ژیانی ٨٠ ژنی دەستبەسەرکراوی خۆپیشاندانەکان لە مەترسیدایە
نزیکەی ٨٠ ژنی دەستبەسەرکراو لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەیی گەلانی ئێران لە گرتووخانەی قەرچەک ڕاگیراون و تەندرووستییان کەوتووەتە مەترسییەوە، هەروەها تا مانگی ئایاری ئەمساڵ ڕێوشوێنی دادوەریی بۆ کەیسەکانیان دوادەخرێت.
ناوەندی هەوال
ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوانی کورد و ئێران دەربارەی بارودۆخی زیندانیانیی ژن لە گرتووخانەی قەرچەک ڕایگەیاند، لە ئێستادا نزیکەی ٨٠ ژنی دەستبەسەرکراو لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەیی گەلانی ئێران لە گرتووخانەی قەرچەک ڕاگیراون، هەروەها لە هۆڵێکدا نیشتەجێکراون کە لە پێنج ژوور پێکهاتووە و نەبوونی خزمەتگووزاریی سەرەتایی فشارێکی زۆری خستووەتە سەر زیندانییەکان و بارودۆخی ژیانیان سەختتر کردووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، قەرەباڵغی زیندانییەکان لە گرتووخانەکەدا ئەوەندە زۆرە کە دەیان کەس بەهۆی کەمی قەرەوێڵەوە ناچار دەبن لەسەر زەوی بخەون، ئەمەش تەندرووستی زیندانییەکانی خستووەتە مەترسییەوە.
باس لەوەش کراوە، ئەو ژنانە ماوەیەکی زۆرە لە بینینی خێزانەکانیان و پەیوەندیکردن بێبەشکراون، هەڵوەشاندنەوەی سەردانی کەسیی لەگەڵ خێزانەکان نیگەرانی نوێی درووستکردووە، هەروەها بە ژنە دەستبەسەرکراوەکان وتراوە ئەگەری هەیە تا مانگی ئایاری ئەمساڵ ڕێوشوێنی دادوەریی بۆ کەیسەکانیان دوابخرێت.