تەعز میوانداری پێشانگای کاری دەستی ژنانی بازرگان و کارگە بچووکەکان دەکات

لە شاری تەعز لە باشووری ڕۆژئاوای یەمەن، پێشانگای پیشە دەستییەکان و کارگە بچووکەکانی ژنانی بازرگان دەستی پێکرد، پێشانگاکە لەلایەن بەشی کارگە بچووکەکانی فەرمانگەی پیشەسازی و بازرگانییەوە ڕێکخرا،

ڕانیا عەبدوڵا

 

یەمەن- بەشی کارگە بچووکەکان لە فەرمانگەی پیشەسازی و بازرگانی لە شاری تەعز لە باشووری ڕۆژئاوای یەمەن، لە پێشانگایەکدا بۆ ژنانی بازرگان کە کاری دەستی و پڕۆژەی بچووکی تێدا نمایشکرا، بەردەوام بوو لە چالاکییەکانی، پێشانگاکە کە بەرەبەیانی ڕۆژی ١٨ی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد، تا ٢٢ی مانگ بەردەوام دەبێت.

ئامانجی پێشانگاکە نمایشکردنی داهێنەری ژنان و پڕۆژەکانیان لە ماڵەوە و ئەو کارە دەستییە جیاوازانەی کە دروستی دەکەن، هەروەها نوێنەرایەتی دەرفەتێکی بەنرخ دەکات بۆ تۆڕکردن لە نێوان ژنانی بازرگان و گەڕان بەدوای بوارە نوێیەکانی هاوکاری، هاوبەشی، و هاوکاری نێوان ژنانی بازرگان و کەرتە جیاوازەکانی شارەکە.

 

داهێنانی گونجاو

ئیشراق حەکیمی خاوەنی پڕۆژەی دورینی بەگەشتی گوڵ و یەکەم پڕۆژەی دروستکردنی بووکەڵەی گەورە و یاری منداڵان، وتی: ئێمەی ژنان بەهۆی ئەو بارودۆخە سەختەی کە ئێمە و خێزانەکانمان پێیدا تێپەڕین، چووینە ناو بازاڕی کار، هەستمانکرد ئەرکی سەرشانی خۆمانە بچینە دەرەوە بۆ کارکردن و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانمان، هەروەها ژیانێکی شایستە بژین.

 

سەبارەت بە پڕۆژەکەی کە بۆ ئەوەی لەگەڵ خێزانە یەمەنییەکان بگونجێت و دڵخۆشی بۆ منداڵان دروستی کردووە، وتی: بیرم لەم پڕۆژەیە کردەوە، چونکە پێش هەموو شتێک تازە بوو، هەروەها لەبەر ئەوەی لە چوارچێوەی توانای کڕینی خێزانە یەمەنەکاندا بوو، یاری و بووکە شووشە هاوردەکراوەکان گرانن و منداڵان توانای کڕینییان نییە، هەر بۆیە لە ڕێگەی پڕۆژەکەمەوە هەوڵمدا بە نرخێکی گونجاو دابینیان بکەم.

 

ئالەنگاریانەی و سەختییەکان

ئیبتیسام باروتی، خاوەنی کۆمپانیای تەیف باروتی فۆتۆگرافی، وتی: ئەو هەلومەرجە سەختەی یەمەن تووشی دەبێت، لەوانە شەڕ و ڕووداوە یەک لە دوای یەکەکان، لەگەڵ پچڕانی موچە و نەبوونی هەلی کار بۆ زیاتر لە دە ساڵ، پاڵیان بە ژنانەوە ناوە کە بەرپرسیارێتی پشتیوانیکردنی خێزانەکانیان لە شان بگرن، هەر لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئالەنگاریانە، ئێمەی ژنان بڕیارماندا هەستین و دەستپێشخەری بکەین، هەروەها پڕۆژەکانمان لە سفرەوە دامەزراند، بە ئیرادەوە بۆ بەدەستهێنانی بەرزترین ئاستی سەرکەوتن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە حەوت ساڵە لە بواری کاردا هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ تێپەڕاندنی ئالەنگاریەکان، بەڵام دۆخی ناسەقامگیری ئابوری زەحمەتی بەرچاو دەسەپێنێت، دیارترینیان دابەزینی ناڕێژەی بەهای دراو بۆ نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، کە ئەمەش ڕێگری لە ڕەوتی کار دەکات و بارگرانییەکان زیاد دەکات، وتی: داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئەندامە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە سەرنجیان لەسەر بەهێزکردنی ڕاستەقینەی ژنان و گەنجان بەتایبەتی ژنان بێت، پێویستە بەردەوام بن لەوەی دەستیان پێکردووە و ڕووبەڕووی هەر ئالەنگاریەک ببنەوە تا دەگەنە ئامانجەکانیان.

 

دەرفەتی بەبازاڕکردن

شەیما عەریقی لە دوای دەستپێکردنی پڕۆژەکەیەوە بۆ یەکەمجار بەشداری پێشانگایەکی کرد و بە دەرفەتێکی بەنرخی زانی بۆ پەرەپێدانی کارە دەستییەکانی، کە بە هاوکاری کچەکەی دروستی دەکات، وتی: ئەمە بەشدارییە یەکەمە، نوێنەرایەتی وێنەیەکی گەشاوەی ژنانی یەمەن دەکات، ئێمە ڕووبەڕووی کێشەی بەرچاو بووینەوە بۆ چوونە ناو بازاڕی کار، بەتایبەتی دوای لەدەستدانی کارەکانمان و نەبوونی بژێوی ژیان بەهۆی شەڕی دە ساڵەی یەمەن، بەداخەوە ئالەنگاری زۆر لەبەردەم ئێمەی ژناندا هەیە، وەک دۆخی ئاسایشی و ناسەقامگیری ئابووری و دابەزینی بەهای دراو، زیاتر لە حەوت ساڵە خەریکی پڕۆژەکەمم، لەگەڵ ئەوەشدا نەمتوانیوە دوکانێکی تایبەت بە خۆم بکەمەوە، هێشتا لە ماڵەوە کار دەکەم، بەڵام هەوڵدەدەم بەردەوام بم تاوەکو خەونەکەم بەدەستدەهێنم.

 

ولادە سەباری، بەڕێوەبەری بەشی کارگە بچووکەکان و پڕۆژەکان لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی ڕوونیکردەوە، ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم پێشانگایە نمایشکردنی ئەو پڕۆژانەیە کە ژنان بەکاریدەهێنن بۆ بژێوی خێزانەکانیان، هەماهەنگی بۆ ئەنجامدانی ئەم پێشانگایە کرا بە سەردانیکردنی پڕۆژەکانی ژنان لە ماڵەوە، کە دەرفەتێکی بۆیان ڕەخساند لە بەبازاڕکردنیان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشانگاکە فرەچەشنی و دەوڵەمەندی پڕۆژەکانی ژنانی ئاشکراکردووە، بەرهەمە ناوخۆییەکانی نمایشکردووە کە کێبڕکێ لەگەڵ هاوتا هاوردەکراوەکانیان دەکەن، ئەم بەرهەمانە داهێنان و پڕۆژەی نوێیان لەخۆگرتبوو کە گرنگییان بە میراس و ژینگە و پیشەسازییەکانی بۆن و ئەنتیک بوو، هەروەها گرنگترین پێویستی ژنانی بازرگان خولی پەروەردەی پیشەیی و بڕوانامەیە، کە بەڕێوەبەرایەتییەکە هەوڵدەدات ئەمە لە چوارچێوەی تواناکانی حکومەتدا دابین بکات، بەڵام پێویستی بە هاوبەشی و لایەنگر هەیە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی ئەم پاڵپشتییە و پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە پڕۆژەکانیاندا.