ژیانی زیندانیانی سیاسی بە تەمەن لە زیندانی قەرچەک لە مەترسیدایە

زیندانییەکی سیاسیی ژن بەناوی ڕاحیلە ڕەحیمی پوور تەمەن ٧٤ ساڵ نزیکەی سێ ساڵە لە زینداندایە و لە چاودێری پزیشکی تایبەت بێبەش بووە و بارودۆخی تەندروستی ناجێگیرە.

ناوەندی هەواڵ

 

ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوەکانی کورد و ئێران سەبارەت بە بارودۆخی ژنێکی زیندانیی سیاسیی لە زیندانی قەرچەک ڕایگەیاند، زیندانییەکی سیاسیی ژن بەناوی ڕاحیلە ڕەحیمی پوور تەمەن ٧٤ ساڵ نزیکەی سێ ساڵە لە زینداندایە و لە چاودێری پزیشکی تایبەت بێبەش بووە و بارودۆخی تەندروستی ناجێگیرە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە کاتی هێرشێکی مووشەکیدا بۆ سەر زیندانی ئەوین بریندار بووە و تووشی سەرئێشەی بەردەوام و ئازاری سنگ بووە، هەروەها یەکێکە لەو زیندانییە سیاسیانەی، کە لە زیندانی ئەوین بۆ زیندانی قەرچەک گوازراوەتەوە.

 

باس لەوەشکراوە، سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی خێزانەکەی بۆ ئەوەی سوودمەند بێت لە ئازادکردنی مەرجدار، بەرپرسانی زیندان ئەم داوایەیان بە ڕەزامەندی داواکاری گشتی مەرجدار کردووە و تا ئێستا هیچ ڕێوشوێنێک بۆ ئازادکردنی ئەو ژنە زیندانییە نەگیراوەتەبەر.

 

هەروەها، لە ١٢ـی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، ڕاحیلە ڕەحیمی پوور چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە شاری تاران پایتەختی ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کرا و ڕەوانەی زیندانی ئەوین کرا، بەڵام دواتر بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.

 

جێگای ئاماژەیە، لە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ لە لایەن لقی ١٥ـی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی “پیلانگێڕی و پڕوپاگەندە لە دژی دەوڵەت” سزای شەش ساڵ زیندانییکردنی بەسەردا سەپێندرا، دواجار لە لایەن لقی ٢١ ـی دادگای تێهەڵچوونەوەی تاران سزاکەی بۆ چوار ساڵ و دوو مانگ زیندانی کەمکرایەوە، لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٤ دەستگیر کرایەوە و ڕەوانەی زیندانی ئەوین کرا.