ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: لە غەززە ژنان بە ئامانج دەگیرێن
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، شەڕی ئیسرائیل لە غەززە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژنان و منداڵانی کچ هەیە، هەروەها سیستەمی تەندروستی فەلەستین بەرەو داڕمان دەڕوات.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دوای ٢٩ مانگ لە شەڕ بڵاویکردۆتەوە، ژنانی فەلەستینی لە غەززە ڕووبەڕووی "زیانێکی جددی" بوونەتەوە، کۆچبەربوونی زۆرەملێ، کەمیی خۆراک و ڕێگرییەکانی ئیسرائیل لە هاوکارییە مرۆییەکان دۆخەکە خراپتر دەکات.
ئاگنێس کالامارد، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، مافەکانی ژنان "بە شێوەیەکی سیستەماتیکی پێشێل دەکرێن" و ڕەخنەی توندی لەوە گرت، ڕوودەدات. کالامارد ئاماژەی بەوەشدا، ژنان و کچان "بە ئەنقەست" دەکرێنە ئامانج. ڕێکخراوەکە پێشهاتەکانی غەززەی بە "درێژکراوەی قڕکردن" هەڵسەنگاند.
سیستەمی تەندروستی لە داڕمانە
ڕاپۆرتەکە لەسەر بنەمای چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو ژنانەی کە لە مانگی شوباتدا لە ماڵەکانیان کۆچبەربوون و لەگەڵ ٢٦ کارمەندی تەندرووستی ئەنجام دراوە.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئێستا دامەزراوە تەندرووستییەکان لە غەززە بە ڕێژەی ٦٠٪ لە خزمەتگوزاری دەرچوون.
ژنانی دووگیان و دایکان لە دۆخێکی سەختدان
بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، مەزەندە دەکرێت تا ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، ٣٧ هەزار ژنی دووگیان و دایک تووشی کێشەی تەندرووستی دەبن.
بەپێی قسەکەرانی ڕاپۆرتەکە، زۆرێک لە ژنان لەناو چادرە قەرەباڵغەکان و لە بارودۆخێکی سارد و پیسدا بە پڕۆسەی دووگیانی و منداڵبووندا تێپەڕیون.
ژنانی نەخۆشی درێژخایەن مەترسییەکی گەورەیان لەسەرە. بەپێی خەمڵاندنەکان زیاتر لە ١٨ هەزار نەخۆش لە غەززە پێویستیان بە پشکنینی بەپەلەی پزیشکی هەیە.
سەرەڕای ئاگربەستەکە کوشتن زیاد دەکات
سەرەڕای ئاگربەست لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەردەوامن. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە، لەو بەروارەوە تا کۆتایی مانگی شوباتی ٢٠٢٦، ٦٣٠ کەسی دیکە کوژراون؛ لەو ژمارەیە ٢٠٢ منداڵ و ٨٩ کەسیان ژنن.
بەم شێوەیە ژمارەی ئەو کەسانەی لە غەززە کوژراون لە ٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ـەوە ٧٢ هەزار کەسی تێپەڕاندووە.