ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک خنکانی ٥ پەنابەر و بێسەروشوێنبوونی ٢٧ی دیکەی لێکەوتەوە

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی- کوردستان هەواڵی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی لە دەریای نێوان فەرەنسا-بەریتانیا ڕاگەیاند، کە ٥ پەنابەر خنکاون و ٢٧ی دیکە بێ سەروشوێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

ناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی- کوردستان ڕایگەیاند لە ئاکامی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی پەنابەران لە دەریایی نێوان فەڕەنسا و بەڕیتانیا لە نزیك شاری کالیە'ی فەرەنسا لە دوێنێ ٢٤ی مانگدا چەندین پەنابەر بوونەتە قوربانی، دەستەیەکی بەلەمەوانی هیزی دەریایی فەڕەنسا چەند پەنابەرێکیان لەنێو دەریادا بینیوە هەوڵی خۆڕزگارکردن و مانەوەیان لە ژیان دەدا، هیزەکانیش ڕاستەوخۆ چوون بە هانایانەوە و ڕزگاریان کردوون کە چەند کەسێکیان لە هۆش خۆیان چوبوون،  تەرمی ٥ پەنابەر دۆزراوەتەوە و نزیکی ٢٧ پەنابەریش نادیارە.

 

دوای ڕووداوەکە وەزیری ناوخۆ دەچێتە شوێنی ڕووداوەکە و هێزەکانی دەریایی فەرەنساش بەسێ کەشتی و دوو هەلیکۆپتەر دەستیان کردووە بە پشکنین و گەڕان بەدوای پەنابەرە بێ سەروشوێنەکاندا تا ئێستا.

 

فیدراسیۆن ئەوەشی ڕاگەیاندووە لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ٢٤ هەزار و ٧٠٠ پەنابەر لە فەرەنساوە گەیشتوونەتە بەڕیتانیا، کە سێ هێندەی کۆچکردنی ساڵی ٢٠٢٠ بۆ بەریتانیا زیادی کردووە.

 

لەلایەکی تریشەوە تەنها بۆ مانگی تەمموز هەردوولا ڕێکەوتوون بۆ ڕێگریکردن لە پەڕینەوەی پەنابەران لە فەڕەنساوە بۆ بەریتانیا بە بەلەمی بچووك لە بەرامبەریشدا بەڕیتانیا بەڵێنی بڕی ٦٢.٧ ملیۆن یۆرۆی وەك هاوکاری بە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا داوە.

 

ت.پ