ژنێکی گەنجی سەقز مەدالیای زێڕینی جیهانیی داهێنانی بەدەستهێنا
ژنێکی گەنجی داهێنەر، کە خەڵکی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، مەدالیای زێڕینی شەشەمین پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی داهێنان و نوێگەری "IFIA INV" لە وڵاتی سویسرا، لە درووستکردنی «دیوارێکی ژیر» بەدەستهێنا.
ناوەندی هەواڵ
ماڵپەڕی ژنانی بێداری سەقز سەبارەت بە بەدەستهێنانی مەدالیای زێڕینی جیهانیی داهێنان، لە لایەن ژنێکی خەڵکی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، نگین حوسێنی داهێنەری خەڵکی شاری سەقز، لە شەمین پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی داهێنان و نوێگەری (IFIA INV) لە وڵاتی سویسرا بۆ داهێنانی “دیوارێکی ژیر” مەدالیای زێڕی بەدەستهێنا.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم پێشبڕکێ نێودەوڵەتییە لە مانگی تەممووزی ٢٠٢٦دا، بە شێوەی ئۆنلاین لە بنکەی سەرەکیی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ئەنجوومەنی داهێنەران لە شاری جنێڤ بەڕێوەچوو، کە داهێنانەکەی نگین حوسێنی، بریتییە لە دیوارێکی دوولایەنەی ڕێکخەری پلەی گەرمی کە بە بەکارهێنانی ماددەی نانۆ و گۆڕینی فاز (PCM) کار دەکات، ئەم سیستەمە نوێیە بەبێ ئەوەی پێویستی بە کارەبا یان هەستەوەر هەبێت، ڕاستەوخۆ پلەی گەرمیی ناوەوەی باڵەخانەکان ڕێک دەخات و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گۆڕانکارییەکانی پلەی گەرمیی ناوەوە بە ڕێژەی ٦٠٪.
باسی لەوەشکردووە، ئەم تەکنەلۆژیایە کە دۆستی ژینگەیە، وەک پانێڵی پێشوەختە درووست دەکرێت و لە هەموو باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون و پیشەسازیدا بەکاردێت، بەکارهێنانی وزە لە سیستەمەکانی ساردکەرەوە و گەرمکەرەوەدا بە ڕێژەی ٢٥٪ بۆ ٣٠٪ کەمدەکاتەوە.
بەدەستهێنانی ئەم نازناوە لە لایەن فیدراسیۆنی IFIAوە، دەستکەوتێکی تەکنەلۆژیی گرنگ و کەمپێنێکی بەهێزە، بۆ گەشەپێدانی زانست و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە لە سەرانسەری کوردستان و جیهاندا.