆمپیوتەرمان هەیە، ئەمانە ئامێری بەسەرچوون، لەو کاتەشدا ئینتەرنێت و ناوەندی جێگیر نەبووە بۆ کارکردن لێیەوە، هەندێکجاریش لە ماڵی هاوڵاتیاندا هەواڵەکان دەنووسین بۆ ئەوەی خۆمان لە تۆپباران و پێکدادان بپارێزین، یان دەچینە خوارەوە بۆ ژێرزەمینەکانی باڵەخانەکان، بۆ ئەوەی هەواڵەکان ڕاپۆرت بکەین، هەندێک جار من و هاوکارەکانم دابەش دەبووین بۆ چەند گروپێک، گروپێک لە ۆناوەندەکەدا دەمێننەوە، گروپەکەی تریش دەچنە نەخۆشخانەکان بۆ ژماردنی ژمارەی بریندار و شەهیدەکان.
یەکەم وێنە و ڤیدیۆ کە سۆزدار ڕزگار گرتبووی، فڕۆکەیەکی پێشووی ڕژێم بوو کە ناوچەی نیشتەجێبوونی گەنجان لە شاری حەلەب بۆردوومان دەکات، ئەو حەزی لە گەیاندنی ئازارەکە نەبوو، بەڵام ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتیان لە ڕاستییەکان و ئەوەی ڕوودەدات ئەرکێک بوو کە پابەند بوو پێیەوە، وتی: ئێمە هەواڵمان لەسەر شەڕ و بۆردوومان و ڕفاندن و کوشتنەکان نووسی، کە لە نێوان شەڕ و نووسینی هەواڵ و بەڵگەنامەکردنی ڕووداوەکان و ژماردنی بریندار و شەهیدان زۆر قورس بوو.
لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٥ هێرشە ئاسمانییەکان توندتر بوون، تۆپبارانی گەڕەکی شێخ مەقسوودیش چڕتر بووەوە، تا مانگی حوزەیرانی ٢٠١٦ بەردەوام بوو، وتی: لەم مانگە دوور و درێژەدا زۆر شتم فێربوو و شارەزا بووم لە کاری ڕاگەیاندنی، توانیم بە شێوەیەکی پیشەیی هەواڵ و ڕاپۆرتی دوور و درێژ ئامادە بکەم و لە چەندین چاوپێکەوتن لە کەناڵە عەرەبی و کوردییەکاندا بەشداریم کرد، تەنانەت بە شێوەزاری سۆرانی قسەم دەکرد بۆ گەیاندنی دەنگ و ئازارەکانی هاوڵاتیانی شێخ مەقسوود، گەیشتمە ئەو ئەنجامەی کە لە کاتی جەنگدا فێر نەبیت، لە کاتی ئاشتیدا ناتوانیت پەرە بە کارەکەت بدەیت.
بەشداریکردن لە ڕووماڵکردنی ڕاگەیاندنی
لە ڕۆژی جیهانی ژنان، ٨ی ئاداری ٢٠١٦، گەڕەکی شێخ مەقسود کەوتە بەر هێرشی چەکی کیمیایی و دەیان کەس کوژران و ژنانی بێتاوان و هاوڵاتیانی مەدەنیش بریندار بوون، سۆزدار ڕزگار هەمووی بینی و وردەکارییەکانی لە یادەوەری خۆیدا گرت، وتی: من تەرم و ئەندامەکانی جەستەی قوربانییەکانم بینی و بە کامێراکەم بەڵگەم کرد، لەبەر ئەوەی کەسی دیکە لە شوێنی ڕووداوەکە نەبووە، زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کەناڵە تەلەفزیۆنییە بیانییەکان پەیوەندییان پێوەکردم بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و هەواڵ.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لە ژێر تۆپباران و پێکداداندا بووین، بەڵام هەڤاڵەکانم پەنایان بردە بەر ئەنجامدانی دانیشتنی هەڵپەڕکێ و گۆرانی عەفرین بۆ بەرزکردنەوەی ورە و بەرەنگاربوونەوە.
بەرخۆدانی دانیشتووانی شێخ مەقسوود بە "شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ" ناسرابوو، هەموو دانیشتوویەک دەیزانی چی دەکەن و بەرپرسیارێتییان چییە، ئەرکی سۆزدار ڕزگار بریتی بوو لە بەڵگەنامەکردن و ڕاپۆرتکردنی هەموو ئەو ڕاستیانەی کە ڕوودەدەن و کاریگەرییان لەسەر دانیشتووان هەبووە، نموونەی ئەمەش هاوکاری ژنانی کۆنگرەی ستار بوو بۆ خۆڕاگری و بەرگریکردن لە گەڕەک و بەدەستهێنانی سەرکەوتن.
ئەو ڕۆژنامەنووسە جگە لە کارەکانی لە شێخ مەقسوود، بەشداری چەندین هەڵمەتی کردووە، لەوانە هەڵمەتی تەل شاعیر و هەڵمەتی ڕەققە دوای ڕزگارکردنی لە دەستی داعش لە ساڵی ٢٠١٧، بە بەڵگەی ڕادەی ئەو وێرانکارییەی بەسەر شارەکەدا هاتووە، هەروەها بەشداری لە بەرخۆدانی شکۆمەندیدا کردووە لە کاتی هێرشەکانی تورکیای داگیرکەر بۆ سەر شارەکانی سەرێکانی و گرێ سپی.
بە هاوێنەی خۆی، ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی دانیشتوانی گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی لە کاردانەوە بە داخستنی ڕێگاوبانەکانی حکومەتی کاتی و ئەو گەمارۆ خنکێنەرەی بەسەر ئەو دوو گەڕەکەدا سەپێنراوە، بەڵگەدار کردووە.
سۆزدار ڕزگار چیرۆکی خۆی لەگەڵ کامێرا و ڕاگەیاندنەکان کورت دەکاتەوە، وتی: بەهۆی ئەو ئەزمونانەی پێیدا تێپەڕین گەیشتوینەتە ئەم قۆناغە گەورەیە، وەک ڕۆژنامەنووس و نووسەرێک، لە هەموو ساتێکی شەڕ و بەرخۆداندا، دەنگی ڕاستی و دەنگی گەل بووین و دەمێنینەوە، هەروەها دەنگی ژنان و ئازارەکانیان گەورەتر دەکەین و پشتیوانیان دەکەین، هەروەک چۆن بەرخۆدانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە ڕابردوودا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەمڕۆ سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، بەهۆی گەلەکەیەوە.