جەزائیر... مەکۆیەکی گفتوگۆ میکانیزمەکانی پاراستنی ژنانی کۆچبەر لە مەترسییەکانی توندوتیژی و چەوساندنەوە دەکۆڵێتەوە

کۆڕێکی گفتوگۆ کە لەلایەن تۆڕی وەسیلا (Réseau Wassila /AVIFE) لە جەزائیر ڕێکخرابوو، تیشکی خستە سەر ڕەهەندە یاسایی و مرۆییەکانی کۆچبەران و ئەو ئاڵەنگاریانەی کە پەیوەندییان بە پاراستنی مافەکانی کۆچبەرانەوە هەیە.

نەجوا ڕاهم

 

جەزائیر- لەیلا بوسەعید، مامۆستای یاسای نێودەوڵەتی لە زانکۆی جەزائیر ١، داوای دابینکردنی پەناگە و بژێوی پارێزراو بۆ پاراستنی ژنانی کۆچبەر لە توندوتیژی و چەوساندنەوە، جەختی لەوە کردەوە، کە بەرپرسیارێتی پاراستن نابێت تەنها بۆ ئەو وڵاتانە سنووردار بێت کە کۆچبەران وەردەگرن.

 

تۆڕی وەسیلا (Réseau Wassila /AVIFE) ١٤ی تشرینی دووەم لە جەزائیر میوانداری گفتوگۆیەکی کرد لەسەر بابەتی "کۆچکردن و مافەکانی کۆچبەران"، لەیلا بوسەعید، مامۆستا لە کۆلێژی یاسا لە زانکۆی جەزائیر١1 و پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ، بەشداریی لە گفتوگۆکەدا کرد، کە تیایدا باس لە ڕەهەند و هۆکار و قۆناغەکانی کۆچکردن و هەروەها پرسە یاسایی و مرۆییەکانی پەیوەست بە پاراستنی کۆچبەران و دەستەبەرکردنی مافەکانیان کرا.

 

لە کۆبوونەوەکەدا دەرفەتێکی ڕەخساند بۆ تاوتوێکردنی دۆخی یاسایی کۆچبەران لەناو کۆمەڵگە میواندارەکان و ئەو مافانەی کە لەلایەن ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆیان مسۆگەری کراوە، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ئاستەنگانەی کە کۆچکردن دەیخاتە ڕوو، بەتایبەتی بۆ گروپە بەتایبەتی ژنان.

 

ژنانی کۆچبەر ڕووبەڕووی دوو هێندە لاوازی و مەترسی توندوتیژی دەبنەوە

لە دیارترین ئەو پرسانەی کە باسیان لێوەکرا، دۆخی ژنانی کۆچبەر بوو، کە زۆرجار خۆیان لەبەردەم بارودۆخی سەختی ژیان و کۆمەڵایەتیدا دەبیننەوە، کە ئاستەنگەکانی کۆچکردن لەگەڵ شێوازەکانی لاوازیدا یەکدەگرنەوە کە ژنان بەگشتی ڕەنگە ڕووبەڕووی ببنەوە، وەک توندوتیژی و جیاکاری و ناسەقامگیری ئابووری و کۆمەڵایەتی.

لەم چوارچێوەیەدا، لەیلا بۆسەعید لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسەکەمان ڕوونیکردەوە، کە ژنانی کۆچبەر زۆرجار زیاتر تووشی لاوازی دەبن، بەتایبەتی کاتێک خۆیان لە دۆخێکی دابڕاودا دەبیننەوە کە تۆڕی پشتیوانیی پێویستیان نییە، سەختی دەستڕاگەیشتن بە کار و سەرچاوەی داهات و پاراستنی کۆمەڵایەتی دەتوانێت بارودۆخەکانیان زیاتر ئاڵۆزتر بکات و زیاتر ئامادەبن بۆ چەوساندنەوە و توندوتیژی.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم کێشانە تەنها بە هاتنی ژنانی کۆچبەر بۆ جەزائیر سنووردار نین، بەڵکو نوێنەرایەتی ڕاستیەک دەکەن بۆ زۆرێک لە ژنان لە سەرانسەری جیهاندا، ئەو ئاڵەنگاریانەی کە ڕووبەڕوویان دەبنەوە سەرەڕای جیاوازی لە وڵاتان و چوارچێوەکاندا هاوشێوەن، بەتایبەتی کاتێک کۆچکردن لەگەڵ هەژاری و پەراوێزخستن و نەبوونی پاراستن تێکەڵ دەکرێت.

 

لەیلا بوسەعید جەختی لە گرنگی دۆزینەوەی میکانیزمی کردەیی بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی ژنانی کۆچبەر کردەوە لەڕێگەی دابینکردنی شوێنی پارێزراو و شوێنی مانەوە کە بتوانن پەنایان بۆ ببەن کاتێک ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، هەروەها یارمەتیدانیان بۆ دەستڕاگەیشتن بە بژێوی ژیان و هەلی کار بەبێ ئەوەی ژیانیان بخاتە مەترسییەوە.

 

هەروەها داوای کرد، کە بەرپرسیارێتی پاراستن سنووردار نەکرێت بۆ ئەو وڵاتانەی کە کۆچبەران بەتەنها وەردەگرن، بەڵکو فراوانکردنی بازنەی دەستێوەردانەکان بۆ ئەوەی پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بگرێتەوە، لەوانە کۆمەڵە و ڕێکخراوە ناحکومییەکان، کە دەتوانن بەشداری بکەن لە پێشکەشکردنی پشتیوانی و ڕێنمایی و بەهێزکردنی میکانیزمەکان بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی و چەوساندنەوە.

 

ئەم ڕێبازە تیشک دەخاتە سەر گرنگی هەماهەنگی نێوان دامەزراوەکان و ئەکتەرەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە مەبەستی وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی ژنانی کۆچبەر، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی تایبەتی ئەو ژنانە، بەتایبەتی ئەوانەی بەبێ پشتیوانی خێزان دەژین یان منداڵیان لەگەڵدایە، کە ڕووبەڕووی کێشەی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دەبنەوە.